فارس ئۆغوللاری: پێویستە دەرگاکانی ئیمرالی واڵا بکرێن

موسا فارس ئۆغوللاری ئەندام پەرلەمانی هەدەپە جەختی کردەوە کە چارەسەرییەکان لە لای رێبەری گەلی کورد عبدواللە ئوجالانن و داواشی کرد کە کۆتایی بە گۆشەگیریەکە بهێنرێت و دەرگاکانی ئیمرالی واڵا بکرێن.

 رێکخستنی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک هەدەپەی شاری ئامەد لە بارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانیان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، لە شەقامی هونەر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و راگەیێنراوێکی بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە.

موسا فارس ئۆغوللاری ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری ئامەد و هولیا ئالۆکمەن ئویانک و زەیات جەیلان هەردوو هاوسەرۆکانی هەدەپەی شاری ئامەد و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بەشداری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە بوون.

موسا فارس ئۆغوللاری لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند چارەسەری کێشەکان نە لە لای روسیا و نە لە لای ئەمریکایە، بەلکو چارەسەرییەکان تەنها لە لای رێبەری گەلی کورد عەبدواللە ئوجالانە.

فارس ئۆغوللاری جەختیشی کردەوە کە پێویستە دیالۆگ لەگەل ئوجالاندا ئەنجام بدرێت و وتی:" پێویستە گۆشەگیری سەر ئوجالان هەڵبگیرێت و دەرگاکانی ئیمرالی واڵا بکرێن و کۆتاییش بە سیاسەتی شەڕ بهێنرێت."

ز.ش