دەوڵەتى تورکیا لە گوندێکى باکووری کوردستان ١١ بنکەى سەربازیى دروستکردووە

دەوڵەتى تورکیا لە گوندی ناڤبەرۆژا لە ناوچەى شەمزینانى جۆلەمێرگ ١١ بنکەى سەربازیى دروستکردووە. سەربازان رێگرى لە هاووچۆى هاووڵاتییان و لەوەڕاندنى ئاژەڵەکانیان دەکەن و سزاى داراییان بەسەردا دەسەپێنن. لەو بنکە سەربازییانەوە ناوچەى برادۆستیش تۆپباران دەکرێن.

گوندی ناڤبەرۆژا ٤ هەزار دانیشتووی هەیە و سوپاى تورکیاش ١١ بنکەى سەربازیى تیادا دروستکردووە. هاووڵاتییانى ئەو گوندە بە ئاژانسى هەواڵى میزۆپۆتامیا (MA)یان راگەیاندووە، بەهۆى سیاسەتى دەوڵەتى تورکیاوە ناتوان بە ناو گوندەکەیاندا بگەڕێن و هاتووچۆ بکەن. کاتێکیش هاووڵاتییان بیانەوەێت ئاژەڵەکانیان ببن بۆ سەر رووباری ناو گوندەکەیان لەلایەن سەربازانى تورکیاوە رێگرییان لێدەکرێت. هەر کاتێکیش ئاژەڵەکانیان لە رووبارەکەدا ئاو بدەن، بڕی ٢ هەزار لیرەى تورکی سزا دەدرێن.

هاووڵاتییانى ئەو گوندە راشیانگەیاندووە، ماوەى ٤ ساڵە بەهۆی ئەو بنکە سەربازییانە و رێگریى سەربازانەوە ناتوانن چاویان بە خزمەکانیان بکەوێت، کە هەنگاوێک لە یەکترەوە دوورن. هاووڵاتییانى ئەو گوندە وتوشیانە، رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر دەچەوسێنرێنەوە و هەڕەشەی زیاتریان لێدەکرێت.

قۆناغى پرۆسەى ئاشتى قۆناغى دروستکردنى بنکەى سەربازی بوو، ٢ بنکەیان کرد بە ١١ بنکە

جابار تاش هاووڵاتییەکى گوندی ناڤبەرۆژایە و رایگەیاند، دەوڵەتى تورکیا لە کاتى بەڕێوەچوونى پرۆسەى ئاشتیدا ئەو بنکە سەربازییانەى دروستکرد. لە بەردەوامى قسەکانیدا راشیگەیاند "هەزاران خێزانمان لە بەشى باشووردا گیران خواردووە و لە جەژنیشدا ناتوانین سەردانیان بکەین و بیان بینین. ئەو رووبارەى بە ناوەڕاستى گوندەکەدا تێدەپەڕێت کردوویانەتە سنوور لە نێوان ئێمەى کورد دا و ناتوانین ئاژەڵەکانمان ببەینە رووبارەکە و ئاویان بدەین. رووبارەکەیان لە ئێمە و ئاژەڵەکانمان قەدەغەکردووە".

جابار تاش ئەوەشى وت "تاوەکو کاتى پرۆسەى چارسەری تەنها ٢ بنکەى سەربازى لە گوندەکەماندا هەبوو، بەڵام لە کاتى پرۆسەى چارەسەریدا ئەو بنکە سەربازییانەیان کرد بە ١١ بنکە. بەهۆى ئەو سیاسەتەوە ئێمە ناتوانین بە ناو گوندەکەى خۆشماندا بگەڕێین".

هیچ دەوڵەتێک وەک ئاکەپە زوڵمی نەکردووە

تاش باسى ئەوەیکرد، ماوەى ٤٠ ساڵە لە گوندەکانى سەر سنووردا شەڕ هەیە، بەڵام هەرگیز شتى لەمجۆرەى ئێستایان نەبینیوە و لە بەردەوامیى قسەکانیدا باسى ئەوەشیکرد "تاوەکو ئێستا هەر حکومەتێک دەسەڵاتى گرتووەتە دەست هەوڵیداوە لە رێگەى سیاسەتى شەڕەوە درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات، ئەوەى دێت وادەکات، کە بەڵێن رەحمەت لەوی تر. لە کاتى تانسو چیللەردا گوشار هەبو، بەڵام هەرگیز گوشاری وەک ئەوەى ئێستا نەبوو".

ئەو هاووڵاتییەى گوندی ناڤبەرۆژا ئەوەشى وت "ئێستا دەیانەوێت هەموو دانیشتوانی گوندەکانى سەر سنوور برسی بکەن و بە سیاسەتى برسیکردن ملکەچیان بکەن. بەهۆى ئەو سیاسەتانەیانەوە ئاژەڵدارى لەناو چووە و خاڵى سنوورى رووبارۆک-یشان داخستووە. هەر حکومەتێک دێتە ئێرە، بۆ ماوەیەک سنوورەکە دەکاتەوە و دواتر دایدەخاتەوە".

نازانن بەهۆى تۆپبارانەکانەوە چى بکەن

محەمەد تاش هاووڵاتییەکى تری ئەو گوندە وتى "لە بنکە سەربازییەکانى گوندەکەمانەوە شەو و رۆژ ناوچەى برادۆست تۆپباران دەکرێت، بەهۆى دەنگى تۆپەکانەوە دەروونمان تێکچووە. با ئەم زوڵمە رابگیرێت و بە خێرایى دەنگى تۆپەکان بوەستێنرێن. بەهۆى دەنگى تۆپەکانەوە ئێمە دەنگى یەکتر نابیستین و گوێمان قورس بووە".

وتیشی "کاتێک ئەڕۆین بۆ باخچەکەى خۆمان ئێمە لەلایەن سەربازانەوە تەقەمان لێدەکرێت و دەکرێینە ئامانج. بیر لەوە بکەنەوە باخچەکەمان لە ناو گوندەکەماندایە، لە بەردەم ماڵەکەماندایە، بەڵام رێگا نادەن بڕۆین بۆ باخچەکەمان. بەهۆی ئەو کارانەوە ئاژەڵداریمان لە دەستچوو. تەنها چەند مەڕێکمان ماوە".

ئەوەشى وت "کاتێک مەڕەکانمان دەبینە بۆ سەر رووبارى ناو گوندەکەمان سەربازان دێن و دەستگیرمان دەکەن و ٢ هەزار لیرەى تورکی سزامان بەسەردا دەسەپێنن. کاتێک ئەوەیان بەرامبەرم کرد چووم سکاڵام تۆمار کرد، بەڵام بەرپرسانى دەوڵەت پێیان وتم 'ئەوەتان شایانە' ئیتر بەسە، کۆتایى بەم زوڵمە بهێنن. ئێمە دەمانەوەێت لە وڵاتى خۆماندا و لەسەرخاکى خۆماندا بەشێوەیەکى ئازادانە بژین".

جەردەوانییان قبوڵ نەکردووە

نوردەین تاش هاووڵاتییەکى تری گوندى ناڤبەرۆژا ئاماژەى بەوەکرد "ئاژەڵدارى گرنگیى زۆرى هەیە بۆیان، بەڵام گوندەکەیان کردووین بە سنوور و حەرەمى سەربازی. لە ناو گوندەکەى خۆماندا لەلایەن سەربازانەوە هێرش دەکرێتە سەرمان. ئەو رووبارەى ناو گوندەکەمان، کە سەرچاوەى دابینکردنى ئاوى گوندەکەمانە دەستى بەسەردا گیراوە و لە خۆمان قەدەغە کراوە. کاتێک بڕۆین بۆ سەر رووبارەکە ٢ هەزار لیرەى تورکی سزامان بەسەردا دەسەپێنن".

نورەدین ئاماژەى بەوەشکرد "بۆ ئەوەى ژیانمان دابین بکەین، تەنها ئاژەڵداری سەرچاوەى بژێویمانە، بەڵام رێگا نادەن درێژە بە کارى ئاژەڵداریمان بدەین. دەیانەوێت دەستبەرداری گوندەکەمان بین و ئاوارە بین".  

ئەو هاووڵاتییەى گوندى ناڤبەرۆژا باسى ئەوەشیکرد "لە ناوچەى گەردی تاکە گوندێک جەردەوانی (جاشایەتی) قبوڵ نەکردووە، تەنها گوندەکەى ئێمەیە. لەبەر ئەوەش دەیانەوێت برسیمان بکەن و لە رێگەى برسێتییەوە ناچارمان بکەن ببین بە جەردەوان. دەیانەوێت ئێمە بین بە خزمەتکار و غوڵامیان، بەڵام لە برساش بمرین سەریان بۆ دانانەوێنین. ئیدی بەسە، ئیدی با دادپەروەرى بگەڕێتەوە بۆ ئەم ناوچەیى ئێمەش".

ر.م