دەمیرتاش وەڵامى ئەردۆغانى دایەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوى هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا لە ڕێگەى تویتەرەوە وەڵامى ئەردۆغانى دایەوە. ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا دژایەتیى خۆى بۆ پاڵێوراوبوونى دەمیرتاش خستبووەڕوو.

سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا، کە لە زیندانى جۆری ئێفی ئەدیرنە دیلکراوە وەڵامى تەیب ئەردۆغان سەرۆکى گشتیى ئاکەپە و سەرۆک کۆمارى تورکیاى دایەوە. ئەردۆغان لە دژى پاڵێوراوبوونى دەمیرتاش رایگەیاندبوو "دەبێت هەلومەرجی پاڵێورابوونى بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار هەبێت. دەبێت ئەو هەڵەیە (کە دەمیرتاش کراوەتە پاڵێوراو) راست بکرێتەوە".

دەمیرتاش لە رێگەى تویتەرەوە وەڵامى ئەردۆغانى دایەوە و وتى "ئەردۆغان سەیر بکە ئەمجارە لەگەڵتام، دەبێت سەرەتا تۆ بۆ خۆپاڵاوتنت بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار، بڕوانامەى خوێندنت هەبێت و ئەوەش بخەیتەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس بڕوانامەکەى تۆى نەبینیوە. من هەموو فاکتەرەکانى بۆ پاڵێوراوبوونی سەرۆکایەتیى کۆمارم هەیە، بەڵام بێگومان تۆ هەموو فاکتەرەکانت نییە".

ر.م