لەمانگێکدا ٣٨ چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون

دەوڵەتی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتی چالاکییە مەدەنییەکان و لەو چوارچێوەیەدا، تەنها لە مانگێکدا، ٣٨ چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە مانگێکدا (٢٠ی مانگی ڕابردوو بۆ ٢٠ی ئەم مانگە)، ٣٨ چالاکوانی مەدەنی و هاوڵاتی کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێنج لەو چالاکوانانە دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە ڕەوانەی زیندانەکان کراون.

هەروەها ئاماژەبەوە کراوە کە ٣٣ چالاکوان و هاوڵاتی دیکە کە لەلایەن، دەزگا سیخوڕییەکانی ئێرانەوە لەوانە؛ وەزارەتی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و ڕەوانەی زیندانە نهێنییەکانی ئەم دامەزراوە سیخوڕییانە کراون.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، تۆمەتی ١٨ کەس لە دەستگیرکراوەکان، هاوکاریکردنە لەگەڵ پارتە دژبەرەکانی کورد و تۆمەتی؛ "کردەوە دژبە ئاسایشی نەتەوەیی" خراوەتە پاڵ چوار کەسیان و تۆمەتی ئەوانی دیکە نادیارە.

بەپێی راپۆرتەکە، لەو کەسانە، دوو کەسیان خەڵکی دیواندەرە، سێیان خەڵکی شنۆ، ١٠ کەسیان خەڵکی بانە، یەکێک خەڵکی کامیاران، ١٢ـیان خەڵکی پیرانشار، یەکێکیان خەڵکی سلێنی هەورامان، چواریان خەڵکی سنە و سێیان خەڵکی مەهابادن، هەروەها کەسێکیان خەڵکی نۆشەهر لە پارێزگای مازەندەران و یەکێکیشیان لە تەبرێز دەستگیرکراوە.

ف.ق