راگەیاندراوی یەبەشە لەبارەی تەقینەوە لە شەرەفەدینی شەنگال

یەبەشە رایگەیاند، دوێنێ شەو لە ناوچەى شەرەفەدین ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە. راشیگەیاند، سەرباری ئەوەى تەقینەوەکە لە سنووری هێزەکانی پەدەکە روویداوە، بەڵام راگەیاندنەکانی ئەو حیزبە هەوڵ دەدەن تەقینەوەکە بۆ خراپ نیشاندانی ئارامیی شەنگال بەکار بهێنن.

ناوەندی راگەیاندنی یەکەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) رایگەیاند، دوێنێ شەو کاتژمێر ٢٠:٤٥ لە نزیک مەزارگەى شەرەفەدین، کە ناوچەیەکی پیرۆزی کۆمەڵگەى ئێزدییە، ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە.

یەبەشە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە ئەو ئۆتۆمبێلە چۆن و کێ تەقاندوییەتەوە.

لە راگەیاندراوەکەى یەبەشەدا ئاماژە بە پڕوپاگەندەی دەزگاکانی راگەیاندنی سەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کراوە و تیایدا هاتووە "ئەوەى جێگای سەرنجە، هەندێک هێز و هێزەکانی پەدەکە رایانگەیاندووە، ئەوە هێرشێکی ئاسمانییە، بەڵام لەو کاتەدا، کە ئەو ئۆتۆمبێلە تەقیوەتەوە فڕۆکەى چاودێری و فڕۆکەى جەنگی لە ئاسمانی شەنگالدا نەبووە".

یەبەشە ئەوەشی راگەیاند، ئەو شوێنەى ئۆتۆمبێلەکەى تیایدا تەقیوەتەوە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پەدەکەیە و ئەو ناوچەیە لە دەست هێزە چەکدارەکانی پەدەکەدایە.

یەبەشە ئاماژەى بەوەشکردووە، پڕوپاگەندە لەسەر ئەو رووداوە دەکرێت و هەوڵ دەدەن ئەوە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەى شەنگالییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەکار بهێنن و راشیگەیاندووە "دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ئەوە نیشان بدەن، کە دۆخی ئاسایش لە شەنگال ئارام نییە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە، دوای تێکۆشانی ٦ ساڵ ئەو ئارامییە لە شەنگال دەستەبەرکراوە لە هیچ شوێنێکی تری عێراق و باشووری کوردستاندا نییە. ئەو کەسانەى کە دەیانەوێت بەو پڕوپاگەندە و یاریکردنانە ئارامیی شەنگال بخەنە مەترسییەوە، بە دڵنیاییەوە بە ئامانجەکەیان  ناگەن".

ژ.ت