لە باشوری کوردستان لە دژی داگیرکەریی تورک، هەنگاوێکی نوێ دەستپێدەکات

دەستپێشخەری دیمۆکراتیکی گەل لە باشوری کوردستان بڕیاریدا لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک دەست بە هەنگاوێکی نوێ بکات.

ناڕەزایەتی لە دژی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک و بوونی بارەگا سەربازیەکانی لە باشوری کوردستان، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە.

دەستپێشخەریی دیموکراتیی گەل رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'با داگیرکەری تێبکشێنین، کوردستان بپارێزین' ئەو چالاکییە رێکدەخات.

لە بانگەوازی دەستپێشخەریی دیموکراتیی گەل دا هاتووە "لە پێناو وەدەرنانی سوپای داگیرکاری تورکیا و بەرگریکردن لە کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین هەڵمەتێکى سەرتاپاگیری نەتەوەیی و نیشتمانی دەستپێبکەین. بۆ ئەمەش بە نەخشەڕێیەکی فراوان رووبەڕووی داگیرکاری دەبینەوە و کوردستانمان دەپارێزین".

ئاماژە بەوەشکراوە "بانگەوازمان بۆ هەموو کەسێتی ولایەنە سیاسی و رێکخراوە مەدەنییەکان ئەوەیە، کە بەشداری لەم هەڵمەتەدا بکەن و بەشداری راگەیاندنی جاڕنامەى 'با داگیرکاری تێکبشکێنین، کوردستان بپارێزین' ببن".

لەبارەی کات و شوێنی چالاکییەوە رایانگەیاندووە، سبەى سێشەممە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لە کاتژمێر ٥ی دوای نیوەڕۆدا لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی چالاکییەکەیان بەڕیوەدەبەن.

حەسەن جودی نووسەر و رۆناکبیر لەم بارەیەوە رایگەیاند، ئەم هەنگاوە هەم لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورکە و هەم وەستانەوەیە لە دژی هێرش و هەڕەشەکانی لەسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان.

جودی وتیشی،"ئێمە لە بارەی کار و چالاکیەکانی ئەم هەنگاوە چەند پلانێکمان ئامادە کردووە. بەم پێیە، چی وەکو بایکۆت، چی وەکو ئەنجامدانی چالاکی و خۆپیشاندانی بەرفراوان، لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک دەوەستینەوە."

نووسەر و رۆناکبیر حەسەن جودی هاوکات بانگەوازیەکی ئاڕاستەی رۆشنبیران، گەنجانی کورد و بە گشتی هاوڵاتیانی باشوری کوردستانی کرد و رایگەیاند، با هەموومان بەو ئەرکە وڵاتپارێزیەی لەسەر شانمانە، هەڵسینە سەرپێ. با لە دژی هێرش و داگیرکەری و هەڕەشەکانی سەر دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان، هەڵسینە سەرپێ.

ز.ش