دیوارێکی ٢٧٠٠ ساڵە بەدرێژایی ١١٥کیلۆمەتر لە کرماشان دۆزرایەوە

تیمێک لە مێژووناسەکان شوێنەواری دیوارێکی دوو هەزار و ٧٠٠ ساڵەیان لە پارێزگای کرماشان دۆزیوەتەوە کە ١١٥ کیلۆمەتری تا ئێستا ئاشکرا بووە.

دیوارێکی ٢٧٠٠ ساڵە لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان دۆزراوەتەوە کە پانیەکەی چوار مەتر و بەرزاییەکەی سێ مەترە، تا ئێستا بە درێژایی ١١٥ کم لەم دیوارە ئاشکرا بووە.

مێژووناسەکان ئەم دیوارە بە هاوتای دیواری باستانی 'هادریان' لە بەریتانیا دەزانن کە بە دەستی ڕۆمیەکان لە ٥٠٠ ساڵی پێش زاین دروستکراوە.

ئەم دیوارە بەردینە لە کوێستانی 'بەمۆ' لە سەرپێل زەهاو دەستپێدەکات و دەگاتە گوندی 'ژاومەرگ' لە نێوان شارەکانی شاباد و سەرمەست لە پارێزگای کرماشان، ئەو کەلوپەلە گڵینانەی لە نزیک ئەم دیوارە دۆزراونەتەوە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی چوار تا شەشی پێشزاین.

شوێنەواری بیناکانی دەوروبەری ئەم دیوارە، کە ئیستا وێران بوون، لە زۆربەی ناوچەکان لە پاڵ دیوارەکان دەبینرێن و ڕێژەی یەک ملیۆن مەتری چوارجا بەرد لەخۆ دەگرێت کە بۆ دروستکردنیان پێویستی بەکار، کات و کەلوپەلێکی زۆر بووە.

سەرەڕای ئەوەی ئەم دیوارە ئێستا بۆ مێژووناسان ئاشکرا بووە بەڵام خەڵکی ناوچەکە لە مێژەوە بە "دیواری گاوری" دەیناسن و لە هەبوونی ئاگاداربوون.

سجاد عەلی بەیگی، خوێندکاری دۆکتۆرای باستان ناسی، لە بابەتێک کە لەسەر دۆزینەوەی ئەم دیوارە بڵاویکردوەتەوە، نووسیویەتی: لەوانەیە ئەم دیوارە سنووری ئیمپراتۆرییەکی باستانی بێت کە بۆ بەرگری دروست کرابێت و لەوانەشە درێژاییەکەی زۆر زیاتربێت لەوە کە ئێستا دەوترێت.

ف.ق