دەدە: هێرشە نەژادپەرەستییەکان بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتەوە روودەدەن

ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە کوشتنی گەنجێکی کورد بە ناوی ئۆزکان توکای بەردەوامن. ئومید دەدە ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی ناوەندیی هەدەپە و یاریدەدری هاوسەرۆکان رایگەیاند، ئەو هێرشانە بەهۆی شێوەى هەڵسوکەوتى دەوڵەتەوە بۆ سەر کورد روودەدەن.

ئومید دەدە ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی ناوەندیی هەدەپە و یاریدەدری هاوسەرۆکانی هەدەپە لەگەڵ هاوسەرۆکی هەدەپە لە ناوچەى ئەردیشی وان سەردانی پرسەى ئۆزکان تۆکای-یان کرد، کە لە کاتی کرێکاریدا لە ئافیۆن لەلایەن نەژادپەرەستەکانی تورکەوە هێرشیکرابووە سەر و کوشتبویان.

ئەو سیاسەتمەدارانە ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو هێرشانە نیشان دا و رایانگەیاند، ئەوهێرشە بەردەوامانە بۆ سەر گەلی کورد بەهۆی جۆری هەڵسوکەوت و رەفتاری حکومەت لە دژی کورد روودەدەن.

'شاڵاوی گەلەکۆمەکی و بێکەس کوژکردن لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەچێت'

ئومێد دەدە رایگەیاند، لە دژی گەلی کورد شاڵاوی گەلەکۆمەکی و بێکەس کوژکردن بەڕێودەچێت و ئەوەش بە دەست و زمانی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت. راشیگەیاند "گروپە نەژاد پەرەستەکان هێز لەو سیاسەت و رەفتارەى دەوڵەتەوە وەردەگرن و خۆیان بەو قسە نەژادپەرەستانانە لەسەر پێ دەهێڵنەوە. هەر وەک ئەوەى دوێنێ لە ساکاریا روویدا و ئەمڕۆش لە ئافیۆن روویدا، پێش ئەوانەش لە ئەنقەرە و زۆر ناوچەى تریش ئەو هێرشە فاشیستییانە کرابوونە سەر کوردان".

'خۆیان لە بەرامبەر کورددا پێ راناگیرێت'

ئومید دەدە ئاماژەى بەوەکرد، هۆکاری ئەو هێرشانە بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە کە خۆیان لە بەرامبەر کورددا پێ راناگیرێت و کورد تەحمول ناکەن و وتی "دەسەڵات بەو زمانە سیاسییە، کە بەکاری دەهێنێت لە ناو گەلانی تورکیادا بێ تەحەمولیی لە دژی کوردان دروستکردووە. ئێمە ئەوە بە دەرەنجامی سیاسەتەکانی حکومەت لە دژی کوردان دەزانین. بە بڕوای ئێمە سیاسەتی حکومەت کە لەسەر شەڕە و هەروەها زمانی شەڕی حکومەت دەبێتە هۆی ئەوە، کە گروپە فاشیستەکان دەست بە جموجوڵ و پەلاماردان بکەن. ئێمەی هەدەپە هەر لە سەرەتاوە بۆ پێکەوە ژیانی گەلان کار دەکەین و هێشتاش هەر ئومێدەوارین. سەرباری ئەو هێرشانەش ئێمە ئومێدەوارین، کە گەل بتوانێت پێکەوە بژی. ئێمە هەمیشە لە دژی ئەو هێرشانە لەپاڵ گەلەکەى خۆماندا دەبین. ئەستەمە مرۆڤ ئەو هێرشانە قبوڵ بکات. هەم لە رووی مافەوە و هەم لە ناوەندە دیمکراتیکەکاندا ئێمە لە دژی ئەو  هێرشانە دەوەستینەوە".

'ئێدی ئێمە ناتوانن تەرمەکانیشمان بەخاک بسپێرین'

یاشار کوچاش هاوسەرۆکی هەدەپە لە شاری ئەردیش لە پارێزگای وان ناڕەزایەتی لە دژی ھێرشە نەژادپەرەستییەکان نیشان دا و ئاماژەى بەوەکرد، دواى ئەوەى تەرمەکەى ئۆزکان تۆکای هێنرایەوە بۆ ئەردیش، لە ناو شاردا جموجوڵی سەربازەکان و پۆلیس زیادیکرد و تەرمەکەیان گەمارۆدا. راشیگەیاند، ئیدی ناتوانن تەرمەکانیشیان بە ئاسانی و لە مەراسیمی ئاسایدا بەخاک بسپێرن و رێگاشیان پێنادرێت پرسەش دابنێن.

کوچاش باسی ئەوەیکرد، هێرشەکان لەم دواییانەدا زیادیان کردووە و یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ئەو هێرشانە بۆ ئەو زمانە نەژادپەرەستییە دەگەڕێتەوە، کە پشتیوانی لە نەژادپەرەستەکانی پێدەکرێت و ئێمە ئەو زمانە نەژادپەرەستییە ئیدانە دەکەین. کۆچاش ئەوەشی وت "هەموو ئەو کەسانەى لەم وڵاتەدا دەژین دەبێت رێز لە یەکتر بگرن، ناچارن بە رێزەوە لەگەڵ یەکتر مامەڵە بکەن. لەبەر ئەوەى لە ئەردیش دەرفەتی کار نییە، گەنجان ناچار دەبن بۆ کار بڕۆن بۆ ئیستەنبول و ئەنقەرە و شارەکانی تر. لە غەریبی و لە دووریی بنەماڵەکانیاندا هێرشی نەژادپەرەستانەیان دەکرێتە سەر و دەکوژرێن. ئەو هێرشانە قبوڵ ناکرێن. ئێمە ئەو هێرشە نەژادپەرەستییانە ئیدانە دەکەین".

'هێرشەکانە دەبنە هۆی زۆربوونی رق و توڕەیی'

کۆچاش ئاماژەى بەوەشکرد، هێرشەکان دەبنە هۆی ئەوە گەل لە یەکتر داببڕێن و وتی "ئەو هێرشانە دەبنە هۆی ئەوە، کە لە ناو گەل دا توڕەبوون و رقێکی گەورە دروست ببێت. ئەگەر هێرشی لەو شێوەیە رانەگیردرێن ئەوا دابڕانێکی گەورە لە ناو گەل دا دروست دەبێت. دەبێت بە خێرایی ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە بگەڕێتەوە. ئەو هێرش و زمانە نەژادپەرەستییە دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت. لە ناوچەیەک کە ئاشتی و دیموکراسیی تیادا نەبێت، ئەستەمە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەدی بێت و قەیرانی ئابووریش هەر بەردەوام دەبێت. کورد ئیدی لە شارەکانی رۆژئاوای تورکیادا ناتوانێت بە زمانی دایکیی خۆی قسە بکات. دەبێت ئەو بێ مافی و نادادییە بەخێرایی کۆتایی پێ بێت".

ژ.ت