سیامەند موعینی: نان و ئازادی سەرەتایی ترین مافی ژیانی مرۆڤە

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک رایگەیاند: "داخوازیی کرێکاران و چینە بەشخوراوەکانی کۆمەڵگا ڕەوان، دەبێت هەموو توێژەکان هەوڵ بۆ کۆمەڵگایەکی دیمووکراتی بدەن و بە تێکۆشانیان سیستمی چینایەتی و دەسەڵاتدارێتی تێکبشکێنن".

سیامەند موعینى هاوسەرۆکى پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پەژاک - PJAK) لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "هێڵێ سێ"ی ئاریەن تیڤی دا هەڵسەنگاندنی بۆ هەلومەرجی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی ئێرانی کرد.

 

نزیکەی ساڵێکە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندان شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە، ڕۆژانە توێژەکانی وەک کرێکاران، خاوەن پیشە تایبەتەکان، شۆفێران، مامۆستایان، ژنان و گەنجان لەناو تەوژمێکی ڕاپەریندان.

لە دوای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەو تەوژمە توند تر و ڕادیکاڵ تر بووەتەوە، خۆپیشاندانەکان زیاتر لە جاران لە فراوان بووندان و دەنگی ناڕەزایەتییەکان بڵندتر و توڕەیی گەلیش زیاتر بووە، لە ئێستا هەر کەس ئێرانی کردووەتە ژێر تیشکۆی شرۆڤەکانیەوە بۆ خۆێندنەوەی داهاتووی ئەو وڵاتە تێزی خۆی پێشکەشدەکات.

 لە ئێستا دا ئایندەی ئێران لە سێڕیانێکدا دەبینرێت، ڕێگایەک ئەوەیە کە ئێران بە خۆی دا بچێتەوە و گۆڕانکاری لە ناو خۆی دا بکات کە ئەم ڕێگایە زۆر ئەستەمە، ڕێگایەکی تریش دەستێوەردانی دەرەکییە بۆ سەر ئێرانە، بەڵام ڕێگای سێیەم، کە ئەگەری گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە بۆ ئێران ئەوەیە، کە بە تێکۆشانی گەلانی ئێران گۆڕانکاری لە سیستم و ئایدۆلۆژیای ئەو وڵاتەدا بێتە ئاراوە.

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە سەرەتای بەرنامەکەدا تیشکی خستەسەر ڕەوشی ئێستای ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دا و وتی: "بۆ ئەوەی لە ڕەوش و دۆخی ئێستای کرێکاران بزانین دەبێت شرۆڤەیەک بۆ سیاسەتی حوکمەتی کوماری ئیسلامی بکەین. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو سیاسەتەی کە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا پەیڕەوی کردووە، نەیتوانییوە ڕەزامەندیی  چینەکانی کۆمەڵگا بەدەست بهێنێت، لەبەر ئەوە لە بواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا شکستی هێناوە و ڕووبەڕووی قەیران و بێ چارەیی بووەتەوە".

موعینی ئاماژەی بە شەپۆلی خۆپیشاندانەکان کرد و وتیشی: "لە ماوەی ڕابردوودا مامۆستایان خۆپیشاندان و مانگرتنیان کرد، لە هەمان کاتدا ژنان لەناو چالاکی و ناڕەزایەتی دابوون، لە لایەکی تریشەوە کامیۆندارەکان لە  ناو مانگرتن دان، هێدی هێدی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەناو چینەکانی کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە. لە ئێستادا مانگرتنی کرێکارانی (نەی شەکری حەوت تەپە) هەیە کەماوەی مانگێکە لە ناو خۆپیشاندان و مانگرتندان، خۆپیشاندانی کرێکاران دەتوانێت ببێتە هەوێنی زیاتر بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لەناو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگادا".

هاوسەرۆکى پەژاک ئاماژەی بەوەشکرد: "کرێکارانی نەی شەکری حەوت تەپە لە سەرەتادا داخوازیی ئابوورییان هەبوو، هێدی هێدی هەلومەرجێک ڕەخسێندرا، کە هەموو داخوازییەکانی ئەوان لە ئابوورییەوە بوو بە داخوازیی سیاسی،  کۆمەڵایەتی، زیاتریش ناڕەزایەتییان لە سیستمی بەڕێوەبردنی حوکمەتی کۆماری ئیسلامی هەیە".

سیامەند موعینی ئەوەشی وت: "کۆماری ئیسلامی ناتوانێت وەڵامی داخوازییەکانی کۆمەڵانی کۆمەڵگای ئێران بداتەوە، سیستمی ئێرانیش سیستمێک نییە، کە بتوانێت قەرەبووی کرێکاران بکاتەوە بۆ چی؟ چونکە ئەو سیستمە وەک سیستمێکی تۆتالیتاری و سەرمایەداری هێز و توانای ئەوەی نییە، کە وەڵامی کرێکاران بداتەوە، من لەو باوەڕەدام کە ئەم دۆخە تەنها بە مانگرتنی کرێکارانی حەوتەپەوە سنووردار نابێت و پەرەدەستێنێت".

هاوسەرۆکی پەژاک بۆ بەرەو پێشچوونی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان ڕێنمای ئەوە دەخاتە ڕوو: "لە کاتێکی وەک ئێستادا، کە سیستمی کۆماری ئێسلامی ناتوانێت وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک بداتەوە و پێویستە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا هاوشێوەی کرێکاران و شۆفێرەکان و خوێندەواران خاوەن هەڵوێست بن و ببنە بزوێنەری ئەو تەڤگەرەی کە ناو ئێراندا هاتووەتە ئاراوە".

سیامەند موعینی بۆ بەهێزبوونی خۆپیشاندانەکان و هێزی خوێندکاران لە ئێراندا گرنگ دەبینێت و دەربارەی نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی خوێندەوانان لە ئێران دا ڕێنمایی خوێندەوارانی کردوو وتی" ڕۆژی دانیشجویان و خوێندکاران زۆری نەماوە ئەم بارودۆخە دەرفەتێکی باشە، کە خوێندکارانی ئێران ئەم ساڵ بتوانن زیاتر دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرزبکەنەوە. هەروەها خوێندکاران دەشتوانن لە هەمانکاتدا پشتیوانی کرێکاران بکەن، کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن و چەند مانگە حەق دەستیان پێنەدراوە و لە ڕووی ئەمنیەتییەوە ئاسایشیان بەرقەرار نییە".

هەوڵەکانی ئەوروپا بۆ بەلاڕێدابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران سەر ناگرێت

هاوسەرۆکی پەژاک لە بەردەوامیى قسەکانیدا لەبارەى گەمارۆکانی سەر ئێران وتی: "پێموانییە ئەوروپا بتوانێت پیلانەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران لاببات. لە سەردەمی ئۆبامادا توانیان لە ڕێگای تورکیا و دوبەی و مالیزیا و ئەوروپاوە هاوکاریی ئێران بکەن و ئێران لە گەمارۆکان دەرباز بکەن، ئەو کات خودی ئیدارەی ئۆباما ئەو ڕێگایەی هێشتبووە، کە هاوکاریی ئێران بکرێت".

وتیشی: "ئەوەی من ئاگادار بم و بزانم لە ئێستادا سیاسەتی ترامپ لەسەر ئێران جیاوازتر و جدی ترە. من وای بۆ دەچم کە ئەمجارە ئەمریکا بیەوێت سیستمی ئێران پاشەکشە پێ بکات و لە ناو خۆی دا دایڕوخێنێت".

موعینی ئەوەشی وت: "سیاسەتی ئەوروپا و ئەمریکا هەندیک جیاوازە سەبارەت بە ئێران، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەی کە ئێران دەگۆرێت، ئەمریکا و ئەوروپا نییە، بەڵکو ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە هەنگاوەی گۆڕانکارین لە ئێراندا".

 ئەم ناڕەزایەتییانە جدیترە لە ناڕەزایەتییەکانی ئیسلاح تەڵەبەکان

سیامەند موعینی جیاوازیی ئەم لێشاوی ناڕەزایەتییانەی لەگەڵ ناڕەزایەتی و داخوازییەکانی پێشتر لە ئێران خستەڕوو و وتی: "لە  خۆپیشاندانەکانی ١٠ مانگی ساڵی  پارەوە سنوورەکانی تاک و کۆمەڵگا، کە کۆماری ئیسلامی دیاریکردبوو شکێنرا، ناڕەزایەتییەکانی ئێستا ڕەوتیان جیاوازە".

موعینی ئاماژەى بەوەشکرد "ناڕەزایەتییەکان لە دژی سیستمە، تیرێکە کە لە کەوانەکەی دەرچووە. ئەو تیرەش ڕووبەڕوی نیزامە. ئەو سیستمەی کە سەرچاوەی قەیرانەکانە بە ئامانج گیراوە، ئەو ئامانجەی کە گیراوە و هەدەفێکی دروستە و بەرەوە سەرکەوتن دەچێت. ئێستا خاڵی لاوازی کۆمەڵگا ئەوەیە کە باش خۆیان بەڕێکخستن نەکردووە".

هاوسەرۆکی پەژاک ئەوەشى خستەڕوو: "دەبێت هەموو گەلان و پارت و لایەنی سیاسی بە بێ بەرژەوەندیی تەسکی دەسەڵاتخوازی و بەرژەوەندیخوازیی خۆیان بتوانن لە دژی ئەو سیستمەی کە ئەو نەهامەتییەی بەسەریان هاتووە بەشداری بەرەیەکی یەکگرتوو ببن".

دەستیوەردانی دەرەکی وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت

سیامەند موعینی شرۆڤەشی بۆ ئەگەری دەستیوەردان و موداخەلەکردن لە ئێران دا کرد و وتى، دوور نییە ئێرانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وێران نەبێت. موعینی لە بەردەوامیی قسەکانیدا ئەوەشی وت: "ئێمە دەزانین موداخەلەی سەر عێراق و سوریا و لیبیا و ئەفغانسان ئەڵتەرناتیڤێکە. بەڵام ئەنجامەکان و بارودۆخی ئێستای ئەو وڵاتانە ئەوە نیشاندەدات کە موداخەلەی دەرەکی وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەو وێرانییەش کێشەسازە بۆ کۆمەڵگا و گەلانی ئێران".

موعینی وتیشی: "ئەگەر ئاڵۆگۆڕەکە لە ناو ئێران دا بێت و کۆمەڵگای ئێران بتوانێت بگاتە ئەو ئاستەی کە خۆی لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەڕێکخستن بکات و خۆپیشاندانەکان لە ژێر هێزی جەماوەریدا بێت، ئەوا ئەو کات مووداخەلەی دەرەکی زۆر لاواز دەبێت و ئەستەم دەبێت دەستێوەردانی دەرەکی لەسەر ئێران ئەنجام بدرێت. من ناڵێم، کە نابێت موداخەلە بکرێت، مەبەستمە بڵێم، کە دەبێت گەلانی ئێران پێشەنگی گۆڕانکارییەکان بن و جڵەوی خۆپیشاندانەکان نەکەوێت ژێر کاریگەریی هێزی دەرەوە".

لە کۆتایی بەرنامەکەدا سیامەند موعینی تیشکی خستە سەر داخوازییەکانی شەقام و کوچە و کۆڵانی شارەکانی ئێران و دواخوازییەکانی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێرانی بە ڕەوا لە قەڵەم داو بەمشێوە کۆتایی بە بەقسەکانی هێنا: "داواکانی گەل داخواز گەڵێکی دیمووکراتییکە، گەل نان و ئازادیی دەوێت. ئەمەش مافێکی سروشتیی هەر مرۆڤێکە، کە لە کۆمەڵگایەکی دیمووکراتیکدا ژیان بکات. کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە ژیانێکی دیمووکراتیک دەستە بەر بکات. لەبەر ئەوەش خەڵک ناڕازی و توڕەیە. ئەمەش هۆکارە، کە زەمینەی موداخەلەی دەرەکیش لە سەر ئێران هەبێت، بەڵام من لەو باوەڕەدام کە هێزی گەل لە هێزی موداخەلەی دەرەکی زیاتربێت. باوەڕم بەوەش هەیە، کە کۆمەڵگا بە هەموو توێژەکانییەوە بە تێکۆشانیان بۆ ئازادی و دادپەروەری و دیمووکراتیک دەتوانن سیستمی ئێستای کۆماری ئیسلامی بگۆڕن".

ر.م