دوو گوندە پێشەنگەکەى یەکەم راپەڕینەکانى باکووری کوردستان

ئەو چەخماخەیەى لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨دا لە گوندی مەلێ و دواتر لە ساڵی ١٩٨٩دا لە گرێ چۆلێ هەڵگیرسا لە ناوگەلدا وەرچەرخا بۆ بەرخۆدان و راپەڕین. بە دەستپێکردنى ئەو راپەڕینەش سیاسەتى قانوونی و فەرمیی وەرچەرخاند بۆ دروستکردنی حیزب.

ئەو کۆمەڵکوژییانە، کە سەرەتا لە گوندی مەلێ لە ناوچەى شرنەخ و دواتر لە گوندی گرێ چۆلێ لە سلۆپی روویاندا بوونە هۆی ئەوەى لە مێژووی نزیکی کوردستاندا لاپەڕەیەکى نوێ بئافرێنرێت. توڕەیى گەلی بۆتان لە ١٩ی ئەیلول لە سلۆپی گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و دەستیان بە ڕاپەڕین کرد.

دواى تێکۆشانی چەکداریى پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ / ٢٤ی گەلاوێژ جۆگرافیای باکووری کوردستاندا یەکێک لە قورسترین ئەزموونەکان دەستیپێکرد. کەنعان ئەڤرەن سەرۆک کۆماری تورک لەو کاتەدا لەبارەى بزووتنەوەی ئازادییەوە وتبوی 'تەمەنیان تەنها ٧٢ کاتژمێرە'. بەسەر ئەو قسەیەدا سعاتەکان، رۆژەکان، مانگەکان و ساڵەکان تێپەڕین و نە کۆتایى بە گەریلا هات نە بەرخۆدانی گەلیش کۆتاییھات.لە دواى چەند ساڵ دواى ١٩٨٤ رۆحی گەریلا شۆڕبوویەوە ناو کوردستان و رژێمى ئەنقەرە بۆ لەناوبردنى گەریلا ئەوەى لە دەستى هات ئەنجامی دا. بە بڕیارێکى حکومەتەکەى تورگوت ئۆزال لە ئاداری ١٩٨٦ دا سیستمی جەردەوانی و جاشایەتى خرایەکار.  دواى ساڵێک و لە ١٠ی تەممووزی ١٩٨٧ / ١٩ی پووشپەڕ بە واژۆی تورگوت ئۆزالی سەرۆک وەزیران حکومەتی باری نائاسایى لە ناوچەکانى باکووری کوردستان راگەیاندرا. لەو چوارچێوەیەدا پارێزگاکانى چەولک، ئامەد، خارپێت، جۆلەمێرگ، مێردین، سێرت، دێرسیم و وان کران بەو پارێزگایانە، کە یاسای حکومەتى باری نائاساییان بەسەردا سەپێنرا.

رژێمى داگیرکەر لە رێگەى باری نائاسایى و جەردەوانییەوە خواستی گەریلا گەمارۆ بدات و تێکۆشانی ئازادیى کورد، کە نوێ بە نوێ دەکەوتە سەر پێ، لە ناو ببات. بە راگەیاندنی باری نائاسایى هەموو یاسا و حقوقەکانى خۆیان لە کوردستان راگرت و هەموو کاروبارەکان و دەستپێشخەرییەکانی ناوچەکەیان رادەستی یەکە سەربازییەکان و تیمەکانى شەڕی تایبەت کرد. دواى ساڵی ١٩٨٧ دەستکرا بە چۆڵکردنى گوندەکان و سوتاندنیان و دەزگای هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (ژیتەم - JÎTEM) دەستیان بە رفاندن و کوشتنى هاووڵاتییان کرد. پێشێلکردنی مافەکانى مرۆڤ و تاوانەکانى شەڕ لە ژێر ناوی حکومەتى باری نائاسایى دا رۆژانە وەک کارێکى ئاسایى لە دژی هاووڵاتیان و گەلی کورد ئەنجام دەدرا.

بەرخۆدانى گەریلا لە ساڵی ١٩٨٨ لە چیای باگۆک هەموو بەڕێوەبەرایەتیى دەوڵەتى باری نائاسایى لە هەموو ناوچەکانى بۆتان سەروژێرکرد. یەکەکانى سوپای تورک بە بەشداریی ١٠ هەزار سەرباز لە باگۆک دەستیکرد هێرش و لەو شوێنانەیان دا کە گەریلاکانى ئارتەشی رزگاریى گەلی کوردستان (ئارگەکە)ی لێ بوو و وەک کامپی پەروەردەکردن بەکاریان دەهێنا. نزیکەى ٥٠ گەریلای ئارگەکە بە پشتیوانیى فڕۆکەى جەنگی و کۆپتەری جەنگی گەمارۆدران. ئەو گەریلایانە هێشتا تازە خولی پەروەردەیان  کۆتایهاتبوو، بەڵام داستانێکی مێژووییان لە بەرخۆدان و بەرەنگاری لە دژی ئەو هێزە زۆرەى سوپای تورکی داگیرکەر تۆمار کرد و دواتر بە سرود و گۆرانیی "لە باگۆکێ"دا داستانى ئەو بەرەنگارییەوە وترایەوە و بوو بە وێردی گەل و بەوە مۆری خۆیان لە مێژووی کورد دا.

ئەو قۆناغەى لە باگۆکەوە دەستیپێکرد

گەریلا لە شەڕی باگۆک دا ٣ کۆپتەریان خستەخوارەوە و گورزیشیان لە کۆپتەرێکى تر دا یەکێک لە فەرماندەکانى هێزی ئاسمانى و دەیان سەربازی تورک کوژران. لە باگۆک ٢٠ گەریلای ئارگەکە شەهید بوون. ئەو شەڕە بووە ئەڵقەی یەکەمی ئەو شەڕە گەورانە، کە بە سەرتاسەری کوردستاندا بڵاوبوونەوە.

لە کاتی بەرخۆدانى باگۆک دا گەلی بۆتان رۆیشتبوون بۆ هاوکاریکردنى گەریلا. ئەوەش لە مێژووی کوردستاندا شتێکى نوێ بوو. هاووڵاتییانى گوندەکانى دەورووبەری باگۆک گەریلا بریندارەکانیان لە گۆڕەپانی شەڕەکە دوورخستەوە و نەک تەنها هاوکاریى لۆجستی بەڵکو خواردنیشیان گەیاندبووە گەریلاکان. باگۆک زنجیرە شاخێکى بچووکە و لە نسێبین و میدیاتەوە دەستپێدەکات و دەگاتە هەزەخ، پشتیوانیى گەل و گەریلا بووە هۆی ئەوەى دەوڵەتى تورک دەست بە کۆنسێپتی نوێ و پلانى جیاوازتر بکات.

دەست بە کوشتنی هاووڵاتییان کرا

دواى جەردەوانى و راگەیاندنی باری نائاسایى، ئیدی کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییان خرایە سەر مێزی دەوڵەتی تورک. ساڵی ١٩٨٩ بە ساڵی کۆمەڵکوژکردنی هاووڵاتییان و چۆڵکردن و کاولکردنى گوندەکان لە مێژووی کوردستاندا یادی دەکرێتەوە. بە تایبەت تا دەهات سوپای تورک لە بەرامبەر گەریلادا تێکدەشکا، بۆیە هێرشیان دەکردە سەر هاووڵاتییان. کوێخاکانى ئەو کاتی گوندەکانى شرنەخ بۆ ئەوەى رێگری لەوە بکەن کۆبوونەوە و چوونە بەردەم قائیمقام جەمال ئایماز. کۆێخانەکان قسەکانى خۆیان کرد و قائیمقام پێی وتن "هەتاکو تیرۆریست لە چیاکان بن، دەوڵەت هەموو شوێنێک دەسوتێنێت و کاول و بۆردومانی دەکات. خۆ ئەوان لە ئاسمانەوە نایەن. ئێمە دەزانین ئێوە هەموتان چین. ئێوە چیتان دەوێت، دەتانەوێت بۆ کوێ بڕۆن، بڕۆن".

ئەو قسانەی قائیمقام هاوکات نیشانەى ئەنجامدانى کۆمەڵکوژیى نوێ بوو. لە ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٨٩ / ٢ی پووشپەڕ لە گوندی مەلێ-ی شرنەخ تەقە لە تاکسییەک کرا کە بەرەو گوندەکە دەچوو. لە ئەنجامدا ٥ گوندی کوژران. هێزەکانى دەوڵەتى تورک لە دواى ئەو رووداوە هەڵیانکوتایە سەر گوندی مەلێ و بە توندوتیژانە و ئەشکەنجە نزیکەى ٢٠ هاووڵاتیى گوندەکەیان دەستگیرکرد. گوندی مەلێ کە لە بەرامبەر چیای جودیدایە لەلایەن دەوڵەتەوە بە وردی دەناسرا. جەم ئەرسەڤەر دامەزرێنەری دەزگای هەواڵگریى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (ژیتەم - JÎTEM) لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، خۆی بە دەستی خۆی چەندین هاووڵاتیی ئەو گوندەى کوشتووە.

بەسەر ترسدا زاڵ بوون و رێپێوانیان ئەنجامدا

لە رۆژانی یەکەمی تەممووزدا دانیشتوانى گوندی مەلێ کە نزیکەى ٣ هەزار و ٥٠٠ کەس دەبوون، چوونە سەر رێگای شرنەخ – قلابان و ناڕەزایەتییان لە دژی هەڵکوتانە سەر گوندەکەیان دەربڕی. ئیتر ترسی دەوڵەتى داگیرکەری تورک تێکدەشکێنرا. فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندی پاراستنى گەل موراد قەرەیلان لە کتێبەکەیدا بە ناوی "ئاناتۆمیی شەڕێک" بەمشێوەیە باسی رووداوەکەى ئەوێ دەکات، کە چۆن رەوتی مێژووی گۆڕی: "لەو کاتەدا دەوڵەتى تورک لە شارەکاندا زۆر بە توندی هەڵیدەکوتایە سەر گەل و بەرەنگاریان دەبوویەوە تاوەکو خاوەنداری لە گەریلا و لە تەرمی گەریلا نەکەن. ئامانجەکەیان ئەوە بوو، کە مرۆڤەکان چاوترسێن بکەن، چونکە دەوڵەت نەیدەخواست گەریلا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندى بە گەلەوە بکات و بچێتە ناو گەل. ئەوەى بە مردن بۆ خۆی دەزانی، باش لەوە تێگەیشتبوو، کە ئەوە بە مانای تێکشکاندنی دەوڵەتە لە کوردستاندا. لەبەر ئەوەش بە زرێپۆش هێرشی دەکردە سەرگەل، کە گۆڕەپانەکاندا کۆ دەبوونەوە. دەستڕێژییان لەگەل دەکرد و هاووڵاتییانیان دەکوشت. لە ساڵی ١٩٨٩ دا سەرباری هەموو گوشارە زۆر و قورسەکان، لە گوندەکانى بۆتان دا نەیتوانی رێگری لە راپەڕینى گەل بکات. هاووڵاتییانى گوندی مەلێ لە شرنەخ گوشارەکانی دەوڵەتیان بە چالاکیى دانیشتن لەسەر رێگای شرنەخ – قلابان ئیدانە کرد. ئەوە یەکەم بەرخۆدانی مەدەنی بوو کە گەل لە دژی دەوڵەت ئەنجامی دا".

لە گرێ چۆلێ ٦ هاووڵاتی کوژران

ناوچەیەکى تری بەرخۆدان گوندی گرێ چۆلێ-یە لە سلۆپی. ئەو گوندە بناغە و شوێنى حەوانەى چەندین شارستانی بوو و شوێنێکى زۆر گرنگ و دێرینە. لە ١٧ی ئەیلولی ١٩٨٩ / ٢٦ی خەرمانان لە کاتژمێر ٠٢:٠٠ دا لە نزیک گوندەکە شەڕ روویدا. لەو شەڕەدا ژمارەیەکى زۆر سەرباز کوژران و ٣ گەریلای ئارگەکە شەهید بوون. سەربازانى تورک لە دواى شەڕەکە هەڵیانکوتایە سەر گوندی گرێ چۆلێ و هاووڵاتییان سەعدون بەیان، ئوزەیر ئارگز، رەشید ئەرەن، فەوزی بایان، عەباس چیدەم و مونیر ئایدن-یان دەستگیرکرد. ئەو ٦ هاووڵاتییە سەرلەبەیانیی ئەو رۆژە بە دەستوچاو بەستراوی، تەرمەکانیان دۆزرایەوە. شوێنى ٢٠ فیشەک بە جەستەى هەر یەک لەو هاووڵاتییانەوە بوو. گەلی سلۆپی ئەو کاتە بەو کۆمەڵکوژییەی گوندی گرێ چۆلێ راچڵەکی و هۆشیار بوویەوە. پارێزگاری دەوڵەتى باری نائاسایى لە یەکەم  راگەیاندراویدا لەبارەى ئەو رووداوەوە راگەیاندبوو "لە سلۆپی ٩ تیرۆریست بە کوژراوی دۆزرانەوە".

گەلی سلۆپی و ناوچەکە توڕەبوون. گەل داوایکرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و هەر هیچ نەبێت توێکاری بۆ تەرمەکان بکرێت و لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بکرێت، بەڵام دەوڵەتى تورک دەیخواست بەبێ ئەو کارانە تەرمەکان بداتەوە بە هاووڵاتییانی گوندەکە. هاووڵاتییانى گوندی گرێ چۆلێ لە ١٩ی ئەیلولی ١٩٨٩ / ٢٨ی خەرمانان دا بە رێپێوان بەرەو سلۆپی کەوتنەڕێ. تاوەکو دەهات جەماوەری گەل گەورەتر دەبوو. لە گوندەکانى دەورووبەر و لە ناو سلۆپییەوە هاووڵاتییان چوون و بەشداریی رێپێوانەکەیان کرد و ژمارەى هاووڵاتییانى رێپێوەر گەیشتە ١٠ هەزار کەس. جەماوەری گەل لە بەردەم بینای حکومەت دا کۆبوونەوە و داوای لێپرسینەوەیان لەو کۆمەڵکوژییە دەکرد، بەڵام هێزەکانى دەوڵەت زۆر توندوتیژانە لە دژی خۆپیشاندانى ئاشتییانەى گەل جوڵانەوە و سەرباری ئەوەش تیرۆری دەوڵەت نەیتوانى بەرەنگاری بەرخۆدانى گەل ببێتەوە و بینای قائیمقامی سلۆپی ئاگری تێبەردرا. هێزەکانى دەوڵەت تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و ژمارەیەکى زۆر لە خۆپیشاندەرانیان بریندارکرد و دەیان کەسیشیان دەستگیرکرد. دەستیان گرت بەسەر کامێرای ئەو رۆژنامەنووسانەدا کە دیمەنی رووداوەکەیان تۆمار دەکرد. دواى رۆژێک میدیای تورک مانشێتى لێدا. رۆژنامەى میللیەت لە ٢٠ی ئەیلول دا بە مانشێتى "لە سلۆپی قەومی" بڵاوکرایەوە.  لەبارەى راپەڕینى سلۆپی-یەوە نووسیبووی "جەماوەری گەل بەرەو بینای حکومەت رێپێوانیان ئەنجامدا. لەوێ بووە ژاوە ژاوە و شوشەکانیان شکاند. تیمە تایبەتەکانیش چوونە شوێنی رووداوەکە و تەقەیان بە ئاسماندا کرد و خواستیان قەرەباڵغییەکە بڵاوەى لێ بکات. بینای حکومەت و مزگەت کە تەرمەکانى تیادا بوو بە زرێپۆش گەمارۆ درابوون. پەیامنێری میللیەت کە چاودێریی ئەو رووداوە دەکات بووە ئامانجی هێرشی هێزە ئەمنییەکان. جەماوەری گەل کاتێک گەیشتنە بەردەم بینای حکومەت بە بەرد و دار شوشەکانیان شکاند و هاوکات دروشمی "بکوژەکانمان دەوێت"، "بمرێت فاشیزم" و دەنگی خۆمان دەگەیەنینە ئەوروپا"یان دەوتەوە.

ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوەیى کۆبوویەوە

ئەو راپەڕینانەى لە کوردستان دەستیان پێکردبوو، ئیدی رژێمی لە ئەنقەرە خستبوە ناو ترس و دڵەڕاوکێوە. دواى ئەوەى زانیاری لەبارەى راپەڕینی سلۆپی گەیشتە ئەنقەرە، ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوەیى بە سەرۆکایەتیى کەنعان ئەڤرەن سەرکردەى ئەنجومەنى کودەتای سەربازی کۆبوویەوە. بەڕێوەبەرایەتیى تورک خۆی لەو میدیایانە توڕە کرد، کە رووداوەکەیان بڵاوکردووەتەوە و گەل بە رووداوەکەى زانیوە. لە راگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشى نەتەوەیى (مەگەکە - MGK)دا هەڕەشەیەکى زۆر لەو رۆژنامەنووسانە کرابوو، کە شەڕی چەپەڵ لە کوردستان چاودێری دەکەن و هەواڵی لەبارەوە بڵاودەکەنەوە.

راپەڕینەکەى سلۆپی کاریگەریى لەسەر دۆخی سیاسیی ئەنقەرە دروستکرد. پەرلەمانتارانی پارتەکانی دەیەپە و ئاناپ بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیى گرێ چۆلێ گوشاریان خستە سەر حکومەتەکەى ئۆزال. بەو هۆیەوە ئۆزال ناچار بوو رێگا بدات شاندێک لە پەرلەمانتاران بچن بۆ سلۆپی. ئەو پەرلەمانتارانەى چوونە هەرێمەکە و لێکۆڵینەوەیان کرد، رایانگەیاند، ٦ هاووڵاتییى گوندەکە کوژران، کە بە دڵنیاییەوە پەکەکە نەبوون، بەڵام سەرباری ئەوەش بکوژان و ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکەى گرێ چۆلێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکرا و باجی تاوانەکەیان نەدا.

ئیتر دەبوایە حیزبێک دابمەزرێت

دەوڵەتى تورک دواى کۆمەڵکوژییەکەى گرێ چۆلێ بەردەوام بوو لە کۆمەڵکوژییەکانى. لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ / ٣ی سەرماوەز لە ناوچەى گەڤەری جۆلەمێرگ ٢٨ هاووڵاتییى گوندەکان کۆمەڵکوژکران. لە ساڵی ١٩٨٩ دا رووداوێکى تر روویدا، کە مۆری خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان دا. ئەویش ئەوەبوو، کە ٧ پەرلەمانتاری کورد لە ناوی حیزبی سۆسیالیست (سەهەپە - SHP)دا بە پاساوی ئەوەى لە رۆژانی ١٤-١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٩ / ٢٢ و ٢٣ی رەزبەر بەشداریى کۆنفرانسی پاریس-یان کردووە، لە حیزبەکە دەرکران. ئەو دۆخە کوردی خستە ناو بیرکردنەوە و گەڕان بە داوى رێگای جۆراجۆردا و هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی حیزبێک بۆ کاروبار لە گۆڕەپانی سیاسەتى مەدەنی دا بەهێزتر کرد.  لە  چوارچێوەى ئەو هەوڵانەدا پارتى رەنجی گەل (هەپ - HEP) لە ساڵی ١٩٩٠ دا دامەزرا، کە بووە ئەڵقەی یەکەمی نەریتى سیاسەتی دیموکراتیک.

ژ.ت