دۆزەخی نایرۆبی و سەرهەڵدان -١١-

ڕێبەری گەلی کورد لە پایتەختی وڵاتێکی ئەفریقا کە دۆزەخی پێدەگۆت، بەرخۆدانی کرد و تا کۆتایی بەدوای ڕێگایەک دەگەڕا.

لە نایرۆبی پایتەختی کینیا و لە داروسەلامی پایتەختی تەنزانیا لە ٧ی ئابی ١٩٩٨ دا بە شێوەیەکی هاوکات بۆمب تەقێنران. ئەو دوو وڵاتە لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقان، لە باڵەخانەی ئەمریکا بۆمب تەقێنران. تەقینەوە گەورەکە لە نایرۆبی ئەنجامدرابوو. ١٢ هاوڵاتی ئەمریکا و بە گشتی ٢١٣ کەس لە تەقینەوەکەی نایرۆبیدا کوژران، نزیکەی ٤ هەزار هاوڵاتی کینیاش بریندار بوون. لە تەقینەوەکەی تانزانیادا ١١ کەس کوژران و ٨٥ کەس بریندار بوون.

سەرەتا لە ئاژانسە جیهانیەکاندا راگەیەنرا کە کاری ئەلقاعیدەیە. دوای چەند ساڵێکیش لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ دا لە نیویۆرک لەدژی باڵەخانەکانی پنتاگون هێرش ئەنجامدرا. دوای تەقینەوەکانی نایرۆبی و داروسەلام، ئەمریکا ستراتیژی خۆی لە ئەفریقا بە گشتی گۆڕی. دوای هاوینی ١٩٩٨ هەردوو وڵات بوونە ناوەندی سی ئای ئەی لە ئەفریقا. هەواڵگری ئەمریکا ئاگاداری هەموو جموجووڵی کەسانی بیانی و چوونە دەرەوەی کەسانی بیانی  و هەموو ڕووداوێکی نایرۆبی و داروسەلام بوو.

لە ٢ی شوباتی ١٩٩٩دا سەرلەبەیانی فڕۆکەیەک لە دورگەی کۆرفوی یونان هەستا و کاتژمێر ١١ و ٣٣ خولەک لە فرۆکەخانەی جامۆ کینیاتای نایرۆبی کە پایتەختی کینیایە نیشتەوە. سی ئای ئەی نەیدەزانی کێ لەناو فڕۆکە تایبەتەکەدایە. فڕۆکەکە تۆمار نەکرابوو، هیچ نیشانە، ژمارە و ئاڵایەکی پێوە نەبوو کە بزانریت لەکوێ هاتووە. هەرچەندە دەگوترا کە فڕۆکەکە لەلایەن هەواڵگری یونانەوە بە کرێ گیراوە و فروکەی گلادیۆ بوو کە هێزی قوڵی ناتۆیە و بە تایبەتی لە سویسراوە هێنربوو.

کاتێک ڕێبەری گەلی کورد لە سوریا چووە دەرەوە، موساد و سی ئای ئەی و هەواڵگریەکان چاودێریان دەکرد. دوای ٩ی تشرینی یەکەم شەمیح باتکی سەرۆکی موساد زانیاری بە کۆمسیۆنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمان دابوو و وتیبووی عەبدوڵلا ئۆجالان لە ڕووسیایە. شەمیح باتکی سەرۆکی موساد و شەنکال ئاتاساگون سەرۆکی دەزگای شاراوەی تورکیا بۆ چاودێریکردنی ئۆجالان هەموو کاتێک پێکەوە کۆدەبوونەوە و لە ڕاگەیاندنەکانی هەردوو وڵات دە باسی لێدەکرا.

لە ئاسمان زانی کە دەچێتە نایروبی

لە ڕۆژەکانی کینیادا هاوکاری سی ئای ئەی و موساد لەگەڵ میت زیاتر ببوو. عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە ئاسمان بوو کە زانی دەچێتە نایرۆبی. ساڤاس کالەندەریدیس یەکێک لە فەرماندەکانی هەواڵگری یونان لەگەڵی بوون و وتبووی کە دەچنە کۆماری ئەفریقای باشوور، بەڵام داواکاری مافی پەنابەری سیاسی ئۆجالان ڕەتکرابووەوە. ماوەیەک لە کینیا دەمانەوە و دواتر جارێکیتر تاقییان دەکردەوە. ڕێبەری گەلی کورد بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات: هەڵوێستم وەرگرتبوو 'بۆچی ئەفریقا'! کالەندەریدیس بۆ ئەوەی نیگەرانیەکانم کەم بکاتەوە بەڵێنی زۆری دەدا و دەیوت، 'لە ئەفریقا لە باڵیۆزخانەی ئێمە دەمێنیتەوە. ئەوێ خاکی یونانە، کەس ناتوانێت شتێک بکات. جگە لە ئێمە هیچ هێزێک ناتوانێت دەستوەردان بکات، لەوێ ئاسایشت پاریزراوە. هیچ شتێک بەسەرت نایەت' و راشیگەیاندبوو کە ئەوێ وێستگەیەکە، دوای دەچنە ئەفریقای باشوور، پێشتر پەیوەندیەکان رێکخراون.  باسی کینیای نەکردبوو، بە تەنها باسی ئەفریقا دەکرا. دواتر دەرکەوت هەموو بەڵێنەکان درۆ بوون."

کالەندەریدیس تورکیەکی باشی دەزانی و شتێکی ڕێکەوت نەبوو کە هەواڵگری یونان بە تایبەتی هەڵیبژاردبوو. کالەندەریدیس لە ساڵی ١٩٩٠ لە کۆنسولخانەی یونان لە ئیزمیر بە پاسپۆرتی دیپلۆماسی کاری هەواڵگری کردبوو و بۆیەش دەستگیرکرابوو و چوار ساڵ لە زینداندا مابووەوە.

جۆرج کۆستۆلاس کونسولی یونان لە کینیا پێشوازی لە ڕێبەری گەلی کورد کرد. کۆستولاس کاتێک لە فڕۆکەخانەکە ئۆجالانی بینی، پێی گوت، "لە ناتۆ من سەرۆکی یەکەی لێکۆلینەوە لەبارەی تۆوە بووم کە ٢٠ ساڵە لێکۆلینەوە دەکرێت. لە ئاسمانەکان بەدواددا دەگەڕام، بەڵام لە زەوی تۆم دۆزیەوە." ئۆجالان لە فڕۆکەخانەوە بۆ باڵیۆزخانە گواسترایەوە. ١٣ ڕۆژ لە کینیا مایەوە کە خۆی وەک 'دۆزەخی ناییرۆبی' ناوی دەهێنێت.

پایتەختە پیلانگێڕەکان دەستیان بە هەوڵەکانیان کرد

لە ٣ی شوباتدا لە پایتەختە پیلانگێڕەکاندا کە لەدوای ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لەدژی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد پیلانگێڕیان بەڕیوەبرد، دەست بە هەندێک هەوڵدان کران. دایمی کاسوریما سکرتێری وەزارەتی دەرەوەی کینیا و جۆرج کاستولاس کونسولی یونان بە شێوەیەکی شاراوە کۆبوونەوە. لە هەمان کاتدا دەیڤید ئیڤرلی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی شاندێک لە ئەنقەرە لەهەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی تورک، میت و ناوەندی جموجووڵی سوپای گشتی کۆبووە.

هێزە پیلانگێڕەکان، لەگەڵ دەوڵەتی تورک لەبارەی پلانە نوێکان کاریان دەکرد. لەو کاتەدا میکۆلاس نورنس کونسولی ئەمریکا لە ئەسینا لە سالونیک قسەی کرد و وتی، "من لەو بڕوایەدام یونان لەبارەی ئۆجالان کاری پێویستی کردووە." ئەو قسانەش ئاشکرای کرد کە بەپێی پیلانەکە کینیا هەڵبژێردراوە.

ڕۆژە مەترسیدارەکە، ٤ی نیسان

٤ی نیسانی ١٩٩٩ وەک مەترسیدارترین ڕۆژ لە مێژوودا تۆمارکرا. کوستولاس کونسولی یونان سەردانی وەزارەتی دەرەوی کینیای کرد و لەگەڵ دایمی کاسوریما کۆبووە. کینیاییەکان دەیانگوت 'ڕادەستی ئێمەی بکەن، ئیتر پەیوەندیتان پێ نەبێت' لە هەمانکاتدا کارمەندێکی سی ئای ئەی لەگەڵ شانکال ئاتاساگون سەرۆکی میت کۆبووە. لەو کۆبوونەوەیەدا سی ئای ئەی بە فەرمانی کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا، پلانی دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کوردی پێشکەش بە میت کرد.

دەوڵەتی تورک پلانەکەی قبوڵ کرد، بولەنت ئەجەڤید سەرۆک وەزیری تورک دواتر وتی 'لە ٤ی شوباتدا زانیاریەکمان پێگەیشت کە ئۆجالان دەتوانرێت لە ئەفریقا دەستگیر بکرێت. بۆیەش دەست بە میکانیزمەکە کرا' و بەو شێوەیە لە ٤ی شوباتدا گەشەدانێکی تریش ڕوویدەدا. دورگەی ئیمڕالی ئامادە دەکرا و زیندانیەکانی ئەوێ بۆ زیندانەکانی تر گواسترانەوە. ڕۆژی دواتر ئەو پێشهاتانە لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکرانەوە، هیچ کەسێک بیری نەکردەوە ک ئیمڕالی ئیدی دەبێتە ناوەندی ڕووداوەکان.

ماڵەکەی نایرۆبی

لەو ڕۆژانەدا لە ماڵەکەی نایرۆبی چی ڕوویدەدا. ڕێبەری گەلی کورد دواتر لە بەرگرینامەکەیدا بە ناوی ' دۆزەخی نایرۆبی' باسی ئەو شتانەی کرد و وتی، "لە دۆزەخەکەی نایرۆبی سێ ڕێگام هەبوو. یەکێک بێفەرمانیەک لەبەرانبەر فەرمانی مردن کە بە حساب شەڕ دروست دەبوو. ئەوەی تر بەپێی قسەکانی سی ئای ئەی بجووڵێمەوە و خۆم ڕادەست بکەم. سێیەمیش ڕادەستکردنی من بە تیمەکانی تایبەتی شەڕی تورک. کاتێک لە نایرۆبی بووین. دیلان کە لەگەڵ من بوو، زۆر نیگەران بوو.

ئەگەر بیتوانییا بۆچوونەکانی باشتر دەرببڕێت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئاگادار بکردایە، دەبوو پیلانگێڕیەکە پووچەڵ ببوایە.

قسەکانی کە وتبووی بە دەمانچەیەک خۆمان بپارێزین، منی ڕازی نەکرد. ئەوە بۆ من و ئێمە خۆکوشتن بوو. نیازی خۆکوشتنم نەبوو. تەئکیدی دەکردەوە کە چەک هەڵگرم و زۆر هەوڵی دەدا. ئەگەر دەمانچەم پێبوایە و تەقەم بکردایە، ئەو هەڵوێستە بە تەئکیدی دەبووە هۆی مردن. دواتر لە کاتی لێپرسینەوەکدا، پێم وترابوو کە ئەگەر تەقەم بکردایە، فەرمانی کوشتن درابوو. پێیان وتم چوونە دەرەوە لە بالیوزخانەکە بە واتای مردن دێت. وتیان هەڵوێستەکەی باشترین هەڵوێستە. تا چەند قسەکانیان ڕاست بوو، ئەوەش نازانرێت.

لە کاتی قۆناغی نایرۆبیدا، هەڵوێستی کونسول کاتۆلاس پێویستە بزانرێت. ئایا کارەکانی خۆیان بەو کرد؟ یان وەک پارچەیەکی پلانەکە بوو؟ لێی تێنەگەیشتم. بەرلەوەی ڕادەستبکرێمەوە. نەهاتە ئەو ماڵەی کە شوێنی حەوانەوەی بوو. لەبەرئەوەی داواکرا بە زۆر لەو ماڵە بچمە دەرەوە. بەڵام ئەگەر هەیە ئەوەش هەڵوێستێکی ساختەکار بێت. گوایە بۆ ئەوەی بچینە هۆلەندا پانگالۆس فەرمانەکەی ئامادە کردووە. من زۆر متمانەم بەو قسانە نەکرد. لەبەرئەوەی تیمە تایبەتەکانی یونان لە ئامادەباشیدابوون کە ئەگەر لە ماڵەکە نەچمە دەرەوە، بە زۆر دەرم کەن. پۆلیسی کینیاش بۆ هەمان شت خۆیان ئامادە کردبوو. چوون بۆ کۆماری ئەفریقای باشوور دەمێکبوو وەک چیرۆکێکی درۆ لەبیرکرابوو. پێشنیازەکانی خۆپاراستنی کلێسە و نەتەوە یەکگرتووەکان جێگای نیگەرانی بوون. بۆ نەچوونە دەرەوە کارم دەکرد."

قسەکانی ئەسا موسا

چیرۆکی چوون بۆ کۆماری ئەفریقای باشوور کە ڕێبەری گەلی کورد باسی دەکات، دواتر ئاشکرا بوو. ئەسا مووسا کە پارێزەری سەرۆکی ئەفسانەیی ئەفریقای باشوور نەلسون ماندێلا بوو، لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕاپۆرتێکی لە رۆژنامەی ئۆوزگور گوندەم بڵاوکردەوە کە چاودێری قۆناغی نایرۆبی دەکرد و وتی، " لەبەرئەوەی پەکەکە نایاسایی بوو، ئوجالان لە حاڵەتی نەفیکردندا دەژیا. لەبەرئەوەی تورکیا فاشاری لە وڵاتانی تر دەکرد، هیچ وڵاتێک ئامادە نەبوو مافی پەنابەری سیاسی بە ئۆجالان بدات. ئۆجالان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەڕووی و هیچ کەسێک ئەو مافەی پێنەدەدا. ئەفریقای باشوور ئامادە ئەو شتە بوو، بەڵام پێویست بوو ئۆجالان خۆی بگەیاندا ئەفریقای باشوور. ئەگەر ئۆجالان لە کینیا بوایە و دواتر بهاتایە ئەفریقای باشوور، چیرۆکەکە جیاوازتر دەبوو."

فڕۆکەی چاغلار کە ٥ی شوبات هەستا

هەنگاوی پراکتیکی پلانی رێفاندن کە لە لایەن سی ئای ئەی و مووساد ئامادەکرابوو، لە ٥ی شوباتی ١٩٩٩ نرا. بۆ گروپێکی ٩ کەسی تورک، داوای فڕۆکەی فالکۆنی ٩٠٠٠بیی کارساز جاوید چاغلار کرا. چاغلار کەسێکی قوڵە، چەندین ساڵ لەگەڵ دەمیرەل و چیللەر کاری کرد. فڕۆکەکە ١٠ی شوبات بەرەو ئۆغاندا چوو و فەرمانی پێکرابوو کە ١٤ی شوبات بچێتە نایرۆبی. ئاڵای فڕۆکەکە کە گەیشتە نایرۆبی بۆ ئاڵای مالیزی و ژمارەیەکی ساختە گۆڕابوو.

فڕۆکە تورکیەکە کە گەیشتە ئەفریقا، فشاری یونان و کینیا لەسەر ڕێبەری گەلی کورد زیادیان کرد. پانگالۆس وەزیری دەرەوەی یونان و نوئان ئاراپ تا سەرۆکی هەواڵگری کینیاش دەستیان بە جموجووڵ کردبوو. پانگالۆ لەگەڵ باڵیۆزەکەی قسەی کرد و وتی، "ئۆجالان بۆ دەرەوەی سمبولە نەتەوەییەکانمان ببەن". لە ١٥ی شوباتدا هەڵیانکوتایە سەر باڵیوزخانەکە. ئەو ڕۆژە بەرپرسانەی باڵای وەزارەتی دەرەوەی کینیا و هەواڵگری چوونە باڵیوزخانەکە. کاستۆلاس بە ڕێبەری گەلی کورد وت، "ئەو کاتە کە بە ئێوەمان بەخشی، ئەمڕۆ کۆتایی هات، پێویستە لە ماڵی باڵیۆزخانەکە بچنە دەرەوە."

ئۆجالان رۆژێکی تریشی دەویست، بەڵام ئەوە قبوڵ نەکرا. بەرەو ئێوارە پێنج ئۆتۆمبێل، کە پۆلیسی کینیای تیادا بوو رۆیشتن بۆ ماڵی کۆستولاس. نۆئان ئاراب تا بەڕێوەبەری هەواڵگریی کینیاشیان لەگەڵ بوو. ئەو لەو کاتانەدا دەبووە یەکێک لە دروستکەرانی ساتە قەیراناوییەکانی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و ١٥ی شوبات، کە ئەو رۆژە لە مێژووی کوردستاندا دەبووە رۆژی رەش، رێبەری گەلی کورد بە تەنها خۆی بەرەنگاریی دەکرد، هەوڵی دەدا رێگایەک بدۆزێتەوە. بە بەرپرسانی کینیای وت، "تاوەکو گارانتیی حکومەت وەرنەگرم، من نایەمە دەرەوە".

"فڕۆکە ئامادەیە، بە خێرایی و زوو وەرە دەرەوە!"

نۆئان ئاراب تا بەرپرسی هەواڵگری گوشارێکی زۆری کرد و بە ئۆجالانی وت، "فڕۆکە ئامادەیە، دەبێت تۆ زۆر زوو و بەخێرایی بچیتە دەرەوە. شەو دادێت، من ناتوانم گارانتی بدەم، کە ئەمشەو چی دەبێت" و هەڕەشەى لێدەکرد. باڵیۆز یۆرگۆس کۆستولاس دواتر لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە وڵاتی خۆیدا وتی، "من دەمخواست بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسان (ئۆتۆمبێلی دیپلۆماتیکی تایبەت بە باڵیۆزخانە) ئۆجالان ببمەم بۆ فڕۆکەخانە، بەڵام ئەو پێشنیازەى من قبوڵ نەکرا. پۆلیسەکان رایانگەیاند، ئەوان ئۆتۆمبێل بۆ ئۆجالان دەنێرن و لەسەر ئەوە قسەیان کرد. بەرپرسانی کینیا لەبارەی جۆری فڕۆکەکەوە هیچ زانیارییەکیان نەدەدا. منیش رۆیشتم و ئەوەم لەگەڵ ئۆجالان باسکرد. ئۆجالان وتی، 'ئەگەر من زۆر بەرەنگاری بکەم، شتی خراپتر روودەدات' پێنج ئۆتۆمبێل هاتنە بەر دەرگا. ئۆجالان-یان برد بۆ ناو تۆیۆتا لاندکرۆزەرەکە. کاروانەکە بە رێکەوت، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەى ئۆجالان لە کاروانەکە جیا بوویەوە. ئێمە رۆیشتین بۆ فڕۆکەخانە. بەرپرسانی کینیا رایانگەیاند، لەبەر هۆکاری ئەمنی ئۆتۆمبێلەکەى ئۆجالان لە شوێنێکی ترەوە دێت. ئێمە چاوەڕێمان کرد. لە کاتژمێر ٢٠:٣٠ دا هێشتا ئۆجالان پەیدای نەبوو. من تەلەفونم بۆ ئەسینا کرد، بە منیان وت، بگەڕێرەوە بۆ باڵیۆزخانە".

رێبەری گەلی کورد دەڵێت، "بەو گارانتییەى کالیندریدیس، کە بە ناوی دەوڵەتی یونانەوە پێیدام لە ماڵی باڵیۆزخانە چوومە دەرەوە". ئۆجالان بەمشێوەیە باسی رفاندن و رادەستکردنی خۆی بە دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریی تورک دەکات و دەڵێت: "ئەو کەسانەی بە ئۆتۆمبێلی جێپ منیان بە زۆر رفاند، بەرپرسانی ئاسایش و هەواڵگریی کینیا بوون. ئەوانەى ناو ئۆتۆمبێلەکە هەموویان رەشپێست بوون و ٤ کەس بوون. سەرنجڕاکێش ئەوە بوو، کاتێک گەیشتینە فڕۆکە خانە هیچ پۆلیس و خاڵێکی پشکنین لە گۆڕێ نەبوو. ئێمە راستەوخۆ چووینە فڕۆکەخانەکە و منیان برد بۆ بەردەم فڕۆکەکە. ئەوەش نیشانی دەدات، کە پێشتر هەموو شتێک ئامادەکرابوو. ئەو رەشپێستانە ئۆتۆمبێلەکەیان لێخوڕی بەرەوە دەرگای فڕۆکەکە. ئەوانەى دەورووبەری فڕۆکەکە هەموویان چەکدار بوون. مەدەنی بوون، هەندێکیان چاویلکەى رەشیان لەسەر چاویان دانابوو، هەندێکیشیان چاو سەوز، زەرد، زۆر سپیکەلانە، درێژ و بەخۆوە بوون. چەکی ئۆتۆماتیکیان بە دەستەوە بوو.

دەبوو، کە لە ئیسرائیلی بن، بەڵام زۆرتر لە ئەمریکی دەچوون. ئەگەرێکی بەهێز ئەوەیە، کە ئەندامانی سی ئای ئەی (CIA) و مۆساد (MOSSAD) بوو بن. تاوەکو من چوومە ناو فڕۆکەکە هیچ تورکێک لە گۆڕێدا نەبوو. تورکەکان لە ناو فڕۆکەکەدا بوون. کاتێک چوومە ناو فڕۆکەکە یەکەی تایبەتی تورکەکان بەبێ ئەوەى هیچ بڵێن، منیان دا بە زەویدا. دەستیان بەسەر هەموو شتێکی مندا گرت و بە تیپی پان هەموو جەستەى منیان پێچا و گرێیاندا، ئەوان پەڕۆیەکی رەشی ئەستووریان خستە سەر چاوم و منیان برد بۆ بەشی دواوەی فڕۆکەکە. ئیدی لەسەر هۆشی خۆم نەبووم، من دەمتوانی بەڕێدا بڕۆم، بەڵام نەمدەتوانی بیربکەمەوە. دوای ٢ کاتژمێر بە هۆش هاتمەوە".

کورد و کوردستان لەسەر پێن

رێبەرێک، کە بۆ ئازادکردنی گەلێک دەستی بە تێکۆشان کردبوو، دوای یاری هێزە جیهانییەکان رادەستی ئەو دەوڵەتەیان کرد، کە لە دژی تێدەکۆشا. دەست، چاو و قاچی بەسترایەوە و رادەستیان کرد. شەوی ١٥ لەسەر ١٦ی شوباتی ١٩٩٩ کەناڵی مەد تیڤی رایگەیاند، چەند کاتژمێرێکە نازانرێت ئۆجالان لە کوێیە. لە ناکاو ئاگر بەربوویە دڵێ ملیۆنەها کەس، ئەو کوردانەى کە لە پایتەختی چەندین وڵاتدا بوون و سەدان رۆژ بوو لە سەر شەقامەکان و گۆڕەپانەکان بوون، خۆیان بۆ راپەڕین و سەرهەڵدانێکی گەورە ئامادە دەکرد.

لە رۆژانی دواتری شوباتدا بۆ پاراستنی ئاسایشی گیان و ژیانی ئۆجالان و قبوڵکردنی داوای پەنابەرییەکەى لە ئیتالیا، لە ئەسینا خۆپیشاندانی جەماوەری، ناڕەزایەتی، مانگرتن لە خواردن و چالاکی و خۆپیشاندان رێکخران. لە بەرەبەیانی ١٦ی شوباتیشدا لە زۆرێک لە ناوەندەکاندا لە بەردەم باڵیۆخانە و کۆنسوڵییەکانی یونانیش چالاکیی ناڕەزایەتیی مەدەنی رێکخران.

دواى گەشتێکی ٦ کاتژمێر و نیوی، ئەو فڕۆکەیە، کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی تیادا بوو، لە کاتژمێر ٠٣:٣٠ دا گەیشتە ئیستەنبول. ئەو ١٢٩ رۆژە نەک تەنها لە ژیان و تێکۆشانی ئۆجالان دا، لە مێژووی گەلی کوردیشدا زۆر گرنگ بوو و بەو شێوەیە کۆتایی پێھات. ئۆجالان دوای ئەوەى لە فڕۆکەکە برایە دەرەوە بردیان بۆ ئیمراڵی. لە نیوەڕۆی ١٦ی شوباتی ١٩٩٩دا بولەند ئەجەوید سەرۆک وەزیرانی تورکیا وتی، "من نەمزانی و لەوە تێنەگەیشتم بۆ ئۆجالانیان رادەستی ئێمە کرد" و لە بەرامبەر کامێراکاندا وتیشی، "عەبدوڵا ئۆجالان لە تورکیایە". ئەو لێدوانەی دەوڵەتی تورک گەورە شارەکانی تورکیای سەروژێرکرد، لە هەر چوار پارچەى کوردستان و لە هەر شوێنێکی دونیادا کە کوردی تیادا بوو، کورد راپەڕی. لە مێژووی کوردستاندا سەرهەڵدان و راپەڕینێکی نوێ دەستیپێکرد.

کوشتاری ١٧ی شوبات

رۆژنامەى ئۆزگیور پۆلیتیکا بە مانشێتی "کاتی قسە کۆتایی پێهات، ئێستا کاتی چالاکییە" بڵاوکرایەوە. لە سەدان شاری زۆرێک لە وڵاتە جۆراجۆرەکاندا هاواری وتنەوەی دروشم بۆ رێبەری گەلی کورد دەبیسترا و شەپۆلی دروشم دەنگی دەدایەوە. لە ئەفغانستانەوە تاوەکو قەوقاز، لە کەنەداوە تاوەکو ئوسترالیا، لە ئەوروپاوە تاوەکو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەدان هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکان و داوای لێپرسینەوەیان لە هێزە پیلانگێڕەکان کرد. ئەو کەسانەى تاوەکو ئەو رۆژە ناوی کوردیشیان نەبیستبوو، بۆ یەکەمجار لە رێگەى چالاکییەکان بۆ ئۆجالان ئاگاداری هەبوون و مێژووی کورد بوون.

هاوکات لەگەڵ توڕەیی بەرامبەر دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر یونان، ئەمریکا، رووسیا، کینیا، ئیسرائیل و وڵاتانی تری ئەوروپیدا توڕەییەکی گەورە هەبوو. راپەڕینی ١٥ی شوبات بەو شکۆ و هەیبەتەوە چووە مێژووی تێکۆشانی گەلی کوردەوە. لەو رۆژانەدا لە بەرلینی ئەڵمانیا لە دژی ئیسرائیل چالاکییەک رێکخرا. دەستەیەک لە کوردستانیان لە ١٧ی شوبات دا لە دژی باڵیۆزخانەى ئیسرائیل چالاکیی ناڕەزایەتی مەدەنییان ئەنجامدا، بەڵام بە گولـلەى بەرپرسان و ئەرکدارانی ئیسرائیل ٤ کوردی وڵاتپارێز شەهید کران. سەما ئاڵپ، موستەفا کورد، ئەحمەد ئاجار لە شوێنی چالاکییەکەدا شەهید بوون و سینان کاراکوشی تەمەن ٢٠ ساڵیش دوای ١٠ رۆژ مانەوەى لە نەخۆشخانە و بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە شەهید بوو و بەگشتی لەو پەلامارەى باڵیۆزخانەى ئیسرائیل بۆ سەر چالاکوانانی ناڕازیی کورد ١٨ کەسی تریش بریندار بوون.

ئاگری راپەڕین لە عەفرینەوە تاوەکو مەهاباد، لە ئامەدەوە تاوەکو هەولێر، لە قامیشلۆوە تاوەکو سەرحەد سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە. لە مێژووی کورددا یەکێک لە قۆناغە قەیراناوی و قورس و دژوارەکان روویدەدا. شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس، کە بە شێعرەکانی داوای لە گەلی کورد بۆ راپەڕین دەکرد لە ١٥ی شوبات دا لە پەخشی مەد تیڤی دا بەمشیوەیە هاوارەى کرد:

ئێرە سلێمانییە و

ئەوە چەند ڕۆژە لە چاوانی سلێمانییدا

تەم و مژی خەمێکی گەورە

خەمێکی سورباوی بەگیمۆ و

باڵای گۆیژە و گڵەزەردە و

بەر پەنجەرەی ژیانمان و

ئاسمانی سەر ماڵانمان و

گەلییەکانی هەناومانی داگرتووە

ئێرە سلێمانییە و

ئەوە چەند ڕۆژە

لەدەربەند باسەڕەکەی گیانی ئەم شارەدا

کەڵە پشکۆکانی ئازار و تۆڵە بەیەکەوە

ئەگەشێنەوە

لەم شارەدا هەموو کەسێ و

لە سروشتدا هەموو شتێ

مەراقێکی چاوەڕوانی ڕەنگ پەڕیوە

چاومان لێیە پیرەمەگرون

شاخی پیرۆت، شاخی نەمر

ئەویش

چەمۆڵەی بەردینی پڕ نەفرەتی

لە دنیای سۆزانیی ئەنێ و

هەردوو دەستی بە گەرداوی

ڕووە و سیمای درۆزنەی

شارستانیی و پەیکەرەکەی ئەمریکا و

دەمامکی سەر ڕووخساری گشت ئەوروپا هەڵبڕیوە

هەموو دڵێک لەم شارەدا

وەک سێوی سەر لقی بەر تەرزە و باڕێزە ئەلەرزێ

هەموو دڵێک لەم شارەدا

دڵۆپ دڵۆپ

خوێناوێکی بەناسۆری

ئەم تەنیایی و بێکەسییەی میلـلەتێکی لێ ئەتکێ

ئێرە سلێمانییە و

درەختەکان

لە ماڵەکان زوویرترن

شەقامەکان

لە دایکانی شەهیدان و

لە بێوەژنی مێرد کوژراو

دڵتەنگترن

گوڵەکانیش

لە مناڵان غەمگینترن

ئەم خەمە

خەمی غەدرێکە

هەموو دنیای پیلان لە کوردیان کرد

ئەم خەمە

خەمێکی سەراپاگیری نەتەوەییە

کسپەی برینی کوردستانییە و

هەوری سورە و

هەموو نیشتیمانی داپۆشیوە

ئەمە خەم نییە بۆ نائومێدیی و دۆشدامان

بەڵکو حەسرەتێکی هەڵگیرساوی بەلرفەیە

کە گیانی ملیۆنان کوانویەتی و

دەروونی ورد و درشتمان

جێگەیەتی و

خۆشەویستیی کوڕی شاخ و

کوڕی مێژووی ڕاپەڕینی وەک ئۆجالان

چاوگێتی

ئێرە سلێمانییە و

شاری شێخە و

شاری قودسییە و

شاری بێکەسە و

شاری شەهاب

شاری وشە و

شاری وەرزەکانی ئەوین

لەم ساتەدا

سلێمانی و چاوەکانی سلێمانی

وان لە چاوانی گەریلا و

ئایندەش وا لەناو دەستی ئەواندایە

لەم ساتەدا

ڕۆحی شاریش سرودێکە و

لە زیندانی دوورگەیەکی

دەریاکەی مەڕمەڕەدایە

لەنێوان ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆجالانی سەرکردە و

ئازار و ئەشکەنجە و مەرگیشا

ئەڵێم

سروشتی سمبولێکی مەزنی نەتەوە

ئەبێ لە سروشتی ئەستێرەدا بێ

لە بەرزیدا بژی  و

لە بەرزیدا بمرێ

ورەی سمبولی ئازادیی

ئەبێ لە ورەی کێودا بێ

ڕۆحی سمبولی ڕاپەڕین

ئەبێ لە ڕۆحی خەڵکا بێ

لێرە

لە تاریکستانی سەردەمێکا

لە دۆزەخەکەی ئەشکەنجەدانی جەستەدا و

لە ژێرزەمینی بەعسدا

جەلادەکان گێڕبوویانەوە

ئاسن وتبووی بەڵێ و

بەڵام گۆشتی شەهاب وتبووی نەء

بەرد وتبووی بەڵێ و

بەڵام ئێسکی ئەنوەر وتبووی نەء

دار وتبووی بەڵێ و

بەڵام خوێنی جەعفەر وتبووی نەء

ئیتر ئەمە

بوو بە مێژووی چەندین نەوەمان

لە زیندانەکەی ئەم سومبولە گەورەیەشا

ئێمە هەموومان دڵنیاین

لەبەردەمی بەربەریەکانی تورکدا

بەحری مەڕمەڕە ئەڵێ بەڵێ و

بەڵام ئۆجالان ئەڵێ نەء

ئەو بەندکرا

بەڵام وەختێ ڕووبارێک بەند دەکرێ

ڕووبارەکانی تر لە جوڵە و ڕۆشتن ناکەون و

سەرچاوە هەر هاژەیەتی

کە لوتکەی شاخێک ئەگیرێت

سەد لوتکەی تر سەرهەڵەبڕن

درەختێکمان پێوەند ئەکەن

لە گشت لاوە دارستان و بێشەڵانمان ڕائەپەڕن

کە هەڵۆیەک زنجیرەکەن

سەدان هەڵۆمان باڵ ئەگرن

ئەوان ئۆجالانیان فڕان

بەڵام هەرگیز بەربەرییەکان

بۆیان ناکرێ لەناو ژیانی ملیۆنانا

خۆشەویستیی ئۆجالان و

عەشقی خاک و

کوردایەتیی و

تیشکی ئازادی

بفڕێنن

چۆن ئەتوانن شاخ بفڕێنن

مانگی شەهیدان بفڕێنن

شار بفڕێنن

خۆر بفڕێنن

سرودەکانمان بفڕێنن

چۆن ئەتوانن سلێمانی و دیاربەکر بەنج بکەن و

چۆن ئەتوانن

ئاگری نەورۆز پێوەند کەن و

بەچی چاوی ڕەشەبامان ئەبەستنەوە

چۆن گریان و شەپۆلەکان کۆت ئەکەن و

چۆن ئەتوانن

زەریاچەی وان بگوێزنەوە

بەچی کەلەپچەی باوەڕ و حەقمان ئەکەن

بە تۆڕی چنراوی هەموو جیهان

ئۆجالانمان دەستگیر کرا

بەڵام ئاخر

ئەو شۆڕشەی وا لەناخا دەستگیر ناکرێ

سبەینێمان دەستگیرناکرێ

ئەم زمانە دەستگیر ناکرێ

پرشنگی ڕۆح دەستگیرناکرێ

باڵی لاوک و حەیرانمان دەستگیر ناکرێ

زاوزێی کورد دەستگیر ناکرێ

ئەم مێژووە بێهۆش ناکرێ و

کەلەپچەش ناکرێتە دەستی بڕوا و هەتاو

ئێرە سلێمانییە و

سلێمانی یەک هاوارە لەناو گەرووی ئازادییدا

بۆ ئازادیی ئۆجالان و

سلێمانی هەمان خوێنی دڵی

جگەرخوێنی لێ ئەتکێ و

وەک بێشکچی

هەمان عەشق دەدا بەخۆیدا و

لەگەڵ هەمان خەوندا ئەژی

ئێرە سلێمانییە و

منیش شاعیرێکی ئێوەم

شاعیری گوڵ و قوربانیی

لەگەڵتانم لەم شەوەدا و

لەناوتانا ئەنگوستی شیعرم هەڵەکەم

ئەگەر هیچیشم پێ نەکرێ

خۆ من خەونی پەپولەیەک

لەبەر شەوقی پەنجەکانما ئەهێنمە دی

من ئێستاکە

چاوەکانی دیاربەکر وان لە چاوما

من خۆم ناگریم

ئەوە ئەوە لەناو ڕۆحما بەکوڵ ئەگری

لەگەڵتانم

لەگەڵتانم.. من ئێستاکە وا هەستەکەم

لە شەوگاری بێکۆتایی ئۆجالانا

لەسەر چرپای ئەشکەنجەکەی

بووم بەو گڵۆڵە لۆکەیەی

تەنیا بۆ ساتێک سپیم و

لە پڕێکا ئازاری سور ڕەنگم ئەکا و

دام ئەپۆشێ

گوڵی ژاڵەی

تاق و تەنیای

برینەکەی.

دەقی شێعرەکە بە خوێندنەوەى شێرکۆ بێکەس لە مەد تیڤی دا لەم لینکەی خوارەوەدایە:

سبەی: رۆژهەڵاتیش بێدەنگیی خۆی شکاند

ف.ق / ژ.ت