زەردەشتیانی کوردستان لە سلێمانی جەژنی پەیمانیان پیرۆز کرد

جەژنی پەیمان بە جەژنی خاک و پێکەوە ژیان ناسراوە و لە سلێمانی لە نزیک ئەشکەوتی قسقاپان بۆ پێنجەمین ساڵ ئەو جەژنە پیرۆزکرا.

جەژنی پەیمان بە بە جەژنی خاک و پێکەوە ژیان ناسراوە، بەڵام ئەو جەژنە جەژنە ١٤٣٨ ساڵە حەرام و قەدەغە کراوە. ماوەى چەند سالێکە لە سلێمانى ئەو جەژنە پیرۆز دەکرێت و ئەمساڵیش بۆ پێنجەمین ساڵ ئەو جەژنە بە رێپێوانێک و مەراسیمە لە نزیک ئەشکەوتى قسقاپان دەستی پێکرد و پاشان سۆز و پەیمان بۆ خاک و وڵات دووبارە کرایەوە.

زەردەشتیان لە نزیک ئەشکەوتی قسقاپان بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران و ئایینە جیاوازەکان بۆ پێنجەمین ساڵ جەژنی پەیمانیان پیرۆز ڕاگرت و سوێند و پەیمانی خۆیان بۆ خاک و نیشتمان دوپات کردەوە. مەراسیمەکە بە ڕێپێوانێک دەستی پێکرد بەرەو ئەشکەوتی قسقاپان و لەو شوێنەدا چەند پەیامێکیان خوێندەوە بۆ ڕاگەیاندنەکان و ئامادەبوان.

سەبارەت بە گرینگیی ئەم یادە ئایینیانە ئەڤین ئەمین، کە گەنجێکی ئێزیدییە و بەشداری مەراسیمەکە بووە سەبارەت بە کاریگەریی ئەم مەراسیمانە بۆ یەکڕیزی گەلی کورد بە ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک گەلی ئێزدی نوێکردنەوەی جەژنە کوردییەکان بە پیرۆز دەبینین، کوردستان بە باوەڕی و ئایینە جیاوازەکانەوە جوانە. ئەم ئاهەنگ و مەراسیمانە یەکڕیزی نەتەوەیی ئێمە دەپارێزێت، بۆیە پێویستە ئێمە لەبەرامبەر دوژمنان چاند و باوەڕی خۆمان بپارێزین".

پەیامی زەردەشتیان لە لایەن پیر لوقمانەوە خوێندرایەوە و تیایدا باسی لە پێکەوە ژیان و یەکگرتنی ئایینەکان و پاراستنی خاک و نیشتمان کرد. لە پەیامەکەیدا وتی: "سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنم بۆ تەواوی ئەو گەریلا و پێشمەرگانە، کە خۆیان کردە قوربانی لە پێناو خاک و نیشتماندا. ئەمڕۆ لە جەژنی پەیمان و لە ژێر سایە و سێبەری ئاڵای کانیاویدا پەیمان بۆ خاک و نیشتمان دووبارە دەکەینەوە و بەردەوامی پێدەدەین و بە گیان و خوێنی خۆمان پارێزگاریی لێدەکەین. ئەم ڕۆژە دەکەین بە شۆڕشێکی فەرهەنگی و زانستی کرداری کە لە سایەیدا سەروەریی خاک وشکۆی هاووڵاتی و ئازادیی هەموان بێتە بەرهەم".

هەروەها پەیامی پیر شانۆی ئێزیدیان خوێندرایەوە و پیرۆزبایی جەژنی پەیمانی ئاڕاستەی تەواوی باوەڕمەندانی زەردەشتی کرد و داوای پێکەوە ژیان و یەکگرتنی ئایینەکان و پاراستنی خاک و نیشتیمانیان کرد. پەیامەکە لە لایەن ئەڤین ئەمینەوە خوێندرایەوە و سەرنجی خستە سەر ئەوەی، کە ئێزدییەکان هەمو کات گەلێکی بەرخۆدێر و شۆڕشگیڕ بوون و ئێمە وەک گەلی ئێزدی زمان و چاند و باوەڕی خۆمان پاراستوەو بەردەوامیش دەبین لە پاراستنیان.

پیر لوقمان نوێنەری زەردەشتیانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ جەژنی پەیمانە، جەژنی خۆشەویستییە، جەژنی پێکەوە ژیانی ئازادییە. ئەمڕۆ لێرە سوێند دەخۆین کە ئەم خاکەمان خۆش بوێت و بە ئاشتی و یەکسانی لەسەری بژیین و خیانەتی لێ نەکەین. پەیامی ئێمە بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە، کە جەژن و مەراسیمە دێرینەکانی نەتەوە و ئاینی خۆمان جارێکی تر زیندوو بکەینەوە".

مەراسیمەکە بە چەند چالاکیەکی هونەری ڕازێنرایەوە و لە درێژەی مەراسیمەکەدا چەند خەڵاتێک بە بۆنەی جەژنی پەیمانەوە دابەشکرا. هەرەوها پەیامی لایەنەکان و ڕێکخراوەکان خوێنرایەوە و تێیدا جەختیان لەسەر یەکڕیزی و تەبایی گەلی کورد کردەوە.

ژ.ت