روونکردنەوەیەک لە ئاسایشی قەندیلەوە

ئاسایشی قەندیل رایگەیاند، دەبوایە وەک ئەخلاقی کاری رۆژنامەنووسی بۆچوونی ئێمەش لەبارەى رووداوی شەڕەکەی ساڵی پاری نێوان هاووڵاتییانی دۆڵی قەڵاتوەکان وەربگیرایە، نەک یەک لایەنە هەوڵ بۆ چەواشەکردنی راستی بدرایە و ئێمەى پێ تۆمەتبار بکەن.

فەرماندەیی ئاسایشی قەندیل لەبارەى هەواڵێکى چەواشەکارانەى کەناڵی کوردستان ٢٤ لە دژی هێزەکانیان روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە.

دەقی روونکردنەوەکەى ئاسایشی قەندیل

 بۆ راگەیاندنەکان و رای گشی

دۆڵی قەڵاتوکان لە هەرێمی بناری قەندیل لە چەند گوندێک پێکدێت و لە ٢٤ی ١٠ی ٢٠١٩دا لەسەر پوش و پاوان لە دۆڵی قەڵاتوەکان لە نێوان گوندی قەڵاتوکان و گوندی دەشتیوان دا کێشە دروستبوو. سەرباری هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەریی کۆمەڵایەتیی کێشەکە، بەڵام لە ئەنجامدا بە هۆی ئەو کێشەیەوە شەڕ لە نێوان هاووڵاتیانی ئەو ٢ گوندەدا روویدا و هاووڵاتییەک بە ناوی سەرحەد عەلی کوژرا و هەر یەک لە رەسوڵ عوسمان و ئاگر عەلی-یش بریندار بوون.

یەکەی بەرپرسیارمان لەو ناوچەیە تاوەکو گەیشتنە شوێنی روداوەکە، ئەو رووداوە ناخۆشە روویدابوو. یەکەی ئاسایشمان و دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵیاندا رێگری لە زیاتر گەورەبوونی کێشەکە بکەن.

دوای ماوەیەک هەندێک کەس لە گوندی قەڵاتوکان ئیدعای ئەوەیان کردبوو، کە لەو شەڕەدا "ئاسایشی پەکەکەش چەکی بەکارهێناوە و ئەو کەسە لە ئەنجامی تەقەى پەکەکەدا کوژراوە". لەسەر ئەو ئیدعایە، کە هیچ راستییەکى نییە، ئێمە وەک فەرماندەیی ئاسایشی قەندیل ئەم روونکردوەیەمان بۆ رای گشتی بە گونجاو زانی. ئەو دەزگا راگەیاندنەی، کە ئەوەی لەسەر ئەو رووداوە بڵاوکردووەتەوە لەبارەى رووداوەکەوە هیچ بۆچوون و رایەکى ئێمەى وەرنەگرتووە.

ئێمە وەک ئاسایشی قەندیل لەو بابەتانەدا هەستیار و هۆشیارین. بابەتەکە کێشەی عەشیاری و کۆمەڵایەتییە. هەموو لایەنەکانى ئەو کێشەیە دیارن، چۆن شەڕیانکردووە روون و دیارە، ئەو کەسانەى لە شوێنى رووداوەکەدا برینداربوون ئەوانیش دیارن، لە هەمان کاتدا خەڵکی ناوچەکەمان شاهیدی رووداوەکەن، سەرباری ئەو هەموو راستییانەش هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی ئەو رووداوە بخەنە ئەستۆی هێزەکانمان جێگەى شەرمەزارییە. هێزەکانمان لەو رووداوەدا چەکیان بەکارنەهێناوە، هێزەکانمان دوای کوشتنی سەرحەد گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. ئەو کەسەى ئەو ئیدعایە دەکات بەرامبەر بە لێدوانەکەی خۆی بەرپرسیارە. هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بۆ شاردنەوەى تاوانی خۆی بەرامبەر بە گەل ناوی ئێمە و هێزەکانی ئێمە بۆ خۆی بەکار بهێنێت.

کەناڵی کوردستان ٢٤ بۆ کام مەبەست ئەو هەواڵەى بەو ناووەرۆکەوە بڵاوکردووەتەوە خۆیان لێی بەرپرسیارن، بەڵام وەک ئەخلاقی کاری رۆژنامەنووسی دەیانتوانی رای ئێمەش وەک لایەنێک وەربگرن. بۆ ئەوەش نوێنەرەکانمان دیارن و بەرامبەر بە گەلی خۆیان بەرپرسیار و شەفافن.

بە هیوای رۆژانی ئازاد و ئارام

سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی

فەرماندەیی ئاسایشی قەندیل

٣/٤/٢٠٢٠

ژ.ت