لە باکوری کوردستان و تورکیا کۆمەڵکوژی شەنگال ئیدانە کرا

لە شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیا بە ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی سەر شەنگال رسوا و شەرمەزار کرا.

لە ٦هەمین ساڵیادی قڕکردنی شەنگالدا کە لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ کە بە دەستی چەتەکانی داعش ئەنجامدرا، لە چەندین شاری باکوری کوردستان و تورکیا چالاکی جۆراوجۆر بۆ ئیدانەکردنی ئەو کۆمەڵکوژیە بەڕێوە چوون.

ئێلح

بزوتنەوەی ژنانی ئازاد بە بۆنەی ٦هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال کە لە ٣ی مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامدار، لە گوندی باجنی سەر بە ناوچەی میدیادی مێردین کە دانیشتوانی کوردی ئێزدین، سەردانی ژنانی ئێزدیان کرد.

شاندی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد پێک هاتبوو لە چالاکان و ئەندامانی بزوتنەوەکە، پەرۆ دوندار و ئەبرو گونای پەرلەمانتارانی هەدەپەی شاری مێردین، ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە و رێکخستنە ناوچەیی و ناوەندیەکانی هەدەپە.

دوندار لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژی سەر کۆمەڵگای ئێزدی و وتی:"کاتێک ئەم کۆمەڵکوژیە ئەنجام درا، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی لە ناوچەکانی خۆیانەوە ئاوارەی تورکیا بوون. ژمارەیەکی زۆریان لە لایەن شارەوانیەکانمانەوە لە ناو کەمپەکاندا جێگیر کران. بەڵام لەگەڵ دەرکەوتن و جێگیرکردنی قەیومەکان لە پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان، ئەو کەمپانەش لابران. ئێزدیەکان دەیانویست بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵام بە داخەوە بە هیچ شێوەیەک هاوکاریان نەکرا. حکومەتی ئاکەپە بە بەردەوامی ئاستەنگیان بۆ دروست کردوون."

دوندار لە بەردەوامی قسەکانیدا یادی ئەو شەهیدانەی کردەوە کە لە کۆمەڵکوژیەکەی سەر شەنگالدا رەشەکوژ کران و وتی، دوایین فەرمانیان بەسەر ئێزدیەکاندا هێنا، ئێستاش جارێکی دیکە ئامادەکاری بۆ فەرمانێکی تر دەکەن، ئێستاش لە دژی باشوری کوردستان و شەنگال هێرش ئەنجام دەدرێت، بەم هێرشانە دەیانەوێت فەرمانێکی تر ئەنجام بدەن، بەڵام ئێمە رێگە نادەین بەو کۆمەڵکوژیانە.

دوندار هەروەها وتی:"بابەتەکە نە سوریانی، نە ئێزدی، نە یەهودی و نە عەرەبن، بەڵکو بابەتەکە زیهنیەتە. ئەمڕۆ نۆرەی سوریانەیەکانە، سبەینێش نۆرەی گەلێکی ترە. تا ئەمڕۆ لە رۆژئاوا بە هەزاران کەس گیانیان لەدەست داوە، تا ئێستاش هێرشەکان بەردەوامن، چەندین ژنی ئێزدیان رفاند، زوڵمیان لێکردن. ئەم کۆمەڵکوژیە لە دژی بیرای جیاواز و چینی ژنان بوو."

وان

بە پێشەنگیی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپەی شاری وان، بزوتنەوەی ژنانی ئازادی و پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان-دەبەپە لە لێدوانێکی هاوبەشدا کۆمەڵکوژکردنی کۆمەڵگای ئێزدی کە بە دەستی چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام درا، ئیدانە کرا. لە لێدوانە هاوبەشەکەدا باس لەوە کرا کە تا ئەو کاتەی ٣ی ئاب وەکو 'رۆژی قڕکردنی ژنان و رۆژی چالاکی نەتەوەیی' نەناسرێت، تێکۆشانیان بەردەوام دەبێت.

مێردین

لە گوندی باجنیی سەر بە ناوچەی میدیادی مێردین بە پێشەنگی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد چالاکیەک بەڕێوە چوو، لەو چالاکیەشدا کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی ئیدانە کرا.

لە پەیمامەکاندا کە لەو چالاکیەدا پێشکەش کران، ئەوان رێگە نادەن جارێکی تر فەرمانێکی لەم چەشنە بەسەر کۆمەڵگای ئێزدیدا بێت.

هاتای

رێکخستنی هەدەپەی شاری هاتای لە بارەی کۆمەڵکوژکردنی گەلی ئێزدی لە ناوەندی هەدەپەی شارەکە لێدوانێکی بڵاو کردەوە. لە وتەیەکدا ئایسەل ئەشییوک هاوسەرۆکی هەدەپەی شاری هاتای رایگەیاند، لە دژی قڕکردنی ژنان، شانبەشانی ژنانی جیهان تێکۆشان دەکەن.

هەر یەک لە هولیا ئاتەش و نەوزاد گوزەل هاوسەرۆکانی رێکخستنی هەدەپەی شاری ئەسکەندەرون لە لێدوانێکی هاوبەشدا، یادی ئەو کەسانەیان کردەوە کە لە کۆمەڵکوژەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

ز.ش