قەیومەکەى ئاکەپە لە ئیدر سیاسەتە فاشیستی و نەژادپەرەستییەکانى خستەکار

ئەنوەر ئونلو پارێزگاری ئیدر، کە دەستی بەسەر شارەوانیی ئیدری هەدەپەدا گرتووە، لە کارەکانى شارەوانیدا دەستی بە سیاسەتی نەژادپەرەستی کردووە. ئەو قەیومە شارەوانییەکەى کردووەتە بنکەى سەربازی.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لە ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە ئیدر لە نێوان هەدەپە و هاوپەیمانیی فاشیستیی پێکهاتوو لە ئاکەپە، مەهەپە و ئیی پارتی ململانێ و بانگەشەى هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. حیزبە فاشیستی و نەژادپەرەستەکانى ئاکەپە، مەهەپە و ئیی پارتی پاڵێوراوێکى هاوبەشیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیدر دانا، بەڵام سەرباری ئەو هاوپەیمانییە و پشتیوانیی پۆلیس و جەندرمە و سوپا لەو هاوپەیمانییە فاشیستییە، هەدەپە سەرکەوتنى بەدەستهێنا و بە دەنگی گەل شارەوانیی ئیدری بردەوە.

پاڵێوراوەکەى هەدەپە بە تەنها خۆی سەدا ٥٠.٧ ی دەنگەکانى بەدەستهێنا و پاڵێوراوە هاوبەشەکەى ئاکەپە، مەهەپە و ئیی پارتی سەدا ٤٦ی دەنگەکانى بەدەستهێنا. ئەو هاوپەیمانییە فاشیستییە لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ناڕەزایەتی هەبوو و سکاڵایان لە دژی هەدەپە و هەروەها بۆ دووبارە ژماردنەوەى دەنگەکان تۆمار کرد، سەرباری ناڕەزایەتییەکان و ژماردنەوەى دەنگەکان، بەڵام دووبارە دەنگەکانى هەدەپە هەندێک زیاتری کرد، چونکە پێشتر بەشێک لە دەنگەکانى هەدەپە لە سندوقە جۆراوجۆرەکاندا ئەژمار نەکرابوون. لە ئەنجامدا یاشار ئاککوش و ئەیلەم چەلیک لەلایەن هەدەپەوە بوونە هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئیدر.

گەلانی ئیدر بە هەدەپە دڵخۆشن، چونکە بزووتنەوەى سیاسیی کورد لە ئیدر ئاشتی، دادپەروەری و خزمەتى یەکسانی کردووەتە کاری یەکەم و لە پێشینەى خۆی. بەڵێنەکانى پێش هەڵبژاردنی جێبەجێ کرد و لە ماوەیەکى کورتدا ژمارەیەکى زۆر لە کێشەکانیان چارەسەر کرد.

لە پشتیوانیى گەل بۆ هەدەپە ترسان

هەدەپە بینای شارەوانیی کردە ماڵی گەل. پشتیوانی و بڕوای گەل بە هەدەپە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبوو. مۆدێلی هەدەپە لە ئیدر بۆ تورکیا ببوە نمونە. حکومەتى ئاکەپە و مەهەپە لەو دۆخە بێزاربوون و کودەتایان لە گەلی ئیدر کرد. شارەوانیی هەدەپەى ئیدر لەلایەن ئەو دەسەڵاتە فاشیستییەوە دەستی بەسەردا گیرا و ئەنوەر ئونلو پارێزگاری دەوڵەتى ئاکەپە لە ئیدر کرا بە قەیوم و بەسەر شارەوانیی هەدەپەى ئیدردا داسەپێنرا.

ئونلوی قەیوم کاتێک دەستی بەسەر شارەوانیدا گرت، کارمەندە کوردەکانى شارەوانیی نارد بۆ کاری پاککردنەوە و هەندێک لە بەڕێوەبەرەکانى لەسەر کارەکانیان دەرکرد و بە خێرایی لە شوێنەکانیاندا کەسانی فاشیستى سەر بە ئاکەپە و مەهەپەی دانا.

شارەوانیی ئیدر کراوە بە بنکەى سەربازی

قەیومەکەى دەوڵەتى ئاکەپە بەڕێوەبەری بەشی ئاوەدانکردنەوەى لەسەر کارەکەى لابرد و کەسێکى سەر بە ئاکەپە و مەهەپە لە شوێنەکەى دانا. قەیوم بەرێوەبەری کاروباری تەکنیکیی و بەڕێوەبەریی ژمێریاری لەسەر کارەکەى لابرد. بەشێک لەو کارمەندانەى لەسەر کارەکانیان دوورخرانەوە نێردران بۆ کاری پاککردنەوە و لەو شوێنى ئەو کارمەندانەدا پۆلیس دانراو کارەکانیان بە چەند پۆلیسێک درا. شارەوانیی ئیدر لە کاتی هەدەپەدا بۆ گەل کراوە بووە، بەڵام ئێستا بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی پۆلیس و جەندرمە دورە دراوە و کردویانە بە بنکەى سەربازی.

ژ.ت