سەرەتا لە کۆپتەر هەڵیاندایە خوارەوە و دوای ئەوەش بە زۆر بردیان بۆ نەخۆشخانەى سەربازی

عوسمان شیبان لە وان لە دوای دەستگیرکردنى، لەلایەن سەربازانی تورکەوە لە کۆپتەر هەڵدرابووە خوارەوە. دوای ئەوەى کەسوکارەکەى دەیبنەوە بۆ ماڵەوە، پۆلیسی تورک سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ دەچن بۆ ماڵەکەى و بە زۆر دەیبەن بۆ نەخۆشخانەى سەربازی.

هێزەکانی دەوڵەتى تورک لە ناوچەى شاخێ لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان دەستیان بە ئۆپراسیۆن کردبوو و لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا عوسمان شیبان و سەروەت تورگوت-یان دەستگیرکردبوو.

 دوای ٢ رۆژ لە دەستگیرکردنیان لە راپۆرتی نەخۆشخانەدا ئەوە ئاشکرابوو، کە عوسمان شیبان باوکی ٨ منداڵ و تەمەن ٥٠ ساڵ لەلایەن سەربازانی دەوڵەتی تورکەوە لە کۆپتەر و لە ئاسمانەوە هەڵدراوەتە خوارەوە.

سەرباری ئەوەش ئەمڕۆ پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر ماڵی عوسمان شیبان.

بەپێی زانیارییەکان، پۆلیس بە فەرمانی داواکاری گشتیی کۆماری عوسمان شیبان-یان بردووە بۆ نەخۆشخانەى سەربازی. هێشتا ئەوە روون نییە، کە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ عوسمان شیبان دەرکراوە یان نا.

شیبان بەهۆی ئەشکەنجەى زۆر سەربازەکانی دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتی ئاکەپە و ئەردۆغان لەسەر هۆشی خۆی نییە و هیچی بیر ناکەوێتەوە و لەبەر ئەوەش تاوەکو ئێستا وتەى خۆی لەسەر رووداوەکە وەرنەگیراوە.

ژ.ت

****