قەڕەیلان: پێویستە گەنجان تەماشاکەر نەبن، ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆیان بگێڕن

قەرەیلان: پێویستە هەموو گەنجانی کوردستان تەنها تەماشاکەر و پشتیوان نەبن و لە تێکۆشان دژی داگیرکەری، سیاسەتی شەڕی تایبەت و تێکۆشانی ئازادی ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕن.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل- نەپەگە، لە پەیامێکدا بۆ ئاژانسی 'نووچە جوانـ' داوای لە هەموو گەنجانی کوردستان کرد، کە تەنها تەماشاکەر و پشتیوان نەبن و لە تێکۆشان دژی داگیرکەری، سیاسەتی شەڕی تایبەت و تێکۆشانی ئازادی ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆیان بەجێبێنن.

قەڕەیالان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، "تێکۆشانی ئازادیی کوردستان ئەمڕۆ بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت، شەش ساڵە داگیرکەریی تورک لەژێر دەسەڵاتی ئاکەپە- مەهەپە-دا شەڕێکی گشتیی پاکتاوکردن لەدژی ئێمە پێشخستووە، بێگومان ئێمەش بەرخۆدانمان کردووە، ڕاستە باجمان داوە، بەڵام پێگەی خۆمانمان پاراستووە و دوژمن هیچ ئەنجامێکی بەدەستنەهێناوە، دەیویست لە ماوەیەکی کەمدا لەناومان بەرێت بەڵام سەرنەکەوت، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە؛ “ئێمە باوەڕمان بە خۆمان هەیە کە دەتوانین لەژێر هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و شوێنکەوتنی ڕیگای شەهیدە قارەمانەکان سەربکەوین."

هەروەها باسی ئەوەی کرد، "هەڤاڵانی ڕێزدار، لە سەردەمێکی وەها گرینگدا، دەبێت گەنجانی کورد تەماشاکەر نەبن، دەبێت گەنجانی کوردستان، وڵاتانی دیموکراتیخواز، عەرەب، تورک، ئاشور و سوریان، تەنها پشتیوان نەبن، لەم کاتەدا تەنها هەوڵدانی ئاسایی پێشنەخەن و تەماشا نەکەن، پێویستە زیاتر چالاک بن و لە بەرخۆدانی گەلەکەماندا ڕۆڵی خۆیان بەڕیوەبەرن، ڕۆڵی گەنج ڕۆڵی پێشەنگایەتییە.

ئێستا هێزێک کە دژی ڕژێمی فاشیست تێکۆشان و بەرخۆدان دەکات، بێگومان تەنها گەریلا نییە، بەڵام گەریلا سەرکێشی ئەم گۆڤەندە دەکات و دوژمن هەرەزۆر لە گەریلا دەترسێت، دەیەوێت پێش هەموو شتێک گەریلا پاکتاو بکات تا بتوانێت هێزەکانی دیکەش پاکتاو بکات، لە بنەمادا دوژمن دەیەوێت بە پاکتاوکردنی بزوتنەوەی ئاپۆیی، سیاسەتی قڕکردن بەسەر هەموو کوردستان بسەپێنێت، ئامانجی ئەمەیە، بۆیە زیاتر لەسەر گەریلا بە تەکنیک و سیخوڕی شەڕەکە گەرمدەکات تا بگاتە ئامانج، دوژمن دەیەوێت کانیی گەریلا واتا گەنجان وشک بکات، گەنج نەک تەنها خاوەنداری لە خۆیان دەکەن، خاوەنداری لە وڵاتی و دۆزی خۆیان دەکەن، گەنج بیر لە داهاتووی کۆمەڵگا دەکاتەوە، دەیەوێت گەنجان بشکێنێت."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی قەرەیلاندا هاتووە: سیاسەتێکی شەڕی تایبەت هەیە تا گەنجانی کورد بێ ئیرادە بکەن و یاری بە دەروونیان بکەن، ئەم هێرشە کە لەسەر ژنانی گەنج و کچانی کورد لە منداڵییەوە بەڕێوەدەبرێت، ئامانجی تێکدانی ژیانیانە، بۆ ئەوەی یاری بە دەروونیان بکات دەستدرێژییان دەکاتە سەر، دەستدرێژی لە کوشتنیش خراپترە، چونکە دەیەوێت لە دەروونەوە پاکتاویان بکات، بۆیە ئێستا گەنج بووەتە ئامانج، پێویستە هەموو گەنجان خۆیان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی تورک و شەڕی دەروونی بپارێزن، ڕێگەی بنەڕەتیشی خۆبەڕێکخستن کردنە، بۆ ئەو خۆبەڕێکخستن کردنەش پێویست نییە کادرێک بۆ ئەو کارە قسەی لەگەڵدا بکات.

وتیشی، "لەم سەردەمە مێژووییەدا پێویستە گەنجی کوردستان خۆی دەستپێشخەربێت، خۆی بیربکاتەوە، خۆی بجوڵێتەوە، دوو-سێ کەس یەکتر ببینن و ببنە کۆمیتەیەک و کار بکەن، بۆ نمونە لە زانکۆ کار بکەن، بە تەنها نەبن و خۆتان بگەیننە هەموو کەسێک، لە گەڕەک و کۆڵانەکان کۆمیتەی خۆتان دروستبکەن، خۆتان ڕێکخستنن، ڕۆڵ و پێگەی گەنج پێشەنگایەتییە، سەرۆک ئاپۆ ڕۆڵی گەنجی وەها دیاریکردووە، بۆیە ئەو گەنجەی لەمە تێگەیشتووە پێویستە چاوەڕیی کەس نەبێت، خۆی، خۆی بکات بە هێز، مەگەر سەرۆکایەتی لە گەنجی باری هەموو کوردستانی بە کۆڵدا نەکێشا و بەڕێکەوت؟، بەو شێوەیە گروپێکی دروستکرد، ئەوەش لەو هەلومەرجە دژوارەدا، ئێستا ئەوەندە دژوار نییە، ڕاستە فشاری پۆلیس هەیە، بەڵام دەرەفەتەکانیش زۆرن، خەڵک هۆشیارە، لەسەر ئەو بنەمایەی هەیە دەتوانن خەبات بکەن، لە هەر شوێنێک بن، دەرەوەی وڵات و چوارپارچەی کوردستان، دەستپێشخەری بکەن، خۆتان داماو نەکەن، خۆتان دەتوانن ڕێگەتان ڕوون بکەنەوە.

“ئێستا سولەیمان سویلۆ دەڵێت؛ ئەوە گەریلا پاکتاو دەکەین، ئەوە کەس بەشدار نابێت، پێویستە گەنجان وەڵامی ئەمە بدەنەوە، بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بن، ئێستا کاتی ئاماتۆری نییە، کاتی پسپۆڕییە، لە هەموو بوارێکدا، ئەو شەڕەی لە هەفتانین هەیە ئەگەر بە پسپۆری نەبوایە، وەها نەدەبوو، شەڕێکە بە پسپۆڕیی و لێهاتووبوون دەکرێت، لەسەر هزر و ڕامانی ڕیبەر ئاپۆ و قووڵبوونەوەی ئەو هەڤاڵانە دەکرێت” ئەمەش بەشێکی دیکەی پەیامەکەی قەرەیلانە.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل- نەپەگە لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو،کانیی گەریلا گەنجانە، ئەمڕۆ بە سەردەمێکی گرینگی مێژووییدا تێدەپەڕین، هەڵویستی  گەنجان ئەنجام دیاری دەکات، پێویستە گەنجان چاو لە شەهیدانی پێشەنگ بکەن و دوایان بکەون، چون بە ساڵان بەرپرسیارێتییان هەڵگرت، چوونە گۆڕەپانی جەنگ و ڕۆڵیان گێڕا و گەیشتنە ئاستی شەهیدبوون، ئەو هەڵویستە بۆ ئێمە نمونەیە، ئەگەر ئێمە لە هێڵی سەرۆک ئاپۆ و شوێنکەوتووی شەهیدانین، بە ڕۆحی گەنجان دەچێنە ڕێگەی سەرکەوتن، دەمانەوێت ئەم سەردەمانە بکەینە سەردەمی ڕێپێوانی ئازادی، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و کوردستان، لەم سەردەمە مێژووییەدا هەموو گەنجانی ئازادیخوازیش هەڵدەستن بە خاوەنداری لە ڕۆڵ و پێگەی خۆیان.

ف.ق