قەرەسوو: ١٥ی ئاب شۆڕشی دیموکراتیکی خوڵقاند

مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ڕایگەیاند، هەڵمەتی ١٥ی ئابی ١٩٨٤ / ٢٤ی گەلاوێژ تەنها هەوڵێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو هاوکات شۆڕشێکی دیموکراتیکی پێکهێنا و کۆمەڵگەی گۆڕی.

ئەومستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بەشداریی بەرنامەی 'دلستان'ی ڕادیۆی دەنگی وڵاتی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەوان جوان تونچی دایەوە.

لە ئامادەکاریی ١٥ی ئاب ئاگادار کرایەوە

مستەفا قەرەسوو لە کاتی ڕاگەیاندنی ١٥ی ئاب لە ساڵی ١٩٨٤ / ٢٤ی گەلاوێژ لە گرتووخانەی ئامەد زیندانیی بوو. باسی ئەوەیکرد پێش ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکە زانیاریمان بۆ هاتبوو و وتی: "دوای ئەوەی ڕۆژووی مردن لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٤ کۆتایی هات، ئێمە لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکراین و کەسوکارمان دەهاتنە سەردانمان. لە یەکێک لەو سەردانانە کەسوکارمان هاتنە دیدەنیمان و وتیان 'شتێکی زۆر گرنگت پێ دەڵێین' و باسی لەوە کرد هەڤاڵان چوونەتە چیا، ئامادەکارییان کردووە، لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە تێکۆشان دەکەن. وتی 'داوایان لە من کردووە کە ئەو زانیارییە بدەمە تۆ، باسی لەوەشکرد، 'نابێت بە کەس بوترێت'. بەڕاستیش کە بیستم خرۆشام. بەتایبەتی لەناو هەلومەرجی زینداندا، لە دۆخێکدا کە هیچ پەیوەندیمان لەگەڵ بزووتنەوەکە نەبوو، لە شوێنێکی وەکو زیندانی ئامەد کە ئەشکەنجە تێیدا قورس بوو، لە شوێنێک کە چەندین هاوڕێی هێژامان لێ شەهید بوون، وەرگرتنی زانیاری لەو شێوەیە ئازاری ئێمەی نەهێشتبوو".

کاتێک هەڵمەتی ١٥ی ئابم بیست

قەرەسوو وتی: "کاتێک هەنگاوی ١٥ی ئاب دەستپێکرد، دوای یەک دوو ڕۆژ بیستمان. گفتوگۆکان دەستیان پێکرد و هەمووان مەراقیان کردبوو بزانن ئەو هەڵمەتە لەلایەن کێ و چۆن دەستیپێکردووە. لەبەرئەوەی من ئاگاداری ئامادەکارییەکان بووم، بە هەڤاڵانم وت، 'هەڤاڵانمان ئەوەیان کردووە، جگە لەوان لە کەسی تر ناوەشێتەوە ئەوە بکات'. هەڤاڵانیش زۆر دڵخۆش بوون. لە کاتێکدا فاشیزمی ١٢ی ئەیلول لە کوردستان و تورکیادا تیرۆری بەڕێوەدەبرد و لەناو هەلومەرجی زیندانەکانی ١٢ی ئەیلولدا وەرگرتنی زانیارییەکی لەو شێوەیە، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی لەو شێوەیە نەک تەنها بۆ مێژووی کوردستان، هاوکات بۆ مێژووی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر گرنگ بوو. بووە مایەی پێشکەوتنی زۆر گرنگ.

ئەگەر هەڵمەتی ١٥ی ئاب نەبوایە

ئەگەر هەڵمەتی ١٥ی ئابی مێژوویی نەبوایە، دۆخی ئێستا لە کوردستان، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر جیاواز دەبوو. ڕژێمی زۆر دواکەوتوو و زۆر ئۆتۆریتەر باڵادەست دەبوون؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکۆشان و حەسرەتی ئازادی و دیموکراسیی زۆر لاواز دەبوو. وەکو ئەوەی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول پلانی بۆ داڕشتبوو، لە تورکیا هێزە دیموکراسییەکان، گەل و هەموو کەس بێدەنگ دەبوو، تورکیا ٥٠ ساڵ بێدەنگ دەبوو. خۆی ئەوانەی ١٢ی ئەیلولیان ئەنجامدا و دەستووری ١٢ی ئەیلولیان ئامادە کرد، پلانێکی ٥٠ ساڵیشیان ئامادە کردبوو. هەڵمەتی ١٥ی ئاب گورزی لەو پلانە وەشاند و تێکیشکاند".

ئەنجامەکانی هەڵمەتەکە لە کوردستان

قەرەسوو ڕایگەیاند، هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە کوردستان ئەنجامی بێ هاوتای خوڵقاند و وتی: "ئەگەر هەڵمەتی ١٥ی ئاب نەبووایە، دوای فاشیزمی ١٢ی ئەیلول لە هەموو کوردستان قڕکردن دەستیپێدەکرد و ڕاستییەکی بەو شێوەی کۆمەڵایەتی دەخوڵقا. ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵک عەوداڵی ئازادین و بۆی تێدەکۆشن، لەدژی داگیرکاریی و قڕکردن خەبات دەکەن، لەناو ئەو ڕاستییەدا تێکۆشانی ئازادیی ئێمە پشکی شێری بەرکەوتووە. ئەگەر ئەو تێکۆشانە گەورەیە نەبوایە، ئەو بزووتنەوە جەماوەرییانەی پێی دەڵێن 'بەهاری عەرەبی' پێکنەدەهات. هیچ کۆمەڵگەیەک دژی هێزە کۆنەپەرستەکان ڕانەدەوەستا. گەلی کورد دەیان ساڵە لەسەر هەستە. دەیان و سەدان و هەزاران بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەستیان بە تێکۆشان کرد. شار، شارۆچکە، گوند و شەقام و گەڕەک نەما ڕانەپەڕێت. کۆمەڵگە بە قورسی بەشداری ئەو تێکۆشانە بووە.

تەنها بزووتنەوەیەکی سەربازی نییە

بۆیە هەڵمەتی ١٥ی ئاب تەنها بزووتنەوەیەکی سەربازی نەبوو، هاوکات شۆڕشێکی دیموکراتیکی خوڵقاند و کردی بە ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی. ئەو شۆڕشە هەڵمەتی ١٥ی ئاب هێنایەکایەوە. شۆڕشێکی سیاسی و سەربازی ئاسایی نییە. بە شێوەیەکی هێندە قووڵ و گەورە کاریگەری بەسەر کۆمەڵگەوە هەبوو، وەهای گۆڕی کە گوشار، زۆرداری چەندە بەردەوامیش بێت پاڵپشت بەو بەهایانەی کە هاتونەتەکایەوە بەرخۆدان دەکات، بەرخۆدان لەدژی هەموو هێرشێک دەکات و بەردەوام پایەدار دەبێت. بەدڵنیاییەوە کوردستان ئازاد دەکات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دیموکراتی دەکات. ڕێبەر ئاپۆ ئەو پێشکەوتنە گەورە شۆڕشگێڕییەی بە پارادیگمای نوێ کردووە کە هیچکات نەڕووخێت. هەربۆیە لە ساڵوەگەڕی هەڵمەتی ١٥ی ئابدا، سڵاو و ڕێزم بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرم، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنەوێنم".

قەرەسوو لە ساڵیادی شەهیدبوونیاندا، یادی شەهیدان 'ساری ئیبراهیم، حسێن ماهیر و ئاتاکان ماهیر'ی کردەوە و وتی: "هەرسێ هاوڕێ کاتێک گەنج بوون بەشداری تێکۆشانیان کرد. نابێت گەنجانی کورد کەسانی دەرەوەی خۆیان بۆ خۆیان بکەنە نمونە. دەبێت فەلسەفەی ژیان، فەلسەفەی تێکۆشانی گەنجانی کورد، عەلی چیچەک، نەجمی ئۆنەر، ئاتاکان ماهیر، حسێن ماهی و ساری ئیبراهیم بکەنە سەرمەشقی خۆیان. گەنجانی کورد گەنجی ئاسایی نین. گەنجانی گەلێکن کە قڕ دەکرێت. گەلی کورد قڕ دەکرێت. لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، کە گەلی کورد قڕ دەکرێت پێویستە گەنجانی کورد جگە لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی، جگە لە تێکۆشانی هەبوونی گەلی کورد نەبنە خاوەن فەلسەفەی ژیانێکی جیاواز. لەو چوارچێوەیەدا بانگەوازیی بۆ گەنجان دەکەم کە بە هێزەوە بەشداری ناو ڕیزەکانی تێکۆشان بکەن".

ژ.ت