سزادانی سەربازانی تورک لە حەفتانین

کۆماندۆی تەکنیک، کە رژێمی تورکیا کەشوفشی پێوە دەکرد، لە هەرێمی حەفتانین  ناوێرن سەر لە کون دەربێنن، رۆژانە لە لایەن گەریلاکانەوە سزا دەکرێن.

لە سەرەتای هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر حەفتانین، دەوڵەتی داگیرکەر راگەیاندنەکانی پڕ کردبوو لە کەشوفش و پێداهەڵدانی کۆماندۆ و سەربازەکانی و شەو و رۆژ بە شان و باڵی هێزەکانی خۆیدا هەڵدەدا، حەفتانیان وەک پاروێکی ئاسان چاو لێدەکرد. بەڵام لە ناکاو یەکێک لە گەریلاکانی هەپەگە بەناوی "تۆڵهەڵدان" بۆیان هەستایە سەرپی و گورزێکی کوشتندەی وەشاند و وەک ئەوەی لە عەرزەوە تا وەکو ئاسمان  دژی هەموو بت و خواوەندەکانیان بوەستێتەوە، هەستا و وتی "ئێرە حەفتانینە".

دروشمی "ئێرە حەفتانینە" ئیدی بووە دەنگ و هاواری هەموو گۆڕەپانەکان، ئێتر بەو دروشمە هەموو ڕۆژێک گەریلاکانی هەپەگە لەبەرامبەر سوپا ترسنۆکەکەی تورکیا چالاکی ئەنجام دەکەن کە بە پشتیوانی چەکی قوڕس و بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تەکنیک لە بەشێک لە هەرێمی حەفتانین جێگیر بوون.

هەرچی ئەو هێزەی تورکیا هەیە لە چەند گردێکی حەفتانین جێگیر بوون و بە بەردەوامی لە لایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوان، درۆن، هەلیکۆپتەر، فرۆکەی جەنگی و تۆپخانەکانەوە، پشتیوانیان لێدەکرێت، بەڵام ئەو هەموو تەکنیکەی دوژمن بەر لە چالاکیە سەرکەوتووەکانی گەریلای سەردەمی نوێ ناگرێت، ئەو کۆماندۆیانەی کە تورکیا کەشوفشی پێوە دەکرد بە دەردێک چون، حەوت بەشیان مەرگ بێت.

خەڵکی گوندەکانی حەفتانین چەند دیمەنێکی ڤێدۆییان لە دەستی گەریلاکانی هەپەگە  دەستکەوتوە و بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات-ANF  ناردووە، تێدا گەریلا بەچەکی نیشانشکێن سەربازەکان سزا دەدەن، هەر سەربازێک لە حشارگە و پەناگەکەی خۆی دێتەوە دەرەوە دەبێت بە ئامانجی پێکانی گەریلاکان، لە کاتی پێکانەکەش گەریلاکان درووشمەکەی شەهید توڵهەڵدان دەڵینەوە و هاوار دەکەن "ئێرە حەفتانینە".

ز.ش