لە بەرلین پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەرمەزار کرا

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی سەردانیدا بۆ بەرلین لە لایەن کوردستانیانی شارەکەوە شەرمەزار کرا.

کوردستان و هاوڕێکانیان ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ بە کاتی ئەورۆپا لە بەردەم هەردوو باڵیۆزخانەی ئامریکا و تورکیا  گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا ئەرهان فرات هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کۆمەڵگای کوردستانیانی ئازاد پەیامێکی بڵاو کردەوەو وتی ئێمە بە بۆنەی هاتنی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەرلین و بۆ ئەوەی سەرنجی راکێشین بۆ سەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لێرەین.

فرات رایگەیاند ئەردۆغان تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و پێویستە لە ئاستی نێودەوڵتیدا دادگایی بکرێت و وتی:" لە کەسایەتی خودی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە، هەموو لایەک کە چاویان لە ئاست داگیرکەریەکانی ئەردۆغان دا داخستووە، شەرمەزار دەکەین."

چالاکوانان لە گۆڕەپانی باراندین بۆرگەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەکانی لەوێ ئەنجام دا، بەرەو کۆنسۆلخانەی ئەمریکا بەڕێکەوتن.

لە رێپێوانەکەدا دروشمی 'داگیرکەران، هەمووتان لە کوردستان ون بن' و 'تیرۆرست ئەردۆغان' و 'بژی پشتیوانی نێودەوڵەتی' بەرز کرانەوە.

لە بەردەم کۆنسۆڵخانەکە کۆتایی بە چالاکیەکە هێنرا.

ز.ش