'لە بۆتان فێری گەریلایی بوو و لە حەفتانین هێڵی فەرماندەیی ژنی سەلماند'

دەنیز فرات گەریلای یەژاستار باس لە تێکۆشانی فەرماندەی یەژاستار ئەسمەر دەکات و دەڵێت 'شەهادەتی هەڤاڵ ئەسمەر قورسبوو، بەڵام هەڤاڵ ئەسمەر زۆر شتی بونیاتنا. هێڵێکی بەرخودانی فەرماندەیی ژنی چەسپاند. دوژمن لە حەفتانین ناتوانێت ئەوە بکات، کە خۆی دەیەوێت".

یەکێک لە گەریلاکانی یەژاستار بە ناوی دەنیز فرات چیرۆکی خۆی لەگەڵ شەهید ئەسمەر بۆ ئاژانسەکەمان دەگێڕێتەوە و رایگەیاند، شەهید ئەسمەر لە ناو بەرخودانی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیک لە شارەکان و بەرخودانی جەنگی حەفتانین لە تێکۆشاندا بوو. راشیگەیاند "لە قۆناغی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک دا من هەڤاڵ ئەسمەرم ناسی. ماوەیەکی دوور و درێژ پێکەوە ماینەوە. ئێمە خەباتی رێکخستنی کۆمەڵگەمان دەکرد. هەڤاڵ ئەسمەر لە ئاستی بەرپرسیاری یەکەمدا بوو. هەوڵەکانی بۆ ئەوە بوون، کە خەبات بە شێوەیەکى بەرفراوان بەڕێوەبچێت. دوای ماوەیەک قۆناغی بەرخودان دەستیپێکرد. بە رۆح و ورەیەکی فیداییانەوە چووە ناو بەرخودانەکەوە و هەڵوێستێکی بڕیادارانە و پێداگرانەى نیشان دا. زیاتر لە هەموو شتێک ورە و موراڵە بەرزەکەى هەڤاڵ ئەسمەر بۆ هەموان بوو بووە جێگای سەرنج. ورە بەخشین و ناساندنی رێکخستن بۆ هەڤاڵ ئەسمەر ئەرکێکی سەرەکی بوو. لەبەر ئەوانەش ناسینی هەڤاڵ ئەسمەر بۆ من بەختەوەری بوو. بۆ ئەوەى دەرمانێکی بۆ هەڤاڵێکی بریندار پەیدا بکردایە، هەموو شتێکی لەبەرچاو دەگرت و هەموو هەوڵێکی بۆ دەدا، ئەوەش رێگای بە ڕووی هەڤاڵێتییەکی بەهێزدا دەکردەوە".

ئامانجی گەیشتن بە چیاکان بوو

فرات سەرنجی خستەسەر گەشتی شار لە کاتی خۆبەڕێوەبەریی دیمکراتیک دا و گەیشتنیان بە چیا و وتی "دوای ئەو قۆناغە، چوونە ناو تونێلەکانی ژێر زەوی دەستیپێکرد. دوژمن ئەوەى کردبووە رۆژەڤی خۆی و دەیخواست بدات بەسەریاندا. ئامانجی ئێمەش ئەوە بوو، لە تونێلەکانیدا خۆمان بپارێزین و لە ئەنجام خۆمان بە هەڤاڵان بگەیەنین. ئەوە لە پێش هەموومانەوە بۆ هەڤاڵ ئەسمەر بابەتێکی سەرەکی بوو. لەو قۆناغەدا رۆژانی خۆش و ئازاراویشمان هەبوو، بەڵام هەڤاڵ ئەسمەر و هەوڵەکانی هەموو کات ورەبەرزی و دڵخۆشیی دەکردە باڵادەستیی ناومان. هەوڵی دەستەکەى ئێمە ئەوە بوو، کە بەسەلامەتی لە شار بڕۆینە دەرەوە و خۆمان بگەیەنین بە چیا تاوەکو ئامانج و خەون و هیوای شەهیدان بەدیبهێنین. من و هەڤاڵ ئەسمەر لە گروپەکە دابڕاین و بە تەنها پێکەوە بووین. نە من و نە هەڤاڵ ئەسمەریش هیچمان رێگاکان و چیاکانمان نەدەناسی، ئێمە تەنها چیای جودیمان دەبینی، تەنها ئەوەمان دەزانی، کە پێویستە خۆمان بگەیەنینە ئەوێ و بەو مەبەستەش کەوتینەڕێ.

منداڵەکە هەڵنەخڵەتا

لەبەر ئەوەى من لە رێکردندا لاواز بووم هەڤاڵ ئەسمەریش بەهۆی منەوە تووشی ناڕەحەتی و دژواری دەبوو، بەڵام هەڤاڵ ئەسمەر بە هەوڵێکی گەورە و رەنجدانێکی زۆر دەستبەردارم نەبوو. ئێمە کەوتینەڕێ، بەڵام رێگاکانمان نەدەناسی. ئێمە نەماندەخواست گەل، یان دوژمن ئێمە ببینێت، چونکە پۆلیسەکانی دوژمن لە ناوچەکە و دەورووبەرماندا زۆر بوون. ئەوەش بۆ ئێمە پێویستی بە هۆشیاربوونی زیاتر بوو و بەو هۆیەشەوە نەماندەخواست کەس بمانبینێت. هەڤاڵ ئەسمەر دەیوت 'تۆ خەڵکی بۆتانی چۆن نازانیت لە کوێوە بڕۆین بۆ چیای جودی، بەڵام من کە خەڵکی ئامەدم تۆ دەبم بۆ جودی'. دوای ماوەیەک دوورکەوتنەوە لە شار دەمانخواست لە خەڵک لەبارەى رێگاکەوە پرسیار بکەین، بەڵام گومانی ئەوە هەبوو، کە کەسێکی سیخوڕ بمان بینێت و زانیاریمان لەسەر بدات. لەبەر ئەوەش ئێمە بە هۆشیارییەوە هەنگاومان دەنا. ئێمە لە شۆفێرێک پرسیارمان کرد و وتی 'ئێوە بە رێگایەکى هەڵەدا دەڕۆن'. دوای ئەوە گوندێک لە بەردەمماندا بوو و بۆ ئەوەى بڕۆین بۆ گوندەکە و پرسیاری رێگاکان بکەین، هەڤاڵ ئەسمەر سیناریۆیەکی رێکخست. هەڤاڵ ئەسمەر خۆی وەک گۆرانیبێژ و شاعیر بەو منداڵە دەناساند، کە وردە وردە بەرەو لای ئێمەوە دەهات، بەڵام منداڵەکە هەڵنەخڵەتا و وتی 'من ئێوە دەناسم'. دوای ئەوە ئێمەى برد بۆ ماڵی خۆیان، کە بنەماڵەیەکى وڵاتپارێز بوون.

خەونی شەهیدانمان لە ئەستۆ بوو

لەو کاتەشدا هەڤاڵان بە دواماندا دەگەڕان، چونکە ئێمە رێگاکەمان نەدەزانی. دواتر ئێمە لە گوندەکە چووینە دەرەوە و تاوەکو گەیشتینە چیای جودی ئێمە زۆرێک لە خەونەکانی هەڤاڵانی شەهیدمان لە ئەستۆ گرتبوو و ئەو خەونانەمان بۆ خومان کردبووە سەرمەشق. دەبوو ئەو قارەمانییەی لە شارەکاندا کراوە بۆ گەل باس بکەین، کە چۆن کچان و کوڕانی بۆتان لە بەرامبەر پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیای دوژمن دا بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد. ئێمە دەمانخواست ئەوانە بۆ گەلەکەمان و هەڤاڵەکانمان باس بکەین بۆ ئەوەى هەموو دونیا لە گەورەیی ئەو بەرخودانەى زیاتر بۆ روون بێتەوە، چونکە پێویست بوو ئەو بەرخودانە بچێتە مێژووە. لەبەر ئەوەى ئێمە بەڵێنمان بە شەهیدان دابوو، ئیدی کام یەک لە هەڤاڵان بگەیشتایەتە چیاکان دەبوایە بەرخودانی شارەکانی بۆ هەموان باس بکردایە و بێگێڕایەتەوە. بە تایبەتی ئەو ئامانج و خواستە لە کەسایەتیی هەڤاڵ ئەسمەردا زۆر لە پێش بوو. بێگومان ئەو بۆ من بووە بناغەى هێز تاوەکو من رێ بکەن و بەرخودان و بەرەنگاری بکەم".

لە بۆتان فێری گەریلایی بوو

دەنیز فرات گەریلای یەژاستار سەرنجی خستەسەر کەسایەتیی گەریلا ئەسمەر و وتی "ئێمە دواتر بۆ ماوەیەک لە بۆتان ماینەوە. بەڕاستی خواست و ئامانجی هەڤاڵ ئەسمەر بۆ کار و خەبات زۆر زۆر بوو. هەڤاڵێکی خەڵکی ئامەد بوو، بەڵام خۆی بە خەڵکی بۆتان دەزانی و دەیوت 'من لە بۆتان فێری ژیان و گەریلایی بووم'. لەبەر ئەوە زۆر بۆتانی خۆشدەویست. دواتر لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بووە فەرماندە. بۆ هەڤاڵێتییەکى بەهێز زۆر هەوڵی دەدا. کاتێک هەڤاڵ ئەسمەر لەلای ئێمە بوو، وەک فەرماندەیەک نەدەجوڵایەوە، وەک هەڤاڵێک بەشداریی لە ژیان و کارەکان و ئەرکەکاندا دەکرد. ورەیەکى زۆری بە دەورووبەرەکەى دەبەخشی. لەبەر ئەوەى ئێمە یەکترمان دەناسی، کاتێک یەکترمان بینییەوە زۆر دڵخۆش بووین".

دەیخواست شایستەى شەهیدان بێت

فرات باسی لە دڵسۆزیی فەرماندەی یەژاستار ئەسمەر بۆ شەهیدان کرد و وتی "هەڤاڵ ئەسمەر لە هەر کوێ بوایە ئەو هەڤاڵانی بەرخودانی شار و شاخی پێدەناساندن و باسی بەرخودانەکەیانی دەکردن و دەیوت 'پێویستە من شایستەى هەڤاڵ زەریان و هەلەنەکان بم'. دەیخواست درێژەپێدەری رێگاکەیان بێت و بەرخودانەکەیان بباتە ناو مێژووە. دوای قۆناغێک رۆیشت بۆ حەفتانین و فەرماندەیی هێڵی شەشداری دەکرد. لەوێش زۆریان خۆشویست. فەرماندەی هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر بوو و ئەوەش دەبووە بناغەیەکى هێز و ورە. ئێمە چەندجار پێکەوە قسەمان کرد، دەرفەتی ئەوە نەبوو یەکتر ببینین. دەیوت 'حەفتانین زۆر شتمان پێدەدات و زۆر شتیشمان لێدەبات، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە بتوانین لەسەر پێ بمێنینەوە و بۆ شەهیدان ببینە وەڵام".  

هێڵی فەرماندەیی ژنی چەسپاند

فرات سەرنجی خستە سەر بەرخودان و شەڕەکانی فەرماندە ئەسمەر لە دژی داگیرکەری تورک  لە شەشدارێ لە حەفتانین و وتی "لە شەڕی شەشدارێ دا پێشەنگایەتی و قارەمانییەکی زۆر گەورەی کرد. شایستەى ناوەکەى خۆی بوو. شایستەى بەرخودانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شارەکان بوو، کە لە کەسایەتیی نوجان، رووکەن و زەریان دا خۆی بەشدار دەکرد. زۆر گرنگ و مانادار بوو، کە لەگەڵ هەڤاڵ ئەسمەر، کە مرۆڤێکی بەرەنگار و بەرخودێر بوو لە ناوچەیەکدا پێکەوە بمایتایەتەوە و شەڕتان لە دژی دوژمن بکردایە. دەبووە دووەمجار کە ئێمە پێکەوە لە ناو شەڕدا بین، ئەوەش خواستی ئێمەى زیاتر کرد، کە داگیرکەران بکوژین و داگیرکەری تێکبشکێنین. راستە لە کاتی شەهادەتی هەڤاڵ دا مرۆڤ هەستیار دەبێت، بەڵام ئەو شەهادەتە هێزی زیاترمان پێدەدات و خواستی تۆڵەکردنەوەمان لە دوژمن بەهێزتر دەکات. شەهادەتی هەڤاڵ ئەسمەر قورسبوو، بەڵام هەڤاڵ ئەسمەر زۆر شتی بونیاتنا. هێڵی بەرخودانی رنگڕێژکرد. هێڵی فەرماندەیی ژنی چەسپاند. دوژمن لە حەفتانین ناتوانێت ئەو کارانە بکات، کە خۆی دەیەوێت. بە پێشەنگایەتیی شەهیدە قارەمانەکانمان ئیمە زیاتر لەمێژوودا خۆمان دەسەلەمێنین".

ژ.ت