رۆژەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست – ٣ -

هەموو هەوڵەکان بۆ رەشکردن و ناشیرینکردن و پاکتاوکردن بەرفراوان کرا. دەبو لە عوسمان سەبری تاوەکو مەلا  ئەڤدەل تمۆقی و لە گۆڕەپانێکی بەرفراواندا سەربکەوتایە، کە وەک رێبەری هەر بەشێک بمایایەتەوە.

یەکەم گەشەسەندنەکانی 'سەرەتا' لە چوارچێوەی 'پیلانگێڕیی نێوەنەتەوەیی لەدژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ساڵی ١٩٨٦دا' روویدا، بەڵێ لەوێوە هەموو هەوڵەکان بۆ رەشکردن و ناشیرینکردن و پاکتاوکردن بەرفراوان کرا. دەبو لە عوسمان سەبری تاوەکو مەلا  ئەڤدەل تمۆقی و لە گۆڕەپانێکی بەرفراواندا سەربکەوتایە، کە وەک رێبەری هەر بەشێک بمایایەتەوە.

چەند ساڵ دواى هەڵمەتی ١٥ی تەباخی ١٩٨٤لە کوردستان و ناوچەکەدا رێگا بە رووی گەشەسەندنی رادیکاڵ دا کرایەوە، رەنگە ئەوە بۆ پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد قورسترین قۆناغ بوو بێت. ئەو گولـلەیەى لە ١٥ی تەباخ دا تەقێنرا لەلایەکەوە دەوڵەتە داگیرکەرەکان و هێزە نۆکەرەکانی ترساند، لە لایەکی تریشەوە لە ئاستی نێونەتەوەیدا و بە پشتیوانیی وڵاتانی رۆژئاوایی لە دژی پەکەکە و رێبەرایەتییەکەى دەست بە دوگمەدا نرا. لەبەر ئەوەى بە بیری کەسدا نەدەهات، کە لە پارچەى باکووری کوردستان، کە سەرکوتکارییەکەى ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ی لەسەر بوو، شەڕی گەل دەستپێبکات.

یەکەم کاری دەوڵەتی تورک، کە لە ١٥ی تەباخ شۆک بوو بوو، ئەوە بوو رێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسیی باکوور (ناتۆ) بخاتە کار. ئەو چاوپێکەوتنانەى، کە بە ناوەندێتیی ناتۆ لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ١٩٨٤دا بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی چەکداریی کوردان ئەنجامدرابوون، لە نیوەی ساڵی ١٩٨٥دا هەندێک بڕیاریان دابوو. ئەو بڕیارانەش رێبەری گەلی کورد و پەکەکە بە سەرۆکایەتیی ئەویان کردبووە ئامانج. باشە، لەو کاتەدا لە بەرەی پەکەکەدا چی رووی دەدا؟ پەکەکە کە لە ٢١ی ئاداری ١٩٨٥دا دامەزراندنی بەرەی رزگاریی گەلی کوردستان (ئەڕنەکە)ی راگەیاند، لە گەنجانەوە تاوەکو ژنان، لە کرێکاران تاوەکو رۆشنبیران، لە مسوڵمانەوە بۆ ئێزدی و عەلەوی بە وتەی 'من هەم، کە هەموو بەش و جومگەکانی کۆمەڵگەى کوردستان بە رێکخستن دەکەم' و بەو شێوەیە خۆی خستبووە گۆڕەپانەکە. ئەندازیاری ئەو خەباتەش بێگومان رێبەری گەلی کورد بوو. ١٥ ساڵ لە دوای ١٩٨٥لە مێژووی نزیکی کورداندا ئەوە تۆمارکرا، کە ئەڕنەکە بە چ ئەرک و رۆڵێک هەستاوە.

دوای دامەزراندنی ئەڕنەکە قۆناغی بەرەو هاوینی ١٩٨٥ دەستیپێکرد، مانگی تەممووز تێپەڕی و دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە دۆخەکەى بەمشێوەیە بۆ رۆژنامەى ئۆزگیور پۆلیتیکا شیکار کردبوو: بەو هێرشانە کە لە پاییزی ١٩٨٤دا راستەوخۆ بە فەرماندەیی کەنعان ئەڤرەن ئەنجامدران، گوایە بەپێی ئەو حسابەى خۆیان کردبوویان ٣ بۆ ٥ کەسی 'رێگر و یاخین' و هەوڵ دەدەن بە خێرایی لە ناویان ببەن، بەڵام بە پێچەوانەوە گەریلا لە ٣ مانگدا نزیکەى ٦٠ چالاکیی سەربازیی ئەنجامدا. گەریلاکان لە کاروانە سەربازییەکەى خودی کەنعان ئەڤرەنیشیان دا، کە هاتبوو بۆ شەمزینان و دەگەڕایەوە، پاسەوانەکانی کەنعان ئەڤرەن کوژران. سوپای تورک لە بەرامبەر ئەو چەند گەریلایەدا سەرکەوتوو نەبوو. لەبەر ئەوەش لە ١٩٨٥دا دەوڵەتی کۆماری تورکیا کێشەى پەکەکەی خستە بەردەستی ناتۆ. خواستی خاڵی ٥هەمینی ناتۆ چالاک بکرێت. ئەو خاڵە ئەوەیە 'ئەگەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەندامێکى ناتۆ، ئەوە بە هێرشکردنە سەر ئەندامانی تر دەزانرێت، لەبەر ئەوەش بۆ پاراستنی ئەو ئەندامەیان، کە هێرشی کراوەتە سەر ئەندامانی تریش دەست بە شەڕ دەکەن، پشتیوانی لەو ئەندامەیان دەکەن، کە هێرشی کراوەتە سەر و دەیپارێزن".

دەوڵەتی کۆماری تورکیا داوای لە ناتۆ کرد، کە ئەو خاڵە لە دژی پەکەکە بخاتە کار. ناتۆ لەسەر ئەوە کۆبووییەوە و قبوڵی کرد. دوای ١٩٨٥ شەڕ لە دژی پەکەکە لە هەموو روویەکەوە لەلایەن ناتۆوە پلانی بۆ دانرا و رێکخرا و بەڕێوەبرا. هەموو ئەو شتانەى کە دەوڵەتی کۆماری تورکیا کردوویەتی لە بەرزرترین ئاستدا لەلایەن ناتۆوە قبوڵکراوە. دەوڵەتی کۆماری تورکیا کەوتە دۆخێکەوە، کە بەبێ ئەوەى ئەوان قبوڵی بکەن، نەیدەتوانی یەک جوڵە بکات. هەموو قۆناغەکانی شەڕی تایبەت بە بەردەوامی سپارد بە ناتۆ و جێبەجێی کرد". 

کەمپەینی رەشکردن لە دژی رێبەری گەلی کورد

سەرەتای ئەو رووداوانە، کە لە دژی تێکۆشانی پەکەکە لەسەری رێککەوتبوون سەرچاوە قوڵەکەى بۆ ناتۆ دەگەڕێتەوە، ئەویش لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید روویدا. ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید کە لە پێش هەموانەوە دۆستی گەلی کورد و دۆستی گەلانی چەوساوە بوو، کاتێک لە سینەما هاتە دەرەوە تیرۆر کرا. هەر بە دوای کوشتنی پاڵمەدا لە دژی پەکەکە و لە کەسایەتیی پەکەکەدا لە دژی گەلی کورد لە ئەوروپا تەونی جاڵجاڵۆکەییانەیان خستەکار. رێبەری گەلی کورد کرایە ئامانج و بە هاوکاریی میدیاکانی تورک، میدیای سوید و ئەڵمانیایان دایە پێش، کە عەبدوڵا ئۆجالان و بەڕێوەبەرانی پەکەکە فەرمانی کوشتنی پاڵمەیان دەرکردووە و بەو شێوەیە دەستیان بە بەڕێوەبردنی کەمپەینی رەشکردن و ناشیرینکردن کرد.

بەڵگە و ئارگۆمێنتەکانیان پووچ و بێ بنەما و ئامادە کراوبوون، بانگەشەى ئەوەیان دەکرد، کە داوای ڤیزای عەبدوڵا ئۆجالان بۆ رۆیشتن بۆ سوید رەتکراوەتەوە و بەو هۆیەوە ئەویش فەرمانی کوشتنی پاڵمەى دەرکردووە.

زۆرێک لە رێکخستن و رێکخراو و حیزبە کوردییەکانی ئەو کاتە و ئەو لایەنانە، کە خۆیان بە رۆشنبیر دەزانی، کەمپەین و هەڵمەتی رەشکردنەکەیان زیاتر و خۆشتر دەکرد. ئەو ئۆپراسیۆنانەى لە دژی هاووڵاتییانی کورد لە سوید دەستیپێکرد، دوای ماوەیەکیش لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد و لە ١٥ی ئاداری ١٩٨٦دا ئەو کوردستانیانە، کە خواستبوویان لە دویسبورگی ئەڵمانیا نەورۆز پیرۆز بکەین یەک بە یەک دەستگیر کران.  بە گوێرەى پۆلیسی ئەڵمانیا، کە هەموو شەقامەکانی شارەکەى گرتبوو، عەبدوڵا ئۆجالان، کە بە 'پلانداڕێژەری سەرەکیی' کوشتنی پاڵمە راگەیاندرابوو، بەشداریی ئەو نەورۆزە دەکات و وتە پێشکەشی ئامادەبوان دەکات. ئەوانەى ئەو زانیارییە بێ بنەمایەیان دابوو بە دەوڵەتی ئەڵمانیا، ئەو رێکخراو و حیزبە کوردییانە بوون، کە لەسەر دژایەتیکردنی پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجالان یەکیان گرتبوو و خۆیان لە سوید نیشتەجێکردبوو.

لەبەر ئەوە تێکۆشانی ئازادی بە پێشەنگایەتیی پەکەکە، لەلایەکەوە لە قورسترین هەلومەرجی کوردستاندا تێکۆشانێکی بێ هاوتای گەریلایی دەستپێکردبوو و لەلایەکی ترەوە تاوەکو دەهات ئەو جەماوەرەی، کە لە دەوری خۆی کۆی کردبووە رۆژ لە دوای رۆژ بەرفراوانتر دەبوو. هەر کەسێک حەز و خۆشەویستی بۆ دۆزی کوردستان لە دڵیدا هەبووایە، خۆشەویستیش بۆ ئۆجالان لە دڵیدا چەکەرەى دەکرد و رەگی دادەکوتا. جەماوەر و دەوروبەری ئەوانەى خۆیان بە 'حیزبە کوردییەکان' دەناساند روویان لە پەکەکە دەکرد. لە بەرەی دژبەردا گرنگترین هۆکاری رق و توڕەیی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوە دەگەڕایەوە. بە گوێرەى ئەوانە 'رۆڵەیەکی (منداڵێکی) گەل چۆن دەبێتە رێبەری گەلێک'، بەڵام عەبدوڵا ئۆجالان لەو ساڵانەدا هیوا و ئومێدی تێکشکاوی هەموو نەوە و جیلەکانی کوردی دەبوژاندەوە. بۆ نمونە یەکێک لەو کەسانەش عوسمان سەبری بوو، کە دوای ئەو ژیانەوەیە بووە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی رێبەری گەلی کورد.

'ئاپۆییەکان دەڕۆن بۆ شەڕ، ئێوەش دەڕۆن بۆ ئەوروپا'

رۆشنبیری کورد عوسمان سەبری، کە لە راپەڕینی شێخ سەعیدی پیرانەوە تاوەکو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی بەشداری راپەڕینەکان بوو بوو، خەون و خەیاڵی شکابوو، شاهیدی بەرخودانی خۆیبوون، ئارارات (ئاگری) و دێرسیم بوو، ئەو کەسانەی لەسەر رێگای رۆیشتن بۆ ئەوروپا بوون، رۆشنبیران، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی حیزبەکان بوون و لە شام سەردانی ماڵەکەیان دەکرد و لە ناوەڕاستی ١٩٨٠کاندا پێی دەوتن "ئێوە دەچن بۆ ئەوروپا و ئاپۆییەکان دەگەڕێنەوە بۆ وڵات، سەیر بکەن پێتان دەڵێم، ئەوان سەردەکەون و ئێوە تێکدەشێکێن".

عوسمان سەبری لەو ساڵانەدا کە زۆر سەردانی عەبدوڵا ئۆجالانی دەکرد دەیوت "ئێوە خەونی ئێمەتان بەدیهێنا، لە هیچ سەردەمێکی ژیانی خۆمدا ئەوەندە خۆم بە بەختەوەر و شاناز نەزانیوە". بێگومان تەنها عوسمان سەبری نەبوو، زۆرێک لە دراوسێ کوردستانییەکان شانازییان بە عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەکرد و پێی دڵخۆش بوون.  یەکێک لەوانە، کە لە نیوەى سەدەی ٢٠دا یەکێک لەلایەنە ناودارەکانی کوردستان بوو، مەلا ئەڤدل تمۆقی بوو. تمۆقی کە بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە رۆیشتبوو بۆ رۆژئاوا و ساڵی ١٩٩٢ کۆچی دوایی کرد، بە بەردەوامی لەلای عەبدوڵا ئۆجالان بوو و پشتیوانی و داکۆکیی لێدەکرد، بە تێپەڕبوونی کات پەیوەندییەکى زۆر بەهێز لە نێوانیاندا دروستبوو. تەنانەت عەبدوڵا ئۆجالان بەهۆی ئەوەى مەلا ئەڤدل زۆر پیر بوو بوو، یارمەتیی دەدا، کە دەستنوێژ بگرێت و بە دەستی خۆی بەرماڵی بۆ رادەخست.

بێگومان ئەوانەى سەردانی رێبەری گەلی کوردیان دەکرد و پەیوەندییەکى بەهێزیان لەگەڵیدا دروستدەکرد، تەنها ئەوانە نەبوون. دوای ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٨٠ سەدان رۆشنبیر، هونەرمەند، سەرکردە، پەیامنێر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەردانی عەبدوڵا ئۆجالانیان دەکرد. خواردن دروستکردنی رێبەری گەلی کورد، تەنانەت رۆیشتن و گەڕانی بە ئۆتۆمبێلەکانی ئەوان، کە لەگەڵیاندا دەڕۆیشت، نزیکایەتی و رەفتاری ئەوەندە خاکییانە ئەگەر خۆیان لە رێبەرێکیان نەدیبایە و دیسیپلینی جەنگاوەرێکی پەکەکەیان لە نزیکەوە بە چاوی خۆیان نەبینیایە، رەنگە بڕوایان نەکردایە، بەڵام ئیدی بە تەواوی ئەوە بۆ هەموویان روون بووبوویەوە و بوو بووە گێڕانەوە هاوبەشەکانی هەموویان. عەبدوڵا ئۆجالان لەو کاتە کورتەدا لە مێژووی کوردستاندا سەردەمێکی نوێی دەستپێکرد. بەپێچەوانەى رێبەرانی پێشووتری کورد، لەگەڵ سوننە، عەلەوی، ئێزدی، دەوڵەمەند، هەژار، ژن، پیاو، گوندی، رۆشنبیر، کرێکار، باشووری، باکووری، رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایدا بوو و رێبەری هەموان بوو.

یەک لە دوای یەک وەڵامدانەوەی پیلانگێڕیی ١٩٨٦...

ئەگەر ئێمە دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٨٦، کە یەکێک لە قورسترین قۆناغەکانی بزووتنەوەى پەکەکە و رێبەری گەلی کورد بوو، لەو رۆژانەدا کەمپەینی رەشکردن و تەریکخستن و گەلەکۆمەکی دەستیپێکردبوو و گەیەندرابووە بەرزترین ئاست، لە ٢٨ی ئاداری ١٩٨٦ دا  مەعسوم کۆرکماز (عەگید) فەرماندەى هەڵمەتی ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ شەهید بوو. بزووتنەوەکە لە بەرامبەر ئەو بۆشاییەدا بە رێکخستنی کۆنگرەى ٣ لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦دا گەورەترین وەڵامی دایەوە.

لە کۆنگرەدا بەهۆی تێکۆشان لە دژی هەوڵ و رێگرییەکانی هێڵی پاکتاوکار لە ناو پەکەکەدا، گەورەترین ئەزمون بەدەستهاتبوو، لەبەر ئەوەش و لە پێناو ئەوەدا شەڕی گەریلایی، کە بە فەرماندەیی فەرماندە عەگید دەستیپێکردبوو، گەورەتر بکرێت هێزی رزگاریی کوردستان (هەرەکە) لە وەرچەرخانێکی گەورەدا کرا بە ئارتەشی رزگاریی گەلی کورد (ئارگەکە). هەر لەو کۆنگرەیەدا بڕیار درا، کە بەپێی ناوچەکان و ئەیالەتەکان، رێکخستن بۆ شەڕی گەریلایی بکرێت. رێبەری گەلی کورد بە کۆنگرەى سێیەم رەخنەکردن و رەخنە لەخۆگرتنی لەناو پەکەکەدا قوڵتر کردەوە، کە رێچکەیەکی بە ناوی 'پرسی کەسایەتی' دەستپێکردبوو.

لە ١٩٨٦دا گەشەسەندنێکی تری مێژوویی بۆ تێکۆشانی ئازادیی کورد دەستەبەرکرا. بۆ ئەوەى پەروەردەی ئایدۆلۆژی و سەربازیی گەریلا زیاتر پرۆفیشناڵانەتر بێت لە دۆڵی بوقاع مەڵبەندێکی پەروەردەیی بە ناوی ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز بونیاتنرا. لەو ئەکادیمیایەدا تاوەکو ساڵی ١٩٩٢ هەم دەیان فەرماندەی گەریلا و هەم سەدان شەڕڤان پەروەردەکران و پێگەیاندران، هەم رێبەری گەلی کورد بۆ یەکەمجار لەوێ لەگەڵ جەماوەری گەل دا چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی رێکدەخست، بۆ یەکەمجار وتنی دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' پێشنیاز کرا. ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز لەو ٦ ساڵەدا نەک تەنها لە ناوچەکەدا، بەڵکو بوو بووە ناوەندی تامەزرۆیی میدیا و چاپەمەنییەکانی جیهانیش.

کوشتنی حەمزە بیندال...

لەو ساڵانەدا زۆر جار مەترسیی گەورە دەهاتنە سەر رێگای رێبەری گەلی کورد. لە راستیدا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەکەوە عەبدوڵا ئۆجالان کرابووە ئامانجی گولـلەکان. لە ١٨ی ئایاری ١٩٧٨دا دوای کوژرانی یەکێک لە کادێرە پێشەنگەکانی بزووتنەوەکە، بە ناوی خەلیل چاڤگیون لە حیلوان، بۆ ئەو بەرخودانە کە دەبوایە دەستیپێبکردایە و بە رێکخستن بکرایە، عەبدوڵا ئۆجالان رۆیشت بۆ رحا، کاتێک لە حیلوانەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو هۆشین دەڕۆیشت، هێرشکرایە سەری و دەستڕێژ لە ئۆتۆمبێلەکەى ئۆجالان کرا، بە شانسێک و بەبێ ئەوەى بریندار ببێت لەو هێرشە رزگاری بوو.

لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ دا لە گۆڕەپانی خەباتی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئاکادیمیای مەعسوم کۆرکماز و لە کاتی راهێنانی سەربازیدا، حەمزە (حەسەن بیندال) هاوڕێی منداڵیی لەلایەن تۆپاڵ مەتین (شاهین بالیچ)ەوە کوژرا. عەبدوڵا ئۆجالان بە بەرفراوانی شیکاریی بۆ ئەو دۆخە کردووە و لە دژی "چەتەی سەرلێشواوی یاخیی فیئوداڵ و دەرەبەگ" لە ناو حیزبدا شەڕی راگەیاند. پێناسەى "چوار چەتە" کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ شەمدین ساکیک (زەکی)، شاهین بالیچ (تۆپاڵ مەتین)، خەلیل کایا (کۆر جەمال) و جەمیل ئیشک (هۆگر) بەکار هێنا، بۆ ئەوەى هۆشمەندی لەناو پەکەکەدا پاک و جوان ببوایە، کۆنفرانسی ٢ی پەکەکە رێکخرا. عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ئەو قۆناغە قەیراناوییە وتی:

 "لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ەوە دەنگی زۆربووی هەنگاوەکانی پیلانگێڕیی ناوخۆیی و دەرەکی دەیوت 'من دێم'. لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠دا گوایە ئەوانەى خۆیان بە خاوەنی "بزووتنەوەکە" دەزانن، بە رێککەوت بە گولـلەیەک حەسەن بیندال هاوڕێی منداڵیی منیان کوشت، رووداوێک بوو، کە زۆر راز و نهێنیی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتبوو. ئەو پیلانگێڕییە بەو شێوەیە بوو، ساری باران، محەمەد شەنەر و شاهین بالیچ لە بەڕێوەبەریی کامپەکەدا بوون و ئەگەری ئەوە زۆر بوو، کە ئەو پیلانگێڕییە لەلایەن ئەوانەوە دانرابێت. دوای ماوەیەک کە من رووداوەکەم وردکردەوە و شیکارییم بۆ کرد، دەبوایە لە ماوەیەکی کورتدا ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی منیش تەواو بکرایە. دوو سیخوڕی فەرمی، کە ئەرکیان پاکتاوکردنی من بوو، لەو رۆژانەدا لە ستار تیڤی لە بەرامبەر ئەو تاوانەى لەسەر ئەوان بوو من تاوانبار دەکرام – بەو مانایە ئەوان بەرگری لە جەم ئەرسەڤەر بکەن – من بوومەتە شاهیدی ئەو قسانەیان. "بەڵام ئەگەر من سەرنەکەوتمایە، ئەوان لە ئیمەیان دەدا و دەشیانتوانی بمکوژن، بەڵام دەیانخواست من بە زیندوویی بگرن". دانپیادانانێکی لەو شێوەیە هەبوو و ئەوەش دانپیادانانی باو بوو. ئەوە لایەنی راستیشی تیادا بوو. لەگەڵ ئەو چەتانەدا کە لە ناو پەکەکەدا لە گەشەکردندا بوون بە ئاسانی دەیانتوانی ئەو کارە ئەنجام بدەن، بەڵام بۆ ئەوەى کۆنترۆڵی رێکخستنیشیان بخستایەتە دەستی خۆیان، دەبوایە من زیندوو بومایە. دوای ئەوەى رێکخستن بە تەواوی دەکەوتە دەستی چەتەکان ئیدی پاکتاوکردنی من ئاسان دەبوو بۆیان، ئەوە ستراتیژیی کارەکەیان بوو. بۆ ئەوەش هەموو کادێرە دروست و پاک و چاک و دڵسۆزەکان، کە بە مەترسییان دەزانین بۆ خۆیان بە شێوەی رووداوی لەناکاو و نەخوازراو دەیانکوشتن".

رۆژانی کۆتایی ١٩٩٠ پەکەکە کۆنگرەی ٤ی خوی رێکسخت. لە مانایەکی دیکەدا ئەو کۆنگرەیە، کۆنگرەی کۆبوونەوە بوو لە دەوری رێبەری گەلی کرد. هەروەها کۆنگرەی ٤ دوای کۆنگرەى یەکەمی پەکەکە، کۆنگرەیەک بوو، کە لە کوردستان رێکخرا. عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد راستەوخۆ بەشداریی کۆنگرە نەبوو، بەڵام خەباتێک بە ناوی "راپۆرتی سیاسی" کە گەشەسەندنەکانی کوردستان و ناوچەکە و جیهانی تیادا شیکارکرابوو، دابوو بە کۆنگرە.

لە ساڵانی ١٩٩٠دا کوردستان بە راپەڕینەکانی نسێبین، جزیر، ئامەد هەژێنرا، بە شەڕی گەریلایی ژمارەیەکی زۆر بنکەى سەربازیی دەوڵەتی تورک لەسەر نەخشە سڕانەوە. هەروەها سەردەمی سیاسەتی یاسایی و فەرمیی کورد دەستیپێکردبوو. عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ناو ئەو گەشەسەندنانەدا و بەهۆی ئەوانەوە، هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە زیاتر کرایە ئامانج.

سبەی:

- ئاگربەستەکانی ١٩٩٣ و ١٩٩٥

- تەقینەوەکەى ٦ی ئایاری ١٩٩٦

- بانگی ئاشتیی ١ی ئەیلولی ١٩٩٨ و قۆناغی بەرەو ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨

ژ.ت

****