قەڕەیلان: ئێدی جیهان دەنگی کورد دەبیستێت -٢-

قەڕەیلان: ئێمەی کورد لە یەک کەشتیداین. ئەگەر کەشتیەکە ژێرئاو بکەوێت، هەموومان ژێرئاو دەکەوین و بە پێچەوانەوە هەموومان بەیەکەوە سەردەکەوین. لەگەڵ ئەوەشدا باس لە یەکێتی نەتەوەیی ناکرێت. بە تایبەتی لەم دۆخەدا دەرفەتێکی گەورە هەیە.

موراد قەڕەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بەشذاری لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تی ڤی کرد و وڵامی پرسیارەکانی سەردار یەکتاشی دایەوە و دوێنی ٩ی تشرینی دووەم بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەمان بڵاوکردەوە.

لە بەشێ دووەمی چاوپێکەوتنەکەدا قەڕەیلان ئاماژەی بەوەدا، ئەردۆغان بە شێوەیەکی ئاشکرا جینوساید دەپارێزێت و ئەمەش بە سەر هەموو کەسێک دەسەپێنێت. لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەخشەیەکی نیشاندا و ڕایگەیاند، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر دەکات و پەنابەری تێدا نیشتەجێ دەکات. ئەو کاتە کەس نەیوت، ئایا مافی ئەوەت هەیە خاکی سوریا داگیر بکەی؟ تۆ ئەم ڕەوایەتیە لەکوێ وەردەگری؟ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر ئەوە بێدەنگ ما و نەتەوە یەکگرتووەکان لەم قڕکردنەدا دەبێتە هاوبەش. ڕاستی بەم شێوەیەیە.

هەرچەندێک پرسەکە نێودەوڵەتی ببێت، ئەوەندە لە سوودی کوردە

بە هۆی ئەوەی دۆزی هەبوونی گەلی کورد دۆزێکی ڕەوایە. هەموو شتێک کە گەلی کورد لە چوار پارچە دەیکات داواکاری ڕەوان. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم پرسە چارەسەر کراوە. لە ئەمریکا، ڕووسیا و ئەوروپا پرسەکە چارەسەر کراوە. مافی زمان، کلتور و خۆبەڕێوەبەری گەلان و نەتەوەکان مافێکی سروشتی گەلان و نەتەوەکانە. مافێکی سروشتی هەر نەتەوەیەکە. گەلی کوردیش داوای ئەم مافە ڕەوایەی دەکات.  داواکاری ڕەوای کورد وەک "تیرۆر" لەقەڵەمدەدەن. توندوتیژی بەکاردەهێنن و ئەمەش دەبێتە تراژیدی گەورە لە کوردستان. پرسی کورد هەر چەند نێودەوڵەتی ببێت، ئەوەندە بە سودی کوردە. بێگۆمان پێویستی بە تێکۆشانی سیاسی، دیپلۆماسی، کۆمەڵایەتی و ئەنجامگیری گۆڕەپانی سەربازی هەیە. کاتێک بەو شێوەیە خەبات بەڕێوەبرا، شتێک نابێت کە لێی بترسین و دەتوانین بەرەو پێشەوە بچین.

کردەوەکانی ئەردۆغان قڕکردنە

قەڕەیلان ڕاشیگەیاند، کردەوەکانی ئەردۆغان قڕکردنە و وتی، "ئەردۆغان بە شێوەیەکی ئاشکرا جینوساید دەپارێزێت و ئەمەش بە سەر هەموو کەسێک دەسەپێنێت. لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەخشەیەکی نیشاندا و ڕایگەیاند، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر دەکات و پەنابەری تێدا نیشتەجێ دەکات. ئەو کاتە کەس نەیوت، ئایا مافی ئەوەت هەیە خاکی سوریا داگیر بکەی؟ تۆ ئەم ڕەوایەتیە لەکوێ وەردەگری؟ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر ئەوە بێدەنگ ما و نەتەوە یەکگرتووەکان لەم قڕکردنەدا دەبێتە هاوبەش. ڕاستی بەم شێوەیەیە. ئەردۆغان بە شێوەیەکی ئاشکرا دەڵێت، 'من ئەوێم داگیر کرد، پەنابەری تێدا نیشتەجێ دەکەم، ئێوەش هاوکاری بکەن.' ئایا سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت لێی بپرسێت، گەلی هەرێمەکە بۆ کوێ چوو؟ لەو جێگەیە ٣٠٠ هەزار کەس پەنابەر بوون؟ ئایا ئەوانیش مرۆڤ نین؟ ئەوان بۆ کوێ بچن؟

دەوڵەتی تورک لە گرێ سپی و سەرێکانی چی کرد؟ منداڵی کۆمەڵکوژ کرد. خەڵکی پیر وپەککەوتەی کوشت. گوند و ماڵی سووتاند. لەدژی خەڵکی مەدەنی، چەکی کیمیایی و فسفۆڕی سپی بەکارهێنا. دڕندەیی گەورەی کرد. بەر لە داگیرکەری تورک لەوێ ئارامی هەبوو. خەڵکەکە بە ئارامی لە سەر خاکەکەیان دەژیان. سوپای تورک بۆچی بە فڕۆکە و تانک و تۆپەکانی هێرشی کرد و کۆمەڵکوژی گەورەی ئەنجامدا؟ ئەگەر ئەوە تیرۆر نەبێت چییە؟ ئەگەر منداڵی ٦ ساڵ و ٩ ساڵ بە گازی فسفۆڕی سپی دەکوژرێن، ئایا تیرۆر نەبێت چییە؟ ٣٠٠ هەزار کەسی مەدەنی بە زۆر کۆچبەر کران و گوندەکانیان ڕووخێنران و سووتێنران. ئەمە تیرۆر نییە، چییە؟ بۆچی کەس لەوە ناپرسێتەوە؟ کاتێک کە تیرۆریستی گەورە ئەردۆغان قسەدەکات، تەنها لەبەرئەوەی دەوڵەتن پێی دەڵێن "بەڕێز". ئایا ئەگەر دەوڵەتت هەبوو، مافی قڕکردنی گەلانی تر بە تۆ دراوە؟ مافی جینۆسایدی هەیە؟ مافی ئەوەی هەیە تیرۆریزم بکات؟ بێگۆمان مافی نییە.

ئێمەی کورد بە هۆی ئەوەی دەوڵەتمان نییە، چی بکەین وەک تیرۆر دەمانبینن، ئەوانەی دژی ئێمەشن کە هێزی قڕکەر و داگیرکەرن، وەک دەوڵەت دەبینرێن. ئایا شتێکی بەم شێوەیە ڕێکەوتە؟ لەدژمان هەموو ڕۆژێک تیرۆر ئەنجامدەدرێت. منداڵەکانمان، خەڵکەکەمان و گەلەکەمان هەموو ڕۆژێک دەکوژرێت. دیارە نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێچەوانەی ناوەکەی مافی دەوڵەتان دەپارێزێت. بەڵام لەدژی گەلەکەمان تیرۆرێکی گەورە بەڕێوەدەبرێت و دەیانەوێت گەلەکەمان قڕبکرێت. لە سوریا دەرفەت بۆ کورد دروست بوو کە ستاتۆیەک دروست بکات. بەڵام دەوڵەتی تورک لەدژی دەوەستێتەوە و دەڵێت، 'لەو جێگەیە دەوڵەتێکی تیرۆر دروست دەکرێت'. بەڵام کوردانی ئەوێ باسی دروستکردنی دەوڵەتیان نەکردووە، تەنها لەناو یەکپارچەیی خاکی سوریادا دەیانەوێت بە خۆسەری بژین. بەڵام دەوڵەتی تورک لەدژی ئەو خۆسەریەیە."

قەڕەیلان وتیشی، "لە سایەی تێکۆشانی گەل، دۆستەکانی گەلی کورد، دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە جیهان بڵاوبووەوە و لە دڵی گوندنشینان، ڕەنجبەران و ڕۆشنبیران جێگەی خۆی کردەوە. داگیرکەران هەرچیەک بکەن، ناتوانن دۆزی ڕەوای گەلەکەمان وەک تیرۆر پیشان بدەن.

ئێمەی کورد لە یەک کەشتیداین

قەڕەیلان لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، "کێشە گەورەکەی کورد یەکێتی نەتەوەیی یە و وتی، "ئێمەی کورد لە یەک کەشتیداین. ئەگەر کەشتیەکە ژێرئاو بکەوێت، هەموومان ژێرئاو دەکەوین و بە پێچەوانەوە هەموومان بەیەکەوە سەردەکەوین. لەگەڵ ئەوەشدا باس لە یەکێتی نەتەوەیی ناکرێت. بە تایبەتی لەم دۆخەدا دەرفەتێکی گەورە هەیە. لە کەسایەتی ڕۆژئاوای کوردستان و لە سایەی بەرخۆدێران ئەمڕۆ دەنگی گەلی کورد دەگاتە هەموو جیهان. سیستمەکانی جیهان هەموو سەرنجی دەدەن. دەرفەتێکی گرنگە. ئەگەر ئێمەی کورد ستراتیژی و سیاسەتێکی هاوبەش بەڕێوەببەین، ئەگەر ئێمە شەپۆلی نوێی داگیرکەری تورک تێکشبشکێنین، ئەو کاتە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەپاریزرێن و کێشەی کورد چارەسەر دەبێت."

'مەترسی سەر دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان'

قەڕەیلان ئەوەی خستەڕوو مەترسی لە سەر دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان هەیە و وتی، "لە عێراق باسی دەستووری بنەڕەتی نوێ دەکرێت. دەوڵەتی تورک هەندێک حساباتی هەیە. دەگوترێت ژمارەیەکی زۆر کەس لە کەرکوکەوە بپ تورکیا براون و پەروەردەکراون. هەوڵی بەڕێکخستکردنی سونەکان دەدرێت. لەگەل داعش ئامادەکاری لەدژی هەرێمەکە دەکەن. ئەمانە نیشان دەدەن مەترسی هەیە.

لێرەوە بانگەوازیم بۆ سەرۆکی پارتە کوردیەکان و لایەنە بەرپرسەکان دەکەم: ئێدی مەترسیەکە ببینن. چەقۆ گەیشتووەتە ئێسقان. ئەگەر ئەم پێڤاژۆیە لەدەست بچێت، وەک ئێستا گەلی کورد ناتوانێت دەنگی بگەیەنێتە هەموو جێگەیەک. دەرفەتێکی گرنگ لەدەستی کورد دا هەیە. دۆزی ڕەوای کورد ئێستا لە ڕۆژەڤی هەموو جیهاندایە. ئەگەر سیاسەتێکی هاوبەش و ڕاستمان هەبێت، ئەو کاتە شەپۆلی هێرشە داگیرکەریەکان تێکدەشکێنرێت. دەستکەوتەکان مسۆگەر دەکرێن. ئەگەر نەتوانین ئەوە بکەین، هەموو شتێک لەدەست دەچێت. پێویستە بە جددی بیربکەینەوە.

'بۆ یەکێتی نەتەوەی پێویستە هەنگاوێکی گرنگ بنێین'

قەڕەیلان لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی ئەم پێشنیارەی کرد: ئێستا کەنەکە هەیەم لە رێگەی کەنەکە ڕۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەندانی بێلایەنی کوردستان دەتوانن کۆمسیۆنێک دروست بکەن. ئەو کۆمسیۆنە دەتوانێت لەگەڵ پارتە کوردیەکان دانیشێت. داوا بکرێت لە سەر هێڵی نەتەوەیی بەیەکەوە دانیشن. کێ لە خەتی نەتەوەیی دەربچێت، پێویستە ڕەخنە بکرێت و هەڵوێست بەرامبەر نیشان بدرێت. بەرنامەی یەکێتی نەتەوەی ئامادەیە. بەرنامەی یەکێتی نەتەوەیی کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئامادە کرابوو لە قۆناخی کۆتاییدا ڕاگیرا. ئەگەر هەموو لایەنەکان ئەو بەرنامەیە قبوڵ بکەن، پێویست ناکات لە سفرەوە دەستپێبکەین. واتە لە ڕاستیدا بناغەیەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەیە."

ف.ق