بەبۆنەی یادی سەرهەڵدانەکانی ١٩٦٧_ ١٩٦٨ز. ( ١٣٤٦_ ١٣٤٧ ههتاوی) سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پهژاك) لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ههواڵی فورات (ANF) خوێندنەوە بۆ ئەو قۆناغەی تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. موعینی ڕایگهیاند، «خیانەتی بنەماڵەی بارزانی بهتایبهت لە شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حاشا هەڵنەگرە. هەر بۆیە وەک پەژاک ئێمە هەمیشە خاوەندارهتی لە ڕەنج و تێکۆشانی باب و باپیرانمان دەکەین.»
دەقی دیمانەکە:
بە ڕێز سیامەند موعینی سهرهتا بهناوی ئاژانسەکەمان زۆر سوپاستان دەکەین، بۆ ئامادەبوونتان لەم دیمانەیەدا.
سیامەند موعینی: سڵاو ڕێزم هەیە بۆ ئێوە و خوێنەرانی ئاژانسەکەتان. هیوادارم بتوانین لەم دیمانەیەدا بەکورتی لەسەر ڕووداوەکانی نیوسەدەی ڕابردووی شۆڕشی کوردستان ڕاوەستە بکەین و پەنجە بخەینە سهر خیانەتەکان و ئاماژەیەکیش بە ڕەوتی شۆڕشێڕیی خەباتگێڕانی گەلەکەمان بکەین.
سەرهەڵدانەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ی هەتاوی چۆن و لە چ هەلومهرجێكی سیاسیدا دەستیان پێکرد؟
سیامەند موعینی: ئاوات و خولیای ئازادی و گەیشتن بە سەربەستی بۆ هەر کوردێکی بە نامووس لە زۆربەی بەهاکانی ژیان بە نرختره. بۆ گەییشتن بەو ئاواتە مرۆڤی شۆڕشگێر بەهای گرانی داوە و بە هەزاران ئینسان گیانی خۆیان لەم رێگەیە کردووهته قوربانی.
پاش تێکشاندنی کۆماری کوردستان لە مههاباد، بەشێک لە منداڵان و گەنجانی ئەو سەردەمه بە بیرەوەری و یادی کۆماری کوردستان فرچکی شۆڕشگێڕیان گرتووە و ئەو بێ حورمەتیە گەورەیهی کە بە گەلی کورد کراوە، هیچ کات هەژموونی دەستەڵاتی پەهلەویان بۆ قبووڵ نەکرا و بەربەرەکانی بە دژی ئەم ڕژێمه و خۆبەڕێکخستن کردنی گەل بوو بە کاری رۆژانەیان. رژیمی پەهلەوی وەک حکوومەتێکی داگیرکەر و داپڵۆسێنەر تارمایی بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشابوو.
هاوکات و لەو سەردەمدا لە باشووری کوردستان شۆڕشێکی جەماوەری سەری هەڵدابوو و ئەم شۆڕشەی باشووری کوردستان هیوایەکی لە دڵی ئەم گەنجانەی رۆژهەڵات زیندوو كردبوویهوه. لەسەر ئەم خوێندنەوەیەی کە هەم دەتوانن یارمەتیدەری شۆڕشی باشووری کوردستان بن و هەم دەرفەتێکی لەبار بۆ ئەوان خوڵقاوە کە خۆبەڕێکخستن بکەن و بۆ زیندووکردنەوەی حیزبی دیموکرات تێکۆشان بکەن. لە سەر ئەم ئهساسه بوو کە پۆل پۆل گەنجانی ڕۆژهەڵات ڕوویان دەکردە باشووری کوردستان و شۆڕشی باشووری کوردستان ببووە قیبلەگهیەکی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هاوکات لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی ١٩٥٠ و دەستپێکی ١٩٦٠-هوه حکوومەتی دیکتاتۆری محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی هێرشێکی بەرفرهوانی خستە سەر ئازادیخوازان لە ئێران. کوردستانیش لەم هێرشەدا بێ بەش نەکرا. گرتن و کوشتن و بێ حورمەتی بە گەل، ببووه ژیانی ڕۆژژانەی خەڵک لە کوردستان و لە دێهات و گوندەکانی کوردستان ژەندرمە دەستەڵاتی ڕههایان هەبوو بۆ هەر کارێک و هەر بێ حورمەتییەک پێیان خۆش بوایه دەیان کرد. لە باشووری کوردستانیش شۆڕش گەرم بوو و تێکۆشان لە لوتکەدا بوو. هەموو بەشەکانی کوردستان هیوا و ئومێدیان بەم شۆڕشە هەبوو کە بە داخەوە لە ساڵەکانی ١٩٦٣ بەم لاوە ساواک و شای ئێران بە تەواوی دەستیان خستە ناو شۆڕشی باشوور و لە ئەنجامدا بە هۆی فاکتەری جیاواز کە لێرهدا ناگونجێت باسی بکەم، ئەم شۆڕشەیان بە لاڕێدا برد و بەشێک لە سەرکردەکانی شۆڕشیان وەک نۆکەر و پیاوی خۆیان بە کاردەهێنا.
بنەماڵەی موعینی کێن؟ خاوەن چ پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتین؟ لە ناویناندا بە دیاری کراوی مەبەستمان لەم دیدارە کەسایەتی کاک سولهیمان موعینییە، دەپرسین سولهیمان موعینی کێیە؟
سیامەند موعینی: محەمەدئەمین موعینی باوکی کاک سولەیمان وەزیری ناوخۆی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان بوو. کە بەشێکی زۆری ژیان و تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی کوردستان تەرخان کرد. لە موکریان و کوردستان ناوی موعینییەکان لەگەڵ شۆڕشگێڕی و فیداکاری بۆ کوردستان دێتە سەر زمان و لەم رێگەیەدا محەمەدئەمین موعینی ٤ ڕۆڵەی گەنجی پێشکەش بە تێکۆشان و خەبات کرد و گیانیان کردە قوربانی.
کاک سولەیمان منداڵی یەکەمی ئەم بنەماڵەیە و لە تەمەنی لاوێتییەوە لەگەڵ کاری سیاسی و خزمەت بە گەل و نیشتمان ئاوێتە بووە. سولهیمان ههر له تهمهنی لاوی و له سهردهمی خوێندکاریدا لەگهڵ هاوڕێیانی وهک سهید عهبدوڵا ئیسحاقی (ئهحمهد تۆفیق)، خهریکی کاری سیاسی و تهشکیلاتی دهبێت. هاوکات لەگهڵ کاری سیاسی له خزمهتکردن به ههژار و بێدهرهتانان نامێنێتهوه و دهکرێت بگوترێت بهشی ههره زۆری ڕۆژگارانی ژیانی سهردهمی لاوێتی کاک سولهیمان بهم بوارانهدا تێپهڕ بووه. بۆ خزمەت بە نیشتمانەکەی قەت دوودڵ نەبووە. هەمیشە بە ورەیەکی شۆڕشگێڕی و بە ئیمانەوە ئامادەی خزمەت و تێکۆشان بووە و لە سەر ئەم تێکۆشانە گیانی خۆیشی بەخت کردووە.
دوای لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محهمهد و هەڤاڵانی و کۆتایی هاتن بە کۆماری مەهاباد، چ هەوڵێک هەبوو بۆ دووبارە دەستپێكردنهوهی خەبات و تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
سیامەند موعینی: لە دوای تێکشکانی کۆماری کوردستان، بۆ ماوەیەک بێدەنگی بە سەر کوردستاندا زاڵ بوو. ساڵی ١٩٥٣ (١٣٣٢ی ههتاوی) له سهردهمی دهسهڵاتی دوکتور محمد موسهدیق-دا،کاک سولهیمان و ئەحمەد تۆفیق دهورێکی بهرچاویان گێڕاوه له ڕێکخستنی گهنج و لاوان و سازدانی خۆپێشاندان و میتینگهکانی شاری مههاباد. ههروهها کاک سولەیمان ماوهیهکیش بهرپرسایهتیی ڕاهێنانی سروودی نهتهوهیی کوڕ و کچانی شارهکهی له ئهستۆدا بووه.
بۆ خۆبەڕێکخستن کردن لە هەمو بوارەکان کەڵکیان وەردەگرت و ڕۆژی ١٥ی ٦ی ١٩٥٣ ڕێکخراوی لاوانی حیزبی دیموکراتی کوردستان له شاری مههاباد به ڕێبهرایهتیی کاک سولهیمان و سهید عهبدوڵای ئیسحاقی و چهند لاوێكی تێکۆشهری دیکه کۆبوونهوهیهکی بهرین له باغی میکائیل سازدهدهن. مهبهست لهو کۆبوونهوهیه ئهوه دهبێت که لاوانی نێو ڕیزهکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان نوێنهری خۆیان بۆ بهشداریی له چوارهمین ڤیستیڤاڵی جیهانیی یهکێتیی لاوانی دیموکرات ههڵبژێرن بهڵام له گهرمهی گوتوبێژی ئهو لاوانهدا ژاندارمه دڕندهکانی حکوومهتی ئێران ههڵدهکوتنه سهریان و پاش لێدان و ئازاردانیان لوولهی تفهنگهکانیان ئاڕاستهی ئەو گەنجانە دهکهن و مێرمنداڵێک بهناوی «حهسهن ڕهمهزانی» شههید دهكهن و چهند کهسیش بریندار دهکهن. ئیدی ئهو لاوه شۆڕشگێڕانه دهکهونه شهقامهکانی شار و به گێڕانی تهرمی ئهو لاوه شههیده ڕێپێوان و بزووتنهوهیهکی جهماوهری گهوره وەڕێدهخهن. ههر لهو سهردهمهدا پێداگری و خهباتی نهپساوهی بهرههڵستکارانی سهراسهری بوو بههۆی ههڵاتنی شای ئێران و هاتنه سهر حوکمی حکوومهتی دوکتور موسهدیق که هیوای چاکسازی و بوژانهوهی لێ دهكرا. بهڵام بهداخهوه به هۆی پشتیوانیی ئهمهریكا و ڕۆژئاوا له شای ئێران و له ئاکامی کودەتایهکی نیزامی شای ئێران گهڕێندرایهوه و حکوومهتی دیموکراتیی موسهدیق ڕووخا. دوای ڕووخانی حکوومهتی دوکتور موسهدیق له ٢٨ی گهلاوێژی ساڵی١٩٥٤، هێزه سهرکوتکهرهكانی ئێران هێرشیان کرده سهر جهماوهری شار و گوندهکان. گرتن و کوشتن و بێ سهروشوێنكردن دهستی پێکرد.
چ هۆکارێک هەبوو کە شۆرشگێرانی کورد لە پارچەکانی دیكهی کوردستان چوونە باشووری کوردستان؟
سیامەند موعینی: هەروەک پێشتریش باسم کرد هەم هێرش و گوشاری هێزه نیزامییەکانی محەمەد ڕەزاشا و فەزایەکی خەفەقان پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژ و نەمانی دەرفەت بۆ کاری سیاسی و هاوکات دەستپێکردنی شۆڕشێکی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان، لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە بۆ گەشەپێدانی ئەم شۆڕشە خۆیان گەیاندە باشوور و وزە و هێزی شۆڕشگێڕیی خۆیان خستە خزمەت ئهم شۆڕشە. هاوکات لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیش چوونە ناو ئەم شۆڕشە بە نیازی خزمەتکردن، وەک دوکتور شوان و سەعید یاڵچی و کۆمەڵێک خەباتکار و تێکۆشەری دیكهی کورد.
کۆمیتەی شۆڕشگێڕیی (ئینقلابی) حیزبی دیموکراتی کوردستان چییە؟ کەی دامەزرا؟ کێ بوون ئەو کەسانەی ئەو کۆمیتەیان دامەزراند؟ مەبەستمە بزانم بە چ شێوازێک ئەو کۆمیتەیە دامەزرا؟
سیامەند موعینی: ئەم پرسە وەڵامەکەی کتێبێکە و بە چەند دێڕ ناتوانین لە ناوەڕۆکی ئەم بزووتنەوەیە تێبگەین بەڵام بە کورتی بەم شێوە بوو: تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات دوای تەسلیمبوونی مەلا مستەفا و کوڕەکانی بە ساواکی ئێران و میتی تورک و کەوتنە داوی هێرش بردنە سەر تێکۆشەرانی ئەو سەردەمه و خەباتکارانی بەشەکانی دیكهی کوردستان، بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دیموکرات کە ڕۆحی شۆڕشگێڕیان بەهێزتربوو لە بەرژەوەندی شەخسی و ترس لە گیانی خۆیان، دوای کۆنگرەی ٢ی حیزبی دیموکرات بڕیاریان دا کە خەبات و تێکۆشانی سیاسی لە دژی حکوومەتی پاشایەتی گوڕ بکەنەوە. ساواکی شا ئهم بڕیارهی بە مەترسی دەزانی بۆ سەر ئاسایشی خۆی و ئەمریان بە مەلا مستەفا و کوڕەکانی کرد کە پێش بەم شؤڕشگێڕانە بگرن یان بیانکوژن و تەسلیمی حکوومەتی ئێرانیان بکەنەوە. لە کۆتاییدا ئیدریس بارزانی بوو بە مەئمووری ڕاوەدونانی ئەم شۆڕشگێڕانە. زۆربەیانیان کوشت یان تەسلیمی ئێرانیان کردنهوه.
هەڵوێستی بارزانی چی بوو؟ ئایا بارزانی هەبوونی کۆمیتەیەکی بەم شێوەیەی پێخۆش بوو؟
سیامەند موعینی: مەلا مستەفا رێبەرێکی عەشیرەتی بوو و خوێندنەوەی سیاسی و ئهنالیزی نەبوو. ڕەمەکی و کلاسیک سیاسەتی دەکرد. بۆیە کەوتە دژایەتی مەکتەبی سیاسیی پاڕتی دیموکرات. هاوکات دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دیكهی کوردستانی وەک دۆست و پشتیوانی شۆڕشی خۆی پێناسە دەکرد و بە شێوازێکی عەشیرەتی ڕکێفی پارتیی دیموکراتی کوردستانی لەبەردەستدابوو و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دەهێنا. تێگەیشتنی بارزانی ئەوە بوو کە عەشیرەتی خۆی سەردەست بکات و ئەرکدار بوو کە هەر سەرهەڵدانێک یان ڕوحێکی شۆڕشگێڕی لە هەر شوێنێک سەرهەڵبدات لەناوی ببات. چونکە شۆڕشگێڕی و تێکۆشانی ئازادی لە بەرژەوەندی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان نەبوو. ئەم ڕوحه شۆڕشگێڕییە بۆ ڕەوتی بارزانیش مەترسی بوو. بۆیە بارزانی هیچ تێکۆشانێکی دژبه دەوڵەتانی داگیرکەر قبووڵ نەدەکرد و دەیگوت، ڕاوەستن با کوردستانی ئێراق سەركهوێت پاشان فکرێک بۆ بەشەکانی دیكه دەکەینەوە. بەڵام مەبەست پێشگرتنی بزاڤی شۆڕشگێڕی بوو لە بەشەکانی دیكه و ئەرکێک بوو کە لە پڕاکتیکدا ئەم دەوڵەتانە بە بارزانیان دابوو واته خزمەت بە داگیرکاری بە ناوی کوردایەتی.
لە کاتێکدا کە شۆڕش لەو قۆناغەدا لە باشووری کوردستان بوو، ئایا لەو کاتەدا مستەفا بارزانی هیچ جۆرە هاوکارییەکی دەکرد بۆ زیندووکردنەوەی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؟
سیامەند موعینی: پارتی لە دامەزراندنییەوە (١٩٤٦ هەتا سەرەتای ١٩٦٣) حیزبێكی نیشتمانیی كوردستانی بوو. لە دوای جیابوونەوە و دەركردنی بەشێک لە خەباتکارانی مەکتەبی سیاسی، وردە وردە ڕێچكەی حیزبێكی بنەماڵەیی كۆنەپەرستی گرتەبەر. هەتا لە كۆنگرەی ٨ی ساڵی ١٩٧٠ لە ناوپردان بە یەكجاری بوو بە حیزبی بنەماڵە. لەو كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمجار كوڕانی مەلا مستەفا بارزانی؛ ئیدریس و مەسعوود بوونە ئەندامی سەركردایەتی دواتر م. س و ئەندامی بارەگهی بارزانی.
وەكو جەرجیس فەتحوڵا و بەڕێز ئەیووب بارزانی دەيگێڕنەوە، لەو كۆنگرەیەدا تەزویر بۆ هەردووكیان كراوە بۆ ئەوەی دەنگیان وەكو یەك بێت تا كێشە بۆ بنەماڵە دروست نەبێت! بەو پێیە، جووتەبرا هەر یەكی ٤٥٠ دەنگیان هێنا و گەیشتنە لووتكەی ناوەندی بڕیار و ئەم رێچکەیە ئێستاش بەردەوامە و بنەماڵە بە هەموو خەیانهتکارییەکی كردوویهتی، وەک مڵۆزمێک بە گەردەنی ئەم گەلەوە نووساوه و بەردەوام خیانهت بە گەل و نیشتمان دەکات. بەهۆی بەهێزبوونی باری ماڵی و مێدیایی، ئەم خیانهته بۆ کەسانی ساویلکەی سیاسی بە کوردایەتی دەفرۆشنەوە. مەلا مستەفا دوای ساڵی ١٩٦٣ بەردەوام لە خزمەتکردنی دەوڵەتانی ئێران و تورکیەدا بووە و ئێستا کوردایەتی بە گەلی کوردی دەفرۆشنەوە.
بارزانی بە هێزی عەشرەتەوە هات بۆ مەهاباد و پشتگیری کۆماری کوردستانی کرد. ئایا کە خەباتگێرانی ڕۆژهەڵات چوون بۆ لای بارزانی بە هێزەوە چوون؟ یان هیچ هێزێکی دیاریان لەناو ڕێزەکانی پارتی دیمووکراتی کوردستاندا هەبووە؟ ئەگەر هەبووە لە ژێر چ ناوێكدا تەنزیم کرابوو؟
سیامەند موعینی: قۆناخەکە جیاواز بوو. کاتێک عەشیرەتی مەلا مستەفای بارزانی کە زۆر نەبوون لە گەڵ حکوومەتی ئەوکاتی ئێراق لەسەر چەتەگەری کەوتنە شەڕ و نەیانتوانی لە باشوور بمێننەوە، عەسکەری ئێراق و بەشێک لە عەشیرەکانی دیكهی ناوچەکە ئەم جەماعەتەیان بۆ دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاونان و لە سەرما و سۆڵی ئەو سەردەم لە ناوچەی شنۆ جێگیر بوون. کۆمەڵێک وەزیر و کاربەدەستی ئەو سەردەمهی کۆمار داوایان لە پێشەوا کرد کە ئەم عەشیرەتە بگرنە ژێر چەتری خۆیان. بەڵام ئەوەی کە من لە قەدیمیانم بیستوە کە دەڵێن لە دەستپێکدا پێشەوا قازی زۆر ئەلاقەی بە هاتنی مەلا مستەفا نیشان نەداوە. هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە باقرۆڤ بە قازی محەمەدی گوتووە کە ئەم پیاوە کار بۆ ئینگلیزهكان دەکات و زۆر گونجاو نییە لەناو کۆماردا جێ بگرێت. بەڵام سەرەڕای ئەم تێبینییه قازی محەمەد ناردوویەتی بەدوایاندا و بە ڕەسمی پێشوازییان لێکردوون و شوێن و ئیمکاناتیان بۆ دابین کردوون.
ئەو سەردەمه کە شۆڕشی باشووری کوردستان گەشاوە بوو و بوو بە ناوەندێکی هیوا بۆ بەشەکانی دیكهی کوردستان حیزبی دیموکراتی کوردستانیش کەوتنە یارمەتیدانی ئەم شۆڕشە و لە بواری ڕاگەیاندن و بەڕێکخستنكردندا دەستێکی باڵایان لەم شۆڕشەدا هەبوو. بابەتێک ئەوەیە کە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاراکتەری عەشیرەتی نەبووه و سەرۆک عەشیرەت ئەم ڕەوتەی بەڕێوە نەبردووە. تەنیا لە باشووری کوردستان مەلا مستەفا و کوڕەکانی بۆ بەرژەوەندیی عەشیرەتی و بنەماڵەیی دەستیان بەسەر ئەم شۆڕشەدا گرتووە و بۆ ئامانجەکانی خۆیان کەڵک لە پارتیی دیموکرات وەردەگرن.
هۆکار چییه کە ئەندامانی کۆمیتەی ئینقلابی لە لایەن بارزانییەوە دەکرێنە ئامانج؟ ئایا تەنها لەبەر فشارەکانی ساواک بوو بۆ سەر شۆڕشی باشووری کوردستان، یاخود بارزانی پێشکەوتنی خەباتێکی بەم شێوەیەی لە قازانجدا نەبوو؟
سیامەند موعینی: هەروەک پێشتریش باسم کرد هەردووک ئاماژە کە کردووتانە دەتوانن ڕاست بن. بەڵام لەو سەردەمهدا بە بڕوای من فشاری ساواک و کاربەدەستانی ئێران و هاوکات ملکەچی مەلا مستەفا بۆ ئێران، بوون بە هۆکار کە هێرش کرایە سەر بەشێک لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات. ئەوەش شاراوە نەبێت کە بەشێکی دیكه کەوتنە خزمەتی پاراستنی پارتی و بنەماڵەی بارزانی وەک ئەمیری قازی، هەژار موکریانی و کۆمەڵێکی دیكهش بێ هەڵوێست ژیانی خۆیان پاراست.
بەڵگەی ئەوه لەبەردەستدایە کە کاک سولهیمان موعینی لەناو زینداندا بەدەستی بارزانی شەهید کراوە؟ ئەگەر زانیاریتان هەیە دەتوانن لە ڕێگهی ئاژانسەکەمانەوە چۆنیەتی شەهیدکردنی سولهیمان موعینی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن؟
سیامەند موعینی: ئەوە شاراوە نییە و هەر کەس دەزانێت کە شەهیدکردنی کاک سولەیمانی موعینی بە فەرمانی بارزانی و داخوازی شای ئێران و ساواک ئەنجام دراوە. دوکتور مەحموود عوسمان هەم بۆ منی باس کردووە کە ئەم خیانهته بە دەستووری مەلا مستەفا بووە. تەنانەت لە چاوپێکەوتنی تهلهفزیۆنیی خۆیدا ئەم مژارەی بە وردی باس کردووە.
کاک سولەیمان بە نەخشەیەکی داڕێژراو کاتێک لە سیتەک بەرەو رۆژهەڵات دەڕوات، لەگهڵ خهلیل شهوباش كه پێشمهرگهیهكی گهنجی بانهیی بوو، له ماشێنی قالە تەگەرانیدا دهبن. بەرپرسێکی پارتی بە ناوی سەدیق ئەفەندی (سەدیق ئەمین) کاک سولەیمان و خەلیل شەوباش لە ماشێنی قالە تەگەرانی دادهبهزێنن و هەر لە ڕێگهدا خەلیل شەوباش شەهید دەکەن و تەرمەکە لەپشت گوندێک فڕێ دەدەن. پاش ماوەیەک خهڵكی گوند پێدەزانن و تەرمەکەی بە خاک دەسپێرن، دواتر کاک سولەیمان دەبەنە بارەگهی بارزانی و ٢ مەئمووری ساواک لەو شوێنە دەبن. هاوکات هەژار موکریانی لە کتێبی چێشتی مجێوری کەس نەخۆریدا باسی ئەم ڕووداوه دەکات بەڵام زۆر بەدرۆزنی و چەواشەکاری دەینوسێت. پاش شەو و ڕۆژێك بە داخوازی ساواک هەر لەو شوێنە ئیعدامی دەکەن و تەرمەکەی بە هێلیکۆپتەر کە هەر لەو شوێنە چاوەڕوان بوو، دەبەنەوە ئێران و لە سەربازخانەی پیرانشار هەڵیدهواسن و وێنەی دەگرن. ئەوە و بە دەیان بەڵگە هەیە کە ئینکار ناکەن و تەنانەت مەسعوود بارزانی خۆیشی لە کتێبێکدا کە بۆیان نووسیوە باس لەم بابەتە دەکات و دەڵێت: له ساڵی ١٩٦٧ دا شۆڕش ناچاربوو كارێكی ناخۆش ئەنجام بدات كه نەدهتوانرا خۆی لێ ببوێرێت. ئەويش كاتێك سليمانی موعينی كه دژی ئەحمەد تۆفيق بوو، دەستگير كرا. كه چووبووه پاڵ جاشهكانی ٦٦ و هاوكاری ڕژێمی عێراقی له دژی شۆڕش كردبوو. ئيدی كوژرا و لاشەكەی بۆ ئێران نێردرایهوه. نەدهكرا وا چاو له مەسەلەی چارەنووسی سليمانی موعينی بكرێت كه مەسەلەيەكی حيزبی ناوخۆييه. ئەو هاوكاری جاشەكانی ٦٦ ی كردووه و دوژمنی شۆڕشه و ناكرێت كێشهكهی جيابكرێتهوه به بيانووی ئەوەی كه پێوەندی به كاروباری حيزبەكەيەوه هەبووه. هەرچەنده ئێمه ئەو كۆتاییه ناخۆشەشمان بۆ ئەو پياوە نەدەخواست.» مەسعوود بەبێ بنەما دەڵێت، کاک سولەیمان هاوکاری مەکتەبی سیاسی و مام جەلالی کردووە و پێوەندی لهگهڵ ڕژێمی ئێراقیدا ههبووه. ئێستا دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ دەرکەوتووە کە ئەوە درۆیە و ئەوە تەنیا بۆ پاساوی کردارە قێزەونەکە و خیانهتی باوكیهتی.
هەڵوێستی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر ئەم خیانەتەی بارزانیدا چی بوو؟ ئایا ئەم کردەوەی بارزانی ئومێدی شۆڕشی کوردستانی نەشکاند کە لەو قۆناغەدا شۆڕش لە باشووری کوردستاندا بوو؟
سیامەند موعینی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش ئەم ڕووداوه مەلا مستەفا زۆر خۆشەویست بوو و خەلک سوێندیان بە سەری دەخوارد، بەڵام دوای ئەم کردەوە و دەرکەوتنی خیانهت و خزمەتکاری بارزانی بۆ ساواکی شا، ئیدی خەڵک بۆی دەرکەوت و ئەو خوشەویستییە بوو بە ڕق و کین بهرانبهریان. تەنانەت لەناو شاردا بەئاشکرا جنێویان بە مەلا مستەفا دەدا کە ڕۆژانه گەل دەیبینی جەنازەی گەنجەکانیان تەحویلی ئێران دەدرایهوه و لە ناوەڕاستی شار هەڵیاندهواسین بۆ ئەوەی خەڵک بترسێنن. ئیدی کاریزمای بارزانی تێکشكا و ڕومهتی ڕاستیی خۆی بۆ گەل نیشان دا و هەتا مردنیش کە بە سەرشۆڕی مرد ئەو خیانهتهی بە ناوچاوانییەوە مابوو.
مهبهستی بابەتەکەمان خیانەتی بنەماڵەی بارزانی و شەهیدکردنی کاک سولهیمانه. دەمەوێت بپرسم خاڵی لاوازی کۆمیتەی ئینقلابی و کەموکورتی خەباتگێران لەو کاتەدا چی بوو؟ چ دەستێکی ناوخۆیی و دەرەکی لەپش شکستهێنانی ئەم جوڵانەوەیه بوو؟
سیامەند موعینی: خیانهتی بنەماڵەی بارزانی یەک و دوو نین - هەزاران مرۆڤی شۆڕشگێڕیان شەهید کردووه. دەیان کتێب و بابەت هەیە کە باسی ئەم مژارانە دهكات و لەم کورتە باسەدا جێگای نییە بیانهێنمه سەر زمان. شەهیدکردنی کاک سولەیمان یەکێک بوو لەو تاوانانەی بە دەستی ئەو کەسانە کراوە. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا کە لە بنەماڵەی بارزانی بێ منەت بوو، لە نووسراوەیەکدا بەناوی خیانهتهكانی قیادە موەقەتە و کوڕانی بارزانی باسی زۆر مژاری تر دەکات. بەڵام ئێستا هەموویان کپ و بێدهنگ بوون و تەنانەت ههندێكیان بە سەروباڵای مەلا مستەفادا هەڵدهڵێن بەڵکوو پاکەتێک دۆلاریان پێ بگات. بەو شێوازەش دەخوازن ڕاسان و شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵات بەڕێوهبەرن!
شکستهێنانی ئەم جوڵانەوەیە چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگهی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو؟
سیامەند موعینی: بێ گومان کاریگەری نێگهتیڤی لەسەر ورەی خەڵک لە ڕۆژهەڵات هەبوو. کاتێک دەبینن گەل متمانە دەدات بە ڕێکخستنێک یان کەسێک یان پارتییهك و ئەم کەس و پارتییهش بە ئاشکرا خیانهت دەکات و باشترین ڕۆڵەکانی گەل قەتڵوعام دەکات و لە گەڵ دوژمنی خوێنخۆری گەلەکەی هاوکار و هاوپەیمانە، ئیدی ورە دەشکێت. ئەو سیناریۆیە و ڕەوشە بەتایبەت پیلانی ساواک و سیستهمی داگیرکاری ئێرانە و مەلا مستەفا و کوڕەکانی بەڕێوەیان بردووە. ئێستاش دەبینین کە مەلا مستەفا ئوجاقی کوێر نهبووهتهوه و کوڕ و نەوەکانی بەردەوام هاوکاری تورکیە و ئێران دەکەن بۆ جاسووسی و شەهیدکردنی شۆڕشگێڕان لە هەموو کوردستان.
ئێستا کە شۆڕش بەردەوامە ئێوە چ خاڵێکی لاوازی شۆڕش و شۆڕشگێرانی کورد بە کۆسپ دەبینن لە بەردەم سەرخستنی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؟ لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکەری ئێران چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر خەباتگێرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
سیامەند موعینی: رۆژهەڵاتی کوردستان پارچەیەکی گەورەی کوردستانە و قوربانی زۆری داوە و گەلێک شۆڕشگێر و تێکۆشەری بە ئەزموونی تێدا هەیە. یەکەم بە بڕوای من خەباتی رۆژهەڵات پێویستی بە ئیرادە و یەکگرتووییەکی بنگەهی هەیە و خەباتێک لەسەر بناخەی كولتوور و رئالیتەی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵات بە کولتوورێکی نوێ بونیادبنرێتەوە. ئێستا ڕژێمی ئێران فشارێکی زۆری سیاسی، ئابووری، و دیپلۆماسی لەسەرە و ئێستا پێویستە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەم بنەمایە لێكتێگهیشتنێكی سیاسی و درووستیان هەبێت. حیزبەکان پێویستە بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەست نەدەن. بەڵام هەر وەک عەرزم کردی پێویستە ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕی هەبێت و باوەربەخۆبون و تێگەییشتن بەردی بناخەی سەرکەوتن دەبێت.
ڕێزدار سیامەند موعینی زۆر سوپاستان دەکەین کە پێشنیازهکەی ئێمەتان قبوڵ کرد و وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەتان دایەوە، پێم خۆشە لە کۆتاییدا بپرسم لە ژیانی شۆرشگێڕی کاک سلێمان موعینیدا چ هەڵوێستێک یان چ گوتەیەکی کاک سلێمانی باوکتان هەیە کە لە فکر و هۆشی ئێوەدا مابێتەوە و کاریگەری لەسەر ژیانی شۆرشگێڕی ئێوەدانابێت؟
سیامەند موعینی: کاک سولەیمان موعینی بۆ شۆڕش و گەلەکەی ژیاوە. بۆ کۆمەڵگهیەکی ئازاد و یەکسان تێکۆشانی کرد. هیچ کات لەم تێکۆشانە ڕێی به دوودڵی نەدا و هەموو خۆشیی ژیانی بەجێهێشت بۆ تێکۆشان. بۆیە وەک قارەمانێکی ڕاستین ژیا و وەک قارەمانێکیش ژیانی پێشکەش بە گەلەکەی کرد. کاک سولەیمان لە نووسراوەیەکی خۆیدا بۆ سەردێڕ دەنووسێت: «پۆڵا دەشکێت بەڵام قەت ناچەمێت» ئەو وتەیە بیر و باوەڕی پتەوی دەوێت بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕێک نەچەمێت.
s.m