سه‌رحه‌د ڤارتۆ: كورد به‌هۆی ڕیفراندۆمه‌وه زۆر ده‌ستكه‌وتی له عێراق له‌ده‌ستدا
ئه‌ندامی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌جه‌كه سه‌رحه‌د ڤارتۆ ڕووداوه سیاسییه‌كانی عێراق و باشووری كوردستانی هه‌ڵسه‌نگاند.
ئه‌ندامی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌جه‌كه سه‌رحه‌د ڤارتۆ ڕووداوه سیاسییه‌كانی عێراق و باشووری كوردستانی هه‌ڵسه‌نگاند.
له به‌شی دووه‌می چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) سه‌رحه‌د ڤارتۆ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) ئاماژه‌ی به شه‌ڕ له عێراق و سووریا كرد و گوتی، شه‌ڕ له هه‌ردوو وه‌ڵاته‌كه‌دا شه‌ڕی نێونه‌ته‌وه‌ییه و سه‌رچاوه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ش كێشه ناوخۆییه‌كانن.
ڤارتۆ ده‌ستنیشانی كرد كه دینامیكه ناوچه‌ییه‌كان و كێشه ناوخۆییه‌كان ده‌بنه هۆی ئه‌م شه‌ڕه و گوتی: «له ڕاستیدا شه‌ڕێكی هه‌ژموونگه‌را ده‌كرێت. ئێران ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی له عێراق و ته‌واوی ناوچه‌كه بئافرێنێت. ئه‌مه‌ریكاش ده‌یه‌وێت له عێراق و ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین هه‌ژموونی هه‌بێت، ده‌یه‌وێت به‌م شێوه‌یه هه‌رێمه‌كه دیزاین بكاته‌وه. ڕووسیا له پشت ئێران ده‌وه‌ستێ و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌یه‌وێت دیزاینێك دابنێت. توركیاش له‌نێو هه‌وڵێكی وه‌هادایه، ده‌یه‌وێت هه‌م له سووریا و هه‌م له عێراق كاریگه‌ری هه‌بێت. هه‌ر بۆیه كاتێك مرۆڤ سه‌رنج بدات ده‌بینێت كه هه‌موو هێزه هه‌ژموونگه‌را نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هێزه هه‌رێمییه‌كان هه‌یه. واته هیچ هێزێكی هه‌رێمی به‌بێ ئه‌و هێزه نێونه‌ته‌وه‌ییانه بڕیار نادات. نه زیهنیه‌تێكی وه‌هایان هه‌یه، نه خاوه‌نی ڕێكخستنێكی سه‌ربه‌خۆی خۆیانن. له‌به‌رئه‌وه هێزه هه‌رێمییه‌كان ناتوانن ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن.»
ده‌رباره‌ی بارودۆخی عێراق سه‌رحه‌د ڤارتۆ گوتی: «هێزه هه‌رێمی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان كاتێك هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاریگه‌ریی خۆیان له عێراق زیاد بكه‌ن، ده‌بینن له به‌رانبه‌ر ئه‌وانیش هه‌وڵێكی هاوشێوه هه‌یه. ئه‌و كاته‌ش قه‌یران و شه‌ڕ دێته ئاراوه. به‌ڵام كاتێك هێزه هه‌رێمی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان گرینگی بخه‌نه سه‌ر ده‌ڤه‌رێكی دیكه، ئه‌و كاته له عێراق بێ ده‌نگی دێته ئاراوه. بێده‌نگی به واتای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نییه. بێده‌نگی ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌كه. هه‌ندێك جار شه‌ڕ ده‌گاته ئاستێك كه ڕێ بۆ قه‌یران ده‌كاته‌وه و چاره‌سه‌ری پێكنایه‌ت. دواتریش بۆ ماوه‌یه‌ك ڕێكده‌كه‌ون. ئێستاش له عێراق شه‌ڕی هه‌ژموونخوازی هه‌یه. بۆیه نه ده‌توانرێت حكوومه‌ت پێكبهێنرێت، نه كێشه‌كانیش چاره‌سه‌ر ده‌بن.»
«پێویسته گه‌لی عێراق و كورد له‌پێناو ئاسایشی خۆیان تێبكۆشن.»
ڤارتۆ له‌نێو ئه‌م شه‌ڕ و گێژاوه‌دا، ئاماژه‌ی به دۆخی كوردان كرد و به‌بیری خسته‌وه كه له ساڵی ١٩٩١ به‌داوه له باشووری كوردستان فرسه‌تێكی گه‌وره كه‌وتووه‌ته ده‌ستی كوردان، به‌ڵام به‌داخه‌وه، ئه‌م فرسه‌ته باش به‌كارنه‌هێنرا.
«واته سیاسه‌تی باشووری كوردستان ئه‌م فرسه‌ته‌ی به‌باشی به‌كارنه‌هێنا. دوای ساڵی ٩١ هه‌م پشتیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو هه‌میش باشووری كوردستان به به‌راورد له‌گه‌ل ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ئارام بوو. واته باشووری كوردستان ده‌یتوانی له‌نێو ته‌واوی عێراق ببێته مۆدێلێكی دیموكراتی، ئازاد و یه‌كسان. به‌ڵام زیهنیه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و مه‌زهه‌بی له باشووری كوردستان ڕێی له‌م سیاسه‌ته گرت. هه‌ر بۆیه ڕێ له به‌رده‌م یه‌كێتیی گه‌لی عێراق و گه‌لی باشووری كوردستان نه‌بوویه‌وه. ساڵی ٢٠٠٤ ئه‌م ده‌رفه‌ته زۆر زێده بوو. ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٠٤ كاتێك ڕژێمی به‌عس ڕووخێنرا، كورد ڕێكخراوترین هێزی عێراق بوون. هه‌ر كه‌س ده‌زانێت كه كوردان ئه‌و كاته كاریگه‌ریی زۆریان له به‌غدا هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مه به‌باشی به‌كارنه‌هێنرا. واته به زیهنیه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رست - مه‌زهه‌بپه‌رستی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراق كه‌وتنه ناكۆكی. له بری ئه‌وه‌ی له عێراق كاریگه‌ری دروست بكه‌ن، كێشه‌ی كورد و عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ن، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ توركیا درووست كرد. ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تیی به‌دوای خۆیدا هێنا له عێراقدا.»
«به یاریی بچووك ئه‌نجامی گه‌وره به‌ده‌ستناخرێت»
ئه‌ندامی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌جه‌كه سه‌رحه‌د ڤارتۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، كاتێك هێرشه‌كانی داعش ده‌ستیانپێكرد، ئه‌و كاته‌ش هێزه‌كانی باشووری كوردستان سیاسه‌تێكی باش و گونجاویان به‌ڕێوه‌نه‌برد.
ڤارتۆ گوتی، «له دواییدا ڕیفراندۆم كرا. ڕیفراندۆمیش سیاسه‌تێكی درووست نه‌بوو. واته له‌نێو شه‌ڕ و گێژاوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا كه ئێمه وه‌ك [جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م] ناوی ده‌به‌ین، كه‌س ناتوانێت به یاریی و گریمانه‌ی بچووك ئه‌نجامی گه‌وره به‌ده‌ست بێنێت.»
سه‌رحه‌د ڤارتۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و حیساباته‌ی له ڕیفراندۆمدا كراوه ده‌ستنیشانی كرد: «گوتیان كه [له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین قه‌یران هه‌یه، له عێراق قه‌یرانێكی گه‌وره هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه له‌نێو ئه‌م قه‌یرانه‌دا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بونیاد بنێین، ده‌بێته ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ش هه‌یه.] به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه بزانن كێشه‌ی كورد چه‌نده قووڵه، ده‌زانن كه ناكرێت كێشه‌ی كورد به جیا ببینرێت له كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین. به‌ڵام حكوومه‌تی باشووری كوردستان ئه‌م ڕاستییه‌ی نه‌بینی و ڕیفراندۆمی ئه‌نجام دا. دوای ڕیفراندۆم هه‌موو كه‌س ته‌ماشای پڕۆسه‌كه‌ی كرد. توركیا، ئێران، عێراق و هێزه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ڕێیان نه‌دا ئه‌م ڕیفراندۆمه جێبه‌جێ بكرێت. كوردان زۆر ده‌ستكه‌وتیان له‌ده‌ستدان كه له دوای شه‌ڕی داعش به‌ده‌ستیان هێنابوون. له‌به‌رئه‌وه پێگه‌ی ئێستای كوردان له‌وه‌ی پێشوو لاوازتره. له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر ده‌رفه‌تیان له‌ده‌ستدان. بۆ نموونه پێشتر ده‌روازه سنوورییه‌كان له ده‌ستی كورداندا بوون، نه‌وتی كه‌ركووك هه‌م له ده‌ستی كورداندا بوو هه‌م جوگرافیایه‌كی به‌رفره‌وان له‌ژێر كۆنتڕۆڵی كورداندا بوو. په‌یوه‌ندییه‌كانیش له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا له ئاستێكی باڵادا بوون. ئه‌مانه هه‌موو ئه‌و كاته له‌ده‌ست چوون. له‌به‌رئه‌وه له كاری سه‌رله‌نوێ دیزایینكردنه‌وه‌ی عێراقدا، نه هێزه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان زۆر ده‌رفه‌ت به كورد ده‌ده‌ن، نه حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقیش گفتوگۆی ستراتیژی له‌گه‌ڵ كوردان ده‌كات. ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین؛ ئێستا حكوومه‌ت دانانرێت. هه‌ردوو هه‌ردوو لایه‌نی شیعه له‌گه‌ڵ كوردان ڕێكناكه‌ون یان په‌یمانێكی ستراتیژی مۆر ناكه‌ن. له بابه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد-دا، له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركووك، شه‌نگال و خانه‌قیندا له‌گه‌ڵ كوردان گفتوگۆ ناكه‌ن. ته‌نیا ده‌یانه‌وێت كورد به‌شداربن له‌گه‌ڵیان. بێ ئه‌وه‌ی شتێك به كوردان بده‌ن، داوای ئه‌مه له كوردان ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه پێگه‌ی ئێستای كوردان لاوازه.»
«پێویسته كوردان سیسته‌مێكی ئه‌لته‌رناتیڤی سێیه‌م بئافرێنن»
سه‌رحه‌د ڤارتۆ له درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رنجی خسته سه‌ر گرینگیی ئه‌م سه‌رده‌مه و گوتی، پێویسته كورد به هه‌ستیارییه‌وه جموجۆڵ بكات. ناوبراو گوتیشی ده‌بێ كورد بزانێت ئه‌م پڕۆسه‌یه ته‌نیا پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت نییه.
«لێره‌دا له‌نێوان دوو هێزدا شه‌ڕێكی گه‌وره هه‌یه. كورد لێره سیاسه‌تێكی چۆن بكه‌ن، له كوێدا جێ بگرن، ئه‌مه گرینگه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه به‌باشی هه‌ڵسه‌نگێنرێت دیسان فرسه‌تێك ده‌كه‌وێته ده‌ستی كوردان. ئێمه هه‌میشه ده‌ڵێین، به‌رده‌وام شت به‌سه‌ر كورداندا ده‌سه‌پێنرێت. ده‌ڵێن له كامه به‌ره‌ی. له‌م به‌ره‌یه‌ی یان له به‌ره‌كه‌ی دیكه؟ پێویسته هه‌رگیز ئێمه خۆمان مه‌حكوومی ئه‌وه نه‌كه‌ین له‌نێوان دوو هێزدا بمێنینه‌وه. هه‌میشه ئه‌لته‌رناتیڤی كوردان هه‌ن. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه پرسی كورد به ڕێبازی دیموكراتی چاره‌سه‌ر بكرێت، عێراق به‌دیموكراتی ببێت و ئه‌وه‌ی تا ئێستا ڕووی داوه دووباره نه‌بێته‌وه. پێویسته هێڵێكی وه‌ها بگیرێته‌به‌ر. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كوردان ده‌توانن سیسته‌مێكی ئه‌لته‌رناتیڤی سێیه‌م بونیاد بنێن.»
بۆ بینینی به‌شی یه‌كه‌می چاوپێكه‌وتنه‌كه كلیك لێره بكه!
s.m