عەبدی: تاوتوێی دانووستان لەگەڵ ڕژێم دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیاوە چاودێریکردنی زیندانییە داعشییەکان کەوتوەتە ڕیزی دووەمی بایەخەکانیان.

ئێزگەی (NBC News) ئەمریکی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات، مەزلوم عەبدی کردووە لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا و بڕیاری ئەمریکی لەبارەی پاشەکشێی هێزەکانی و مەترسی چەتەکانی داعش، عەبدی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو شەڕڤانانەی ئەرکی پاراستنی زیندانەکانی داعشەکانیان لە ئەستۆ دابوو، گوازرانەوە بۆ سنوور پێش ئەگەری ڕوودانی هێرشی تورکیا.

عەبدی لەوبارەیەوە بە ئێزگەکەی وتووە "ئەو شەڕڤانانەی کە بۆ چاودێرکردنی هەزاران ئەسیری داعش ئەرکردار کراون، ڕوو لە سنوور دەکەن، پێش ئەوەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا ڕووبدات".

عەبدی ئاماژەی بەوەش کردووە " دوای ئەوەی ئەمریکا ڕێگەی بۆ هێرشی تورکیا کردەوە بۆ سەر هێزەکانمان بە درێژایی سنوور، ئێستا پاراستنی زیندانییە داعشییەکان کەوتوەتە 'خاڵی دووەمی بایەخ' مان".

لێپرسراوی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختی لەوە کردوەتەوە "ئەمە بۆ ئێمە گرفتێکی زۆر گەورەیە. کەس هاوکاریمان ناکات لەو بارەیەوە".

لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕڤانان لە ڕۆژئاوا لەدژی مۆڵگەکانی داعش، ١٢٠٠٠ چەتەی داعش ئەسیر کران، بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی عەبدی و بەرپرسانی پەنتاگۆن داویانە "لەنێوان ئەو ١٢٠٠٠ کەسە، ٢٠٠٠ چەتە هەڵگری ناسنامەی بیانین، ١٠٠٠٠کەی تریش عراقی و سورین."

مەزلوم عەبدی باسی لەوەش کرد، ئەو شەڕڤانانەی کە پێشتر چاودێری زیندانەکانیان دەکرد، ئێستا بەرەو سنوور گوازراونەتەوە بۆ ئامادەباشی دژی هەر هێرشێکی سوپای تورک.

مەزلوم ئەوەشی وتووە "هەموو خێزانی شەڕڤانەکانمان دەکەونە ناوچەی سنووریی. بۆیە ئەوان پارێزگاری لە بنەماڵە و خاکەکەیان دەکەن."

ئەو چاوپێکەوتنەی مەزلوم عەبدی دوای چەند کاتژمێرێک لە لێدوانەکەی ئیدارەی ترەمپ هات کە باس لەوە دەکات تورکیا بەم زووانە هێرش دەکاتە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەمریکا لە ناوچەکە دەکشێتەوە و دەستێوەردان ناکات، هێزەکانی سوریا دیموکرات کە چەندین ساڵ هاوکاریان کردووە بەتەنیا بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی شەڕی تورکیا بکات.

عەبدی وتیشی: "ڕاشکاوانە دەیڵێم، ئەوە وامان لێدەکات هەست بە بێهیوایی بکەین" ئەوەشی وت "ئەو بڕیارە زیان لە متمانەی سوریا بە ئەمریکا دەدات و زیان بە مسداقیەتی ئەمریکا دەگەیەنێت".

ئەردۆغان وەکو تیرۆریست سەیری هەموو کوردێک دەکات  کە "هەڕەشە لە سەقامگیری وڵاتەکەی دەکەن."

عەبدی جەختی لەوەش کردەوە "ئێستا تاوتوێی دانووستان لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی تورکیا" وتیشی"ئەوە یەکێکە لە بژاردەکانی بەردەممان."

عەبدی بانگەوازی بۆ گەلی ئەمریکیش کرد بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر ترەمپ بۆ یارمەتیدان. وتی "ئەو کەسانەی لەگەڵ ئێوە شەڕیان کرد لە دژی تیرۆری نێودەوڵەتی و داعش، بەتەنیا ڕووبەڕووی مەترسی شەڕێکی گەورە دەبنەوە".

ف.ق