سەبارەت بە مەترسیەکانی سەر کەرکوک حزبە کوردیەکانی شارەکە کۆبوونەوە

حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا سەبارەت بەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی شارکە دەبنەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا چەند داواکارییەکیان کرد.

ئەمرۆ هەینی ٣ی نیسان، حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک لەسەر ئاستی کەسی یەکەم سەبارەت بەدواین پێشهات و مەترسیەکانی سەر شاری کەرکوک بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، کۆبوونەوەکە لە رێگەی (ئۆن لاین)ەوە ئەنجامدرا بۆ خۆپاراستن لە گردبوونەوە و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تیدا چەندین داواکارییان پێشکەش بە هاوڵاتیانی شارەکە و ئیدارەی خۆجێی شارەکە کرد، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو:

" لە کاتێکدا تەواوی سەرگۆی زەوی و وڵات و ناوچەکەمان بەتایبەت کەوتۆتە ژێر مەترسیە تەندروستی و ئابوری و سیاسییەکانەوە، لە سونگەی خەمخۆریمان بۆ گوزەرانی هاوڵاتیانی وڵات و شارە خۆشەویستەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتی بڕیارماندا بە شێوەی(ئۆن لاین) کۆببینەوە و ئەم چەن خاڵەی خوارەوە بخەینە بەر دەستی هاوڵاتیان و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئیدارەی شارەکە.

یەکەم/ تکا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن و هاوکاری تیمە تەندروستی وئەمنیەکانی شارەکە بکەن.

دووەم/ داوا لەسەرجەم پەرلەمانتارە بەرێزەکانی عێراق (پشکی کەرکوک) دەکەین لە هەوڵی بەردەوام و زیاتردابن بۆ دوورخستنەوەی مەترسیە ئەمنی و تەندروستیەکانی سەر شارەکەمان.

سێیەم/ داوا لە حکومەت و ئیدارەی پارێزگای کەرکوک دەکەین باری ناهەمواری ئابوری هاوڵاتیان لە بەرچاوبگرن و باج ، کرێ خانوو ، کرێ دوکان ، پارەی ئاو ، کارەبا و مۆلیدەکان کەم بکەنەوە.

چوارەم/ دوا لە هێزە ئەمنیەکانی ناو شار و دەرەوە دەکەین بە بەرپرسیاری و ڕێزەوە مامەلە لەگەڵ هاووڵاتیاندا بکەن.

پێنجەم/ دوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین مەترسی ئەمنی و تەندروسیەکانی سەر پارێزگای کەرکوک بە هەند وەربگرن و هاوکاربن بۆ پاراستنی گیان و ژیان و خاکی کەرکوک و کەرکوکیەکان لە رێگەی هیزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە.

حەوتەم/ داوا لە سەرجەم لایەن و هێزە سیاسیە عێراقی و کوردستانیەکان دەکەین پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتێک لە بەغداد کە خواستی سەرجەم لایەنەکان و هاووڵاتیان و خۆپیشاندەرانی لەسەر بێت.

هەشتەم/ سەری رێز بۆ سەرجەم پزیشک وکارمەندانی تەندروستی دادەنەوێنین کە بەرۆکیان ناوەتە بەر مەترسییەکی گەورەوە لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و سەقامگیری وڵات."

ف.ق