"قەیوم ئیرادەی ژنانیشی کردووەتە ئامانج"

جەمیلە چەلیک چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژا - TJA) ڕایدەگەیەنێت، ئەو ژنانەی لەدژی توندوتیژی و لەدژی قەیومەکان تێدەکۆشن تێکۆشانێکی هاوبەشیان هەیە. سەرنجیش ڕادەکێشێتە سەر ئەوەی کە یەکەمین ئامانجی قەیومەکان ئیرادەی ژنانە.

قەیوم لە شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین ئەرکدار کراون ئامانج یەکەمیان دژایەتیکردنی ژنانە. ژنان لەبەرانبەر ئەو کودەتایە لە دژی هاوسەرۆکایەتی و دەستکەوتەکان ژنان لە چەندین شاردا ڕژانە ناو شەقامەکان. ژن لە بواری سیاسیەتدا لەژێر گوشاری دەوڵەت دان و لە بواری کۆمەڵایەتیشدا دەبنە ئامانجی توندوتیژیی پیاوان. بەگوێرەی ئامارەکان لە مانگی ئابدا ٤٩ ژن لە لایەن پیاوانەوە کوژراون.

قەیوم دەستبەسەرداگرتنە

ئەندامی ئەنجوومەنى هاوکاری و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی بێسەرشوێنکراوانى گەلانى ئەنادۆڵ (ANYAKAY-DER) و چالاکوانی تەژا جەمیلە چەلیک ڕایگەیاند، قەیوم بە واتای دەستبەسەرداگرتنە و وتی: "کاتێک گەلێک ئیرادەی خۆی نیشان دەدات حسابی بۆ ناکەن. بەڵام هاوکات ئەوەی ئەوان بێزار دەکات ئیرادەی ژنی کوردە. ژن بە گشتی لە دژی فاشیزم تێدەکۆشن و ئەوەش دەوڵەت بێزار دەکات. ئەو بەرخۆدانەش بە واتای ژیانەوەی ژنانی کوردە".

ژن بە واتای ئیرادەیە

چەلیک وتی: "بەهۆی ئەوەی دەوڵەت شتێکی دیکەی نەبینی هێرشی بکاتە سەر دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی و ئەوەش کودەتایە. بەڵام لەبەرامبەر ئەو کودەتایەدا ئێمەی ژنان سیستمی هاوسەرۆکایەتی دەپارێزین. هاوسەرۆکایەتی دەستکەوتێکی گەورەیە و ئیرادەی ژنی کوردە. سیستمی هاوسەرۆکایەتی بە واتای یەکسانی، ئاشتی و دیموکراسییە. ئێمە بە تێکۆشان ئەوەمان بەدەستهێناوە و بەتەماش نین ئەو دەستکەوتەی خۆمان ڕادەستی توندوتیژیی پیاوان و دەوڵەت بکەین. ئەوان دەیانەوێت ژن لەماڵەوە دانیشن و نەچنە دەرەوە، بەڵام ژن ئەو شتە قبوڵ ناکات، چونکە ژن بە واتای ئیرادەیە. هەتا ژنان ئازاد نەبن، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت. لەبەر ئەوەش ئێمە قەیوم ناناسین".

ژنان لەدژی تووندوتیژی و لەدژی قەیوم پێکەوەن

جەمیلە چەلیک ڕایگەیاند، مرۆڤ ناتوانێت تاوانەکانی دژی ژن، توندوتیژی و جیاکاری و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی سیاسی لە یەکتر داببڕێت. چەلیک وتی: "لە لایەک دەست بەسەر ئیرادەی ژناندا دەگیرێت و لە لایەکەی دیکەوە لە مانگی ئابدا بەهۆی توندوتیژیی پیاوانەوە ٤٩ ژن کوژراون. دەوڵەتیش بەشی هەیە لەو توندوتیژییەدا. چونکە ژنان لە ماڵەوە قەتیس دەکات. ئەو یاسایانەی ژنان دەپارێزێت باش جێبەجێ ناکرێن. لەبەر ئەوەشە پێویستە ژنان هاوکات پێکەوە لە دژی توندوتیژی و لە دژی قەیوم بن. دوای ئەوەی پێشداوەرییەکان و بڕیاری پێشوختە لەناو خۆماندا نەهێشت دەتوانین بواری هاوبەشی تێکۆشان بڕەخسێنین".

چەلیک لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "هەتا ژن نەبێت ناتوانین باسی ئاشتی بکەین. ناتوانین باسی دیموکراسی بکەین. لەبەر ئەوەش دەبێت بەها بە بوارە هاوبەشەکانی تێکۆشان بدەین. دەبێت پیاویش لەوە باش تێبگەن، کە هەتا ژن نەبێت ئاشتیش جێبەجێ نابێت".

ژ.ت