شاندێکى فیدراسیۆنی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە ئەمریکان

شاندێکى فیدراسیۆنی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لەبارەی کۆمیتەى نووسینەوەى دەستووری بنەڕەتی و ئاسایشی سنوور و ئەنجامدانى زنجیرەیەک کۆبوونەوە سەردانى ئەمریکایان کرد.

شاندەکەى فیدراسیۆنی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، کە دوێنێ گەیشتنە شاری واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا پێکهاتوون لە ئیلهام ئەحمەد سەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنى سوریای دیموکراتیک (مەسەدە - MSD)، ئلیزابێت گەوری جێگری هاوسەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا و چەند بەرپرسێکى تری باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا.

ئیلهام ئەحمەد سەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری مەسەدە لە بارەی پێکهێنانى کۆمیتەى نووسینەوەی دەستووری بنەڕەتی بە ئاژانسى هەواڵی هاوار (ئانها - ANHA)ی راگەیاندووە "پێکهێنانى کۆمیتەى نووسینەوەى دەستوور لەلایەن دەوڵەتانى ئاستانەوە پەسەندکراوە و لە لوتکەى سێ قۆڵیی رووسیا و ئێران و تورکیادا راگەیاندرا،  ئەوە هیچ رەواییەکى بۆ گەلی سوریا نییە، دوورخستنەوەى نوێنەرانى ٥ ملیۆن گەلی سوریایە لە چارەسەریى سیاسی، مەترسییەکى  گەورەش لەسەر داهاتووی سوریا دروست دەکات".

ئیلهام ئەحمەد راشیگەیاندووە، مامەڵە و سات و سەودایەکى نوێ لە سوریا روو دەدات، ئەوە کۆمیتەیەکە لەبەرامبەر ئاگربەست لە ئیدلب دا و لەوبارەیەشەوە وتی "رێککەوتون بۆ ئەوەى خۆیان بگەیننەوە بە رێککەوتنى ئەو دەوڵەتانە، کە دەستوەردان لە کاروباری گەلی سوریادا دەکەن، نەک رێککەوتنی گەلی سوریا بۆ خۆی".

سەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری مەسەدە ئەوەشی وت، دۆسیەى ئاسایشی سنوور و رێککەوتن لەبارەى ناوچەى ئارامەوە لە تەوەرە سەرەکییەکانى گەشتەکەیان دەبێت، کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکادا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و وتیشی "تورکیا دۆسیەى کۆچبەران وەک کارتێکى گوشار بەرامبەر بە دەوڵەتانى ئەوروپی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەى پارە وەربگرێت. ئێستاش کۆچبەران بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا داگیر بکات. هەوڵ دەدات ٣ ملیۆن کۆچبەری سوریا، کە لە تورکیان لەسەر هێڵی سنوور جێگیر بکات تاوەکو ناسنامە و باری دانیشتوانى ناوچەکە پاکتاو بکات و گۆڕانکاری لە دیموگرافیای ناوچەکەدا ئەنجام بدات. هەروەها تورکیا هەوڵ دەدات ئەو سیناریۆیەى لە عەفرین ئەنجامدرا و ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا بە پاساوی پاراستنى ئاسایشی خۆی دووبارەی بکاتەوە".

ئیلها ئەحمەد سەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری مەسەدە لە کۆتایى وتەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو "هەموو جیهان بە باشی ئاگاداری خواست و ئامانجەکانی تورکیایە. هەر هەنگاوێکی ناعاقڵانەی تورکیا کاریگەری لەسەر هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، دەوڵەتانى ئاستانە و هەموو سوریا دەکات".

ژ.ت