سیخوڕ جوتیار موحسین دانی بە تاوانەکانیدا نا

جوتیار موحسین حسێن کە لە باشووری کوردستان کاری سیخوڕی بۆ تۆڕی هەواڵگری تورک دەکرد و لە ئێستادا لەلای هێزەکانی گەریلا دەستبەسەرە، یەک بە یەک دانی بە تاوانەکانیدا نا کە چۆن زانیاری ناردووە و بووەتە هۆی هێرشی ئاسمانی.

یەکێک لە نمونەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لەگەڵ کاریگەری سەربازی و سیاسی خۆی هەوڵ دەدات تۆڕی سیخوڕی و نۆکەری لە ناو کۆمەڵگای باشووری کوردستان بڵاوبکاتەوە، جوتیار موحسینە. جوتیار موحسین حسێن لە کۆمپانیایەکی نزیک لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کاری دەکرد، ڕۆژێک سەرلەنەوێ دەستی بە کار کرد کە پێشتر دەرکرابوو و بووە ئەندامێکی تۆڕی سیخوڕی. جوتیار موحسین یەک بە یەک باسی لەو زانیاریانە کرد کە بە میتی داوە و باسی ئەنجامەکانیشی کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ١٢ی ئایار لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە جوتیار موحسین حسێن کە جموجووڵی گەریلا لەو هەرێمانە لە ڕێگای تۆڕی سیخوڕیەوە بە میتی تورک دەگەیاند، دەستگیرکراوە. جوتیار موحسین کە لە لایەن هێزەکانی گەریلاوە دەستبەسەرە، دانی بەوەدا نا کە چۆن سیخوڕی کردووە، چ زانیاریەکی بە میت داوە و بووەتە هۆکاری چی.

جوتیار موحسین حسێن خەڵکی گوندی سیارەی شاری ئامێدی باشووری کوردستانە. خانەوادەکەی لە بنەماڵەی مەندێیە کە بەشێکن لە هۆزی بەرواری. جوتیار موحسین کە خوێندنی ناوەندی تەواو کردووە و کاری خانوبەرە دەکات، حوزەیرانی ٢٠١٩ لە هەرێمەکە لە کۆمپانیایەکی نەوت دەست بەکار دەبێت. بەڵام دوای مانگێک بەهۆی ئەوەی لەنێوان ئەو و بەرپرسێکی کرێکاران بە ناوی هونەر کێشە دروست دەبێت، لەکارەکەی دوور دەخرێتەوە. هەمان ڕۆژ کەسێک دەبینێت کە لە ڕێگەیەوە جارێکیتر دەست بەکار دەکاتەوە. دواتر وەک ئەوەی شتێک ڕووینەدابێت دەست بەکارەکەی دەکاتەوە. ئەو کەسەی دواتر جۆتیاری بینیوە، ژمارەی تەلەفۆنەکەی بە جۆتیار دەدات و داوای لێدەکات هەموو زانیاریەک لەبارەی پەکەکە(ئۆتۆمبێڵ، بارەگا، چۆنیەتی جموجووڵیان و زانیاری تر...)ی پێ ڕابگەیەنێت. جۆتیار بەم شێوەیە بەشداری لە تۆڕی سیخوڕی ئەو کەسە دەبێت.

چ زانیاریەکی داوە؟

بە پێی ئەو دیمەنانەی کەوتوونەتە دەستی ئاژانسەکەمان، جۆتیار بەم شێوەیە دان بە کردەوەکانیدا دەنێت:

*ڕۆژێک کە بەروارەکەی بەبیریناهێتەوە، لە گوندێکی کانیماسێ لە نزیک کارگەیەکی ئاو دانیشتووە، دوای نیوەڕۆ بینی کە ئۆتۆمبێڵێکی گەریلاکان لە دیوی شاروچکەی چەمانکێوە دێت، بەرەو سێگۆشەی گوندی چەمانکێ و شکەفتیایێ دەڕوات. تەلەفۆنەکەی دەردەهێنێت و پەیوەندی بەو کەسەوە دەکات کە کاری سیخوڕی لەگەڵدا دەکات و زانیاری پێدەدات. هەروەها پێ دەڵێت، لەسەر ئۆتۆمبێڵەکە نیشانەیەکی پرتەقاڵی هەیە، بەڵام هیچ لۆگۆیەکی کۆمپانیای لەسەر نییە و دوای ڕۆژێک دەچێتەوە بۆ کۆمپانیا، لە نزیک گوندی کەرەبای دەبینێت کە هێرش کراوەتە سەر ئۆتۆمبێڵی گەریلاکان.

*کاتێک لە نزیک گوندی شیلیا کار دەکات، بارەگایەکی گەریلا دەبینێت. ئەو بارەگایە کۆنتڕۆڵ دەکات و چەند کورسی و کەلوپەلێک دەباتە شوێنەکە و دواتر لەگەڵ کرێکارێک بە ناوی سدیق چوار وێنەی ئەو بارەگایە دەگرێت و بۆ ئەو کەسەی دەنێرێت کە پەیوەندی پێوە هەیە. دەڵێت کە لەدژی ئەو بارەگایەش هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە.

جیهازی جی پی ئێس جێگیر دەکات

لە نزیک گوندی ڕەبەتکە خاڵێکی گەریلا کە دەکەوێتە ژێر تاشە بەردێک دەبینێت، وێنەکەی دەگرێت و دەنیرێت. دواتر جیهازێکی جی پی ئێس بە ئەندازەی پیلێک کە ئەو کەسە پێی داوە لەناو پاکەتێکی بەتاڵی جگەرەدا جێگیر دەکات و لەو شوێنەی دادەنێت. دەڵێت، لەدژی ئەو شوێنەش هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە.

*کاتێک بۆ کارکردن دەچێتە نزیک گوندی شکەفتێ، کە هاوار، مەروان و کەسێکی تریشی لەگەڵدا دەبن. وێنەی بارەگایەکی گەریلا دەگرێت و دەنێرێت و دواتر هێرشی ئاسمانی بەرانبەر ئەو شوێنەش ئەنجامدراوە.

*لە نزیک گوندی حەسنەکە کارەکەی کەم دەبێت و دەزانێت کە لەو ناوچەیە بارەگایەکی گەریلا هەیە. وێنەی ئەو شوێنە بە تەلەفۆن دەگرێت و دەنیرێت. دواتر دەڵێت دوای ٢٠ ڕۆژ هێرشی ئاسمانی لەدژی ئەو شوێنە ئەنجامدراوە.

*لە نێوان گوندی ڕەبەتکە و کانی دا کاتێک بارەگایەکی گەریلا دەبینێت، لەگەڵ هاوڕێیەکی وێنەی ئەو شوێنە دەگرێت و دەنێرێت. ئەو کەسەی ڕێنمایی دەکات، جیهازێکی جی پی ئێس دەخاتە ناو قۆتۆیەکی بەتاڵی بیبسی و ئەویش لەو شوێنە دایدەنێت و بە قسەی خۆی ئەو شوێنەش بۆردومان دەکرێت.

*لە خوارووی گوندی کانیکا دوو پەناگە دەبینێت کە کەلوپەلی لۆجیستیکی گەریلای تێدایە و وێنەکەی ئەو شوێنەش دەگرێت و دەنێرێت.

*کاتێک لە نزیک گوندی ملبەست کار دەکات، کۆمپانیاکە دەڵێت لە نزیک ئەوان بارەگایەکی پەکەکە هەیە و هوشیاریان پێدەدات کە کەس نەچێتە ئەو هەرێمە. بەڵام جۆتیار بە پێچەوانەوە دەجوولێتەوە و دوو وێنەی بارەگاکە دەگرێت و دەنێرێت.

*لەنێوان گوندەکانی کەهرەبا و کانی مازیدا وێنەی بارەگای گەریلا دەگرێت و دەنێرێت.

*ئەو کەسەی لەگەڵی کار دەکات، چوار گەریلا لەسەر ڕێگای شیلیا دەبینێت و وێنەکانیان دەگرێت.

*لە نزیک گوندی کانیکا پەناگەیەکی گەریلا دەبینێت. لەگەڵ مەروان و هاوار و کەسێکی تر ئەو شوێنە کۆنتڕۆڵ دەکەن و دەیانەوێت کەلوپەلی ناو پەناگەکە بدزن. بەڵام دواتر وێنەی ئەو بارەگایە دەگرن و دواتر دەبێتە ئامانجی فڕۆکەکان.

ف.ق