لەتیف فاتیح: بەر لە ئەمریکا پێوست بوو بریاری دەرکردنی سوپای تورک و ئێران درابا

لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و چاودێری سیاسیی شاری کەرکوک لەبارەی بڕیاری پەرڵەمانی عیراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان رایگەیاند، ئەو بریارە، بڕیاری پەرلەمان نیە بەلکو بڕیاری لایەنی شیعەیە و پێویست بوو بەر لە ئەمریکا بریاری دەرکردنی سوپای تورک و ئێران درابا.

لە ٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە فراکسیۆنە سوننەکان بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانیەکانیان لە خاکی عێراق پەسەند کرد، ئەم بڕیارەش دوای بە ئامانج گرتنی چەندین بارەگای حەشدی شەعبی و بە ئامانج گرتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی ئەلموهەندس جێگری سەرۆکی دستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فرۆکەکانی ئەمریکاوە. پاش ئەم رووداوە لایەنە شێعەکان کەوتنە هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئەمریکا بە ڕێگای یاسای لە رێگەی پەرڵەمانی عێراقەوە.

بڕیارەکە بڕیاری پەڕڵەمانی عێراق نیە بەڵکو بڕیاری لایەنی شیعەیە

لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و چاودێری سیاسی و رۆشنبیری شاری کەرکوک دەربارەی بڕیاری پەرڵەمانی عیراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە عیراق بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەو بریارەی لە پەرلەمانی عێراق دەرکرا بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان، بڕیاری پەرلەمانی عێراق نیە بەلکو بڕیاری لایەنی شیعەیە و مەبەست لەم بڕیارەش دەرکردنی هەموو ‌هێزە بیانییەکان نیە لە عێراق بەلکو ئامانج لەم بڕیارە دەرکردنی هێزی ئەمریکایە لە عێراق بەشێوەیەکی یاسایی ئەم بڕیارە داوی ئەوە هات کە هێزەکانی ئەمریکا بارەگاکانی حەشدی شەعبیان کردە ئامانج و قاسم سوڵەیمانی و ئەبو مەهدی ئەلمهوهەندسیان کوشت."

بنکە سەربازیەکانی ئێران و تورکیا زۆر بە ئاشکرا لە عێراق چالاکی دەکەن

هەروەها لەتیف فاتیح فەرەج دەربارەی توانای پەرڵەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە خاکی عێراق ڕایگەیاند: "پەرڵەمانی عێراق بوێر نیە تا بتوانێت بڕیارێک بدات هەموو هێزە بیانیەکان لە عێراق دەربکات چونکە تەنها بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عیراق نیە بەلکو بنکەی سەربازی زۆر ووڵات لە عێراق بوونی هەیە، بۆ نموونە بنکە سەربازیەکانی ئێران و تورکیا زۆر بەئاشکرا لە عێراق چالاکی دەکەن و بوونیان هەیە."

لەتیف فاتیح فەرەج ڕایگەیاند: "پێویستە سەرەتا هێزەکانی تورکیا و ئێران لە عێراق دەربکرێن پاشان باس لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بکرێت چونکە ئەوەی بەڕاستی زیانی لە دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای عێراقی داوە، هێزەکانی تورکیا و ئێرانن، سوپای ئەمریکا لە ١٣١ وڵات بوونیان هەیە و بەرژەوەندی وڵاتەکەیان دەپارێزن بەڵام بوونی تورکیا و ئێران لە عێراق بۆ تێکدانی بارودۆخی عێراقە."

پێویست بوو سوپای تورکیا و ئێران دەربکریت بۆ پاراستنی پێکەوەژیان لە عێراق

هەروەها لەتیف فاتیح فەرەج ڕاشیگەیاند: "ئەو وڵاتانەی کە بەسەر چەندین نەتەوە دابەش بوونە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، پەرڵەمانی عێراق دەبوو بیر لە چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق بکات کە چۆن کورد و تورکمان و عەرەب شیعە و سونە پێکەوە بژێن، لە ماوەی سەد ساڵەی دەوڵەتی عێراقی نەتوانراوە نەتەوەکانی ئەم وڵاتە پێکەوە بە ئاشتییانە بژێن بۆیە دەبوو پەرڵەمای عێراق سەرەتا سوپای تورکیا و ئێران دەربکات بۆ پاراستنی پێکەوەژیان لە عێراق."

پەرڵەمانی کوردستان ناوێرێت بە ڕستەیەک ئیدانەی ئەو هێرشانەی تورکیا بکات

لە کۆتایدا دەربارەی قۆستنەوەی ئەم بڕیارە لەلایەن کوردەوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی تورکیا و ئێران لە باشوری کوردستان لەتیف فاتیح فەرەج ڕایگەیاند: "براوم بە پەرڵەمانی کوردستان نیە ئەوەندە بوێر بێت بتوانێت هێزەکانی تورکیا و ئێران لە باشوری کوردستان دەربکات، پەیوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەل تورکیا وەکو پەیوەندی باوک و کورە، لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتی سڤیل و چالاکان و کادرانی پەکەکە و ئەو کەسانەی رۆڵی زیندوو کردنەوەی زمان و نەتەوەی کوردیان هەبووە، لەلایەن تورکیاوە شەهید کراون، پەرڵەمانی کوردستان ناوێرێت بە ڕستەیەکیش ئیدانەی ئەو هێرشانەی تورکیا بکات. تورکیا لە باشوری کورستان لە سلێمانی و قەندیل و خواکورک کورد تیرۆر دەکات بەڵام پەرڵەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوێری ئەوەیان نیە ئیدانەی ئەم هێرشانەی تورکیا بکەن."

ز.ش