رێکخراوە کوردیەکانی ئەرمەنستان یادی شەهیدانی فەرمانی سەر شەنگالیان کردەوە

رێکخراوەکانی کوردانی ئێزدی لە وڵاتی ئەرمەنستان، لە پارکی گرۆڤەری شاری یەریڤان گرد بوونەوە و لە چالاکیەکدا کۆمەڵکوژی سەر شەنگالیان رسوا و شەرمەزار کرد و یادی شەهیدانی فەرمانی ٧٣ی سەر شەنگالیان کردەوە.

رێکخراوەکانی کومەڵگای کوردی ئێزدی لە ئەرمەنستان بە مەبەستی ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژی سەر کوردانی ئێزدی لە پارکی گرۆڤەری شاری یەریڤان گرد بوونەوە و لە چالاکیەکدا یادی شەهیدانی فەرمانی سەر شەنگالیان کردەوە.

مەراسیمی یادکردنەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی دەستیپێکرد، دواتر بە زمانی ئەرمەنی لێدوانێک بۆ راگەیاندنەکانی ئەرمەنستان بڵاو کرایەوە.

پاشان سلۆ دربۆیان هاوسەرۆکی کوردستان-کۆمیتە قسەی کرد و رایگەیاند، وەکو چۆن ساڵی ١٩١٥ دەوڵەتی تورک فەرمانی کۆمەڵکوژکردنی گەلی ئەرمەنیدا، ئەمڕۆش جارێکی دیکە هەمان هۆشمەندی لە ساڵی ٢٠١٤ بە دەستی داعش لە شەنگال فەرمانێکی دیکە درا و ستەمێکی گەورەیان لە کۆمەڵگای ئێزدی کرد و وتی:" بە فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئیزدیمان خۆی بەرێکخستن دەکات و بە دەستی شەڕڤانانی ئازادی تۆڵەی ژن و منداڵانی ئێمە دەکەنەوە. بە تایبەتیش ژنە شەڕڤانەکان کاتێک ژن و منداڵانی ئێمەیان لە دەستی ئیسلامە توندڕەوەکان رزگار کرد، ئەمە بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو."

دواتر شێخ تاهیر ئەندامی کۆردیناسیۆنی کوردستان-کۆمیتە و وەک زانایەکی ئاینی قسەی کرد و جەختی کردەوە کە ئەوان وەکو گەلی کورد لە ئەرمەنستان ئەو فەرمانە رسوا و شەرمەزار دەکەن و وتی:"ئێمە هەموومان باش دەزانین کە فەرمانی ٧٣ کە بە سەر کۆمەڵگای ئێزدیمان هات، بە دەست دەوڵەتی تورک ئەنجامدار و کردەوەیەکی دڕندانە بەسەر ژن، منداڵ، پیر و گەنجەکاندا هات، شەنگالیان وێران کرد. ئەمڕۆ لە شەنگال ئێمە بووین بە خاوەنی هێزی سەربازی خۆمان، خودی کۆمەڵگاکەکان ئیدی خۆی بەرێکخستن دەکات. دەبێت ئەوە باش بزانین کە لە سایەی سەرۆک ئاپۆ و پەکەکە ئەم دەستکەوتە بەدیهاتووە. ئێمە کۆتاییمان پێنایەت، بەڵکو ئەوەی کۆتایی پێهات خودی داعش بوو و تەنانەت خودی ئەردۆغانیش کۆتایی پێدێت. بە فەرمانەکان دەیانەوێت کۆتایی بە کۆمەڵگای کوردی ئێزدی بهێنن و ئیرادەیان بەدیل بگرن."

ژێنیکا قادر ئەندامی ئەنجومەنی کوردستان-کۆمیتەش قسەی کرد و تیشکی خستە سەر یەکڕیزی و یەکێتی گەلی کورد و رایگەیاند، بۆ ئەوەی جارێکی تر فەرمانێکی دیکەی لەم چەشنە بەسەر گەلی کورددا نەیەت، دەبێت کورد ببن بە یەک و هێزی خۆیان گەورە بکەن و وتیشی:" دەبێت لە هەموو شوێنێک خاوەنداری لە شەنگال بکرێت. بونیادنانی یەکێتی و یەکڕیزی ناوخۆیی کارێکی زۆر گرنگە."

 لیانا بهۆیان ئەندامی یەکێتی ژنانی ئازادیش وتی:"ئێمە وەکو ژنان ئەو فەرمانانەی بەسەر گەلەکەماندا هاتوون قبوڵ ناکەین. بۆ ئەوەی خاوەنداری لە شەنگال بکەین دەبێت رێکخستنی خۆمان بەهێز بکەین و لە هەموو شوێنێک بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان، تێکۆشان بکەین. ئێمە جارێکی دیکە ئەم رۆژە رەشە کە بەسەر کۆمەڵگاکەماندا هات، ئیدانە دەکەین، بێگومان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە."

ئیلا تۆڤماسیان هاوسەرۆکی کوردستان-کۆمیتەش لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە چی بەسەر کۆمەڵگای ئەرمەنیدا هات ئەمڕش هەمان شت بەسەر گەلی کورددا هات و وتی:"دەبێت ئێمە وەکو گەلی ئەرمەن و گەلی کورد ببین بە یەک بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەرمان. من وەکو ژنێکی ئەرمەن و هەمیش وەکو هاوسەرۆکی کوردستان-کۆمیتە دەڵێم، دەبێت ئەم رۆژە لەبیر نەکەین و ئێمە وەکو گەل دەست لە ناو دەستی یەکبین."
دوای وتە و پەیامەکانیش، تاجەگوڵینە لە بەردەم پەیکەری ژنی ئێزدی دانرا کە وەکو سیمبولی کۆمەڵکوژی سەر ئێزدیەکان لە ناو پارکی گروڤری شاری یەریڤان دروست کراوە.

ز.ش