كه‌جه‌كه‌: بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا درێژه‌پێده‌ری پیلانگێڕییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌یه‌ - نوێكرایه‌وه‌

ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری هاوسه‌رۆكایه‌تیی كه‌جه‌كه‌ ڕایگه‌یاند: له‌ دژی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پیلانگێڕی، پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ دیموكراتییه‌كان به‌په‌له‌ هه‌ستنه‌ سه‌رپێ و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان پیشان بده‌ن.

ده‌رباره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ ده‌رباره‌ی دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) داویه‌تی، ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری هاوسه‌رۆكایه‌تیی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) ڕایگه‌یاند: «له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م هێرشه‌ كه‌ درێژه‌پێده‌ری پیلانگێڕییه‌كه‌یه‌، پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ دیموكراتییه‌كان ده‌موده‌ست هه‌ستنه‌ سه‌رپێ و كاردانه‌وه‌ پیشان بده‌ن. پێویسته‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ گه‌له‌كه‌مان تێكۆشینه‌كه‌ی به‌رز بكات و له‌ هه‌موو شوێنێك كورد و دۆسته‌كانی هه‌ستنه‌ سه‌رپێ و به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌م بڕیاره‌ بده‌نه‌وه‌.»

ده‌قی به‌یاننامه‌ی كه‌جه‌كه‌:

ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی هاوڕێیانی ئێمه‌ جه‌میل بایك، دووران كاڵكان و مووراد قه‌ره‌یلان كه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی په‌كه‌كه‌ن و كادیری پێشه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كوردن و ئێستا له‌نێو به‌ڕێوه‌به‌ریی په‌كه‌كه‌، كه‌جه‌كه‌ و هه‌په‌گه‌دان، بڕیارێكی بێ بنه‌ما و تۆمه‌تباری داوه‌ كه‌ ده‌ستگیركردن ده‌سه‌پێنێت و ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ر كه‌سێك جێگه‌ی ئه‌وان ئاشكرا بكات به‌ پاره‌ خه‌ڵات ده‌كرێت. ئه‌م هه‌ڵوێست و بڕیاره‌ سیاسییه‌ دوژمنانه‌یه‌ كه‌ له‌ دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی دراوه‌، هیچ بنه‌مایه‌كی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌خلاقی، ویژدانی و حقووقی گه‌ردوونی نییه‌. بڕیارێكه‌ كه‌ به‌گشتی به‌ هۆكاری ئایدیۆلۆژی و سیاسی دراوه‌. به‌ڵام به‌ ڕه‌فتاری دوژمنانه‌ ئه‌م بڕیاره‌ دراوه‌. له‌ كه‌سایه‌تیی هاوڕێیانی ئێمه‌دا نه‌ك ته‌نیا له‌ دژی په‌كه‌كه‌، كه‌جه‌كه‌ و هه‌په‌گه‌، به‌ڵكوو له‌ دژی ته‌واوی گه‌لی كورد كه‌ تێكۆشینی دیموكراتی به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئه‌م بڕیاره‌ دراوه‌.

بێگومان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ له‌ دژی ڕێبه‌ر ئاپۆ، په‌كه‌كه‌ و بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و پێشه‌نگه‌كانیدا سیاسه‌تی قڕكردنیان به‌ڕێوه‌بردووه‌، ویستویانه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ دواكه‌وتووه‌ هه‌رێمییه‌كان و هاوكاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان دوژمنایه‌تی ڕێبه‌ر ئاپۆ، په‌كه‌كه‌ و بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و پێشه‌نگه‌كانی بكه‌ن و ته‌سفیه‌ی بكه‌ن.

پیلانگێڕییه‌كه‌ی ٩ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٨ كه‌ له‌ دژی ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ستی پێكرد و ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ به‌ دیلگرتنی له‌ ئیمڕاڵی به‌ئه‌نجام گه‌یشت، به‌ كامه‌ ئامانج كرابێت، ئه‌م هێرشه‌ش خاوه‌نی هه‌مان ئامانجه‌. ئه‌م بڕیاره‌ بێ بنه‌مایه‌ی ئه‌مه‌ریكا درێژه‌دان و پارچه‌یه‌كه‌ به‌ پیلانگێڕییه‌كه‌ی دژ به‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ. پیلانگێڕیی ١٩٩٩ به‌ هێز و وردبوونه‌وه‌ی قووڵی ڕێبه‌ر ئاپۆ و تێكۆشانی په‌كه‌كه‌ له‌ ئاستێكی گه‌وره‌دا پووچه‌ڵ كراوه‌ته‌وه‌. بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد بووه‌ته‌ ئاكتۆرێكی گرینگ كه‌ كاریگه‌ری له‌ سیاسه‌‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كات. ئه‌م هێرشانه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌م ڕاستییه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، تێكۆشانی ئازادیی كورد كاریگه‌ری له‌ تێكۆشانی ئازادیی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین كردووه‌، بۆ تێكۆشانی ئازادی و دیموكراتیی ته‌واوی جیهان ده‌روازه‌یه‌كی نوێی كردووه‌ته‌وه‌ و گه‌یاندوویه‌تییه‌ قۆناغێكی نوێ. ڕێبه‌ر ئاپۆ له‌ دژی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، ئالته‌رناتیڤی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی جڤاكی كۆنفیدڕاڵی پێشكه‌ش كرد و وه‌ك چاره‌سه‌ری بۆ هه‌موو كێشه‌ سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان خستیه‌ڕوو. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا له‌ به‌ریتانیا كه‌ به‌ نیشتیمانی سه‌ندیكاكان ناسراوه‌ سه‌ندیكاوان، هه‌موو هێزه‌ دیموكراتییه‌كان، نووسه‌ر و ڕۆشنبیران له‌پێناو ته‌ندرووستی، ئاسایش و ئازادیی ڕێبه‌ر ئاپۆ كه‌مپینێكی گرینگیان ده‌ستپێكرد؛ له‌ پڕۆسه‌یه‌كدا كه‌ گه‌لی كورد و هێزه‌ دیموكراتییه‌كان به‌ درووشمی «گۆشه‌گیری ده‌شكێنین، فاشیزم هه‌ڵده‌وه‌شێنین و كوردستان ئازاد ده‌كه‌ین» بۆ ئازادیی ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ستیان پێكردووه‌، بڕیارێكی وه‌ها به‌ ئامانجی ڕێگرتنه‌ له‌م پێشكه‌وتنه‌.

كاتێك به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌مه‌لایه‌نانه‌ له‌م بڕیاره‌ی دژ به‌ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی ئێمه بڕوانین كه‌ به‌ مانای هێرشێكی دوژمنانه‌ دێت، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری ڕامانی ڕێبه‌ر ئاپۆ له‌ پێشكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ڕۆڵی په‌كه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگرین، ده‌بینین كه‌ ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ به‌ واتای پیلانگێڕییه‌كه‌ له‌ دژی بزووتنه‌وه‌ی ئازادی و هێرشێكی بێئه‌خلاقانه‌یه‌ له‌ دژی گه‌لی كورد. تێكۆشانی گه‌لی كورد كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك پێشكه‌وتووه‌؛ كوردی زۆر نزیك كردووه‌ته‌وه‌ له‌ ژیانی ئازاد و دیموكراتیك. ئه‌م پیلانگێڕییه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ دژی په‌كه‌كه‌ بیكه‌ن، به‌ مانای دواخستنی تێكۆشانی ئێمه‌ و پشتیوانیكردن له‌و هێزه‌ مێتینگه‌رانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت درێژه‌ به‌ باڵاده‌ستیی خۆیان به‌سه‌ر كورداندا بده‌ن.

له‌ هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ له‌ ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ڕوویانداوه‌، ڕۆڵی به‌رچاوی په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر هه‌بوونی ئه‌و هێزه‌سیاسییانه‌ی كوردیش هه‌یه‌ كه‌ موخالیفی تێكۆشانی ٤٠ ساڵه‌ی په‌كه‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر ڕه‌چاوی ڕۆڵی به‌رچاوی په‌كه‌كه‌ نه‌كرێت له‌ هه‌موو ڕووداوه‌ سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌ڵسه‌نگاندن مومكین نییه‌. زۆرترین دوژمنایه‌تیكردنی كوردان، ڕێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه‌ لێره‌دا خۆی پیشان ده‌دات. 

په‌كه‌كه‌، له‌ دژی هێرشی داعش گه‌وره‌ترین به‌رخۆدانی به‌ڕێوه‌برد

ساڵانی ڕابردوو یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ هه‌ره‌ زێده‌ سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و جیهانی سه‌رقاڵ و په‌یوه‌ندیدار كرد، هێرشی چه‌ته‌كانی داعش بوو. په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال ڕێگری له‌ قڕكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی كرد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین كولتوور و باوه‌ڕییه‌كانی مرۆڤایه‌تی. به‌تایبه‌ت وانه‌یه‌كی ئه‌خلاقی به‌ هێزه‌ هه‌رێمییه‌كان دا و هێزه‌كانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌ژێر تۆمه‌تێكی گران ڕزگار كرد. ئه‌وانه‌ی ڕێگرییان له‌ هێرشی داعش بۆ سه‌ر هه‌ولێر كرد و ده‌رگه‌ی هه‌ولێریان به‌ڕووی داعشدا داخست، گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه‌ و یه‌ژا ستار بوون. ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌ركووك و سلێمانی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ڕێگرییان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشه‌كانی داعش كرد، گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه‌ و یه‌ژا ستار بوون. له‌ سه‌ركه‌وتنی كۆبانێدا كه‌ هه‌موو گه‌لانی جیهان و هێزه‌ دیموكراتییه‌كان پشتگیرییان كرد،‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه‌ و یه‌ژا ستار له‌ ته‌ك شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه هه‌یه‌ كه‌ به‌ ڕۆحێكی فیدایی شه‌ڕیان كردووه‌ و قوربانی گه‌وره‌یان داوه‌. په‌كه‌كه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕی كرد، به‌ڵكوو به‌ هۆشمه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتیك له‌پێناو سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین كه‌ پشت به‌ پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لانی عه‌ره‌ب، كورد، تورك، سریانی، ئه‌رمه‌نی، چه‌ركه‌ز و فارس ده‌به‌ستێت، هه‌نگاوی گرینگی ناوه‌.

شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌سه‌ر هێڵی ڕێبه‌ر ئاپۆ شه‌ڕ ده‌كه‌ین، له‌ كۆشكه‌كانی فه‌ڕه‌نسا پێشوازییان لێ كرا، نوێنه‌رانی شۆڕشی ڕۆژاڤا له‌ هۆڵه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا میواندارییان كرا، ئه‌مانه‌‌ به‌ به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه‌ كران. له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا ئه‌وه‌ی زۆرترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش هه‌بووه‌ و باسی لێوه‌ كراوه‌، ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په‌ بوو. ئێستاش ئه‌مه‌ریكا بۆ ئیخباركردنی به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌، كه‌جه‌كه‌ و هه‌په‌گه‌ كه‌ له‌ تێكۆشانی دژ به‌ چه‌ته‌كانی داعشدا قورسترین قوربانییان داوه‌، خه‌ڵاتی داناوه‌. ئه‌مه‌ به‌ واتای پشتیوانیكردنه‌ له‌ سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌ی ته‌یب ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په‌ له‌ دژی كوردان و هێزه‌ دیموكراتییه‌كان.  ئێستا ده‌یانه‌وێت ئه‌وانه‌ له‌ناوببه‌ن كه‌ له‌ دژی داعش تێده‌كۆشن، ئه‌وانه‌ش خه‌ڵات بكه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ داعش په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌.

پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ دیموكراتییه‌كان به‌په‌له‌ هه‌ستنه‌ سه‌رپێ

پێویسته‌ هه‌موو گه‌لانی جیهان و هێزه‌ دیموكراتییه‌كان به‌باشی ئه‌مه‌ بزانن كه‌؛ ئه‌وانه‌ی له‌ هێڵی ئازادیی ژن-ی ڕێبه‌ر ئاپۆدا تێده‌كۆشن، ڕێبه‌رانی ئازادی، ڕێبه‌ری تێكۆشانی ئازادیی په‌كه‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌نێو هه‌په‌گه‌دا له‌پێناو ئازادیی گه‌لی كورد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دێرینترین گه‌لان تێكۆشان ده‌كه‌ن، هێزه‌كانی گه‌ریلان. 

هۆكاره‌ سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ناتوانن به‌ بیانووی بێ بنه‌ما ئه‌م ڕاستییه‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌. حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا كه‌ ڕه‌وایه‌تی له‌ گه‌لی ئه‌مه‌ریكاش وه‌رگرتووه‌، ناتوانێت باوه‌ڕی گه‌لی ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌به‌ر بكات سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌ته‌ چه‌په‌ڵانه‌. ئه‌م بڕیار و مامه‌ڵه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌ستكه‌وتی ئابووری، بووه‌ته‌ هاوكاری تاوانه‌كانی هێزه‌ مێتینگه‌ره‌ قڕكه‌ره‌كان. له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستێكی ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن ده‌رباره‌ی پیلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٩ی دژ به‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ پیشان بدات، به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی وه‌ها ئه‌مڕۆ ناچار ده‌بن لای گه‌ل باجه‌كه‌ی بده‌ن و سبه‌ینێش له‌ به‌رده‌م مێژوودا دادگه‌یی ده‌كرێن.

پێویسته‌ گه‌لی كورد، گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و هه‌موو هێزه‌ دیموكراتییه‌كانی جیهان له‌ دژی ئه‌م بڕیاره‌ بێ بنه‌ما و دژه‌ ئه‌خلاقییه‌ بێده‌نگ نه‌بن. له‌م ڕۆژانه‌دا كه‌ داوای ئازادیی ڕێبه‌ری ئاپۆ ده‌كرێت و داوا ده‌كرێت په‌كه‌كه‌ له‌ لیستی تێرۆری ئه‌ورووپا ده‌ربهێنرێت، له‌ دژی ئه‌م هێرشه‌ی سه‌ر هاوڕێیانی ئێمه‌ دووران كاڵكان، جه‌میل بایك و مووراد قه‌ره‌یلان، پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان و هێزه‌ دیموكراتییه‌كان هه‌ڵوێستێكی شایسته‌ و‌ تێكۆشه‌رانه‌ پیشان بده‌ن. له‌ دژی ئه‌م هێرشه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پیلانگێڕییه‌كه‌ی دژ به‌ ڕێبه‌ر ئاپۆ، پێویسته‌ هێزه‌ دیموكراتییه‌كان به‌تایبه‌تی گه‌له‌كه‌مان به‌په‌له‌ هه‌ستنه‌ سه‌رپێ. هه‌ڵوێستی دژ به‌م هێرشه‌ پێویسته‌ به‌ تێكۆشان له‌ دژی پیلانگێڕی و له‌پێناو ئازادیی ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ركه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا پێویسته‌ تێكۆشان له‌ هه‌موو شوێنێك كه‌ كوردی لێیه‌، له‌گه‌ڵ هێزه‌ دیموكراتییه‌كان به‌رفره‌وان بكرێت و به‌رده‌وام بێت. پێویسته‌ ئه‌م هێرشه‌ قبووڵ نه‌كرێت كه‌ له‌ كه‌سایه‌تیی هاوڕێیانی ئێمه‌دا به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد ده‌كرێت. له‌ دژی ئه‌م هێرشانه‌ی كه‌ به‌ ئامانجی قڕكردنی گه‌لی كورد ده‌كرێن، پێویسته‌ تێكۆشان بكرێت و به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێز پیشان بدرێت.

s.m