لە حەسەکە بە بەشداری ٦۰۰ ئەندام کۆبوونەوەی ساڵانەی قەسەدە بەسترا

لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوونەوەی ساڵانەی قەسەدە بە بەشداری ٦۰۰ ئەندام و فەرماندە بە دروشمی "لە تێكشكاندنی تیرۆریزمەوە بەرەو سەقامگیری" دەستی پێکرد و تێیدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە وتویەتی: "سەرلەنوێ هێزەکانیان نۆژەن دەکەنەوە".


ئەمڕۆ لە ناوەندی فەرماندەیی قەسەدە کە دەکەوێتە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک - قەسەدە بەدروشمی "لە تێكشكاندنی تیرۆریزمەوە بەرەو سەقامگیری" کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی بەست و تێدا ٦۰۰ ئەندام و فەرماندە بەشداری بوون. لە میانی کۆبوونەوەکەدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە ئاخاوتووە و وتویەتی: "لە پاش ئەوەی ئێمە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جەنگاین و لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە سەركەوتنمان تۆمار کرد، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ساڵانەی قەسەدە بەڕێوە دەبەین، كۆبوونەوەكەش بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو سەركەوتنە و دەستنیشانكردنی كەموكورتییەكانمانە. ئامانجێکی دیکەشمان ئەوەیە تا ڕێکارەکانی مسۆگەركردنی ئارامیی و ئاساییش و سەقامگیری هەموو ناوچەكانی سوریا تاوتوێ بکەین".

عەبدی دەستنیشانیشی کردوە: "ئەم كۆبوونەوەیە دەبێتە بنەمای دامەزراندنی هێزێكی سەربازی بۆ سوریایەكی ئازاد و یەكگرتوو، ئەمڕۆکەش کە هەڕەشەی شەڕ لەسەر ئایندەمان هەیە، لە سەرویانەوە شەڕی داعش و چەتەکانی پێداگرە لەسەر وێرانكردنی وڵاتەکەمان، بێگەمان ئەوەش هەنگاوەكانان بەرەوە داهاتوو زۆر دژوارتر دەکات، بە تایبەت كە شانە نووستووەكانی داعش لە هەموو هەرێمەكە بوونیان هەیە، بۆیە ڕۆژەڤی سەرەكی كۆبوونەوەكەمان شەڕ لە دژی داعشە و بۆ ئەوەش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هان دەدەین بۆ ئەوەی لە بەشداری شەڕی لە دژی داعشدا بەردەوام بن بۆ ئەوەی سەركەوتنەکەمان مسۆگەر بکرێت". 

عەبدی هەروەها وتوشیەتی: "پێشتریش ڕامانگەیاندبوو كە هێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین كاریگەرییەكی خراپی دەبێت لە سەر شەڕی قەسەدە دژی داعش، هەروەها هەڕەشەكانی توركیا لەسەر هێزەكانمان پلانەكانی ئێمە و هاوپەیمانی بۆ لەناوبردنی داعش ئاستەنگ دەكات، لێرەوە لەگەڵ ئەمریكا هەموو هەوڵێك بۆ دانوستان لەگەڵ دەوڵەتی تورک دەدەین، لەسەر ئارامی ناوچەكەش ڕێككەوتنێكی سەرەتاییمان هەیە. بەڵامبۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئێمە و توركیا، عەفرین هەنگاوێكی گرنگە، چونكە گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی بۆ سەر زێدەی خۆیان خاڵێكی سەرەکییە و بەبێئەوە ئاشتی لە سوریا پێكنایەت:.

فەرماندە مەزڵوم عەبدی بانگەوازیەکی وەهاشی لە ڕژێمی سوریا کرد: "لێرەوە بانگ لە حكومەتی سوریا دەكەین تا لەگەڵ نوێنەرانی خۆبەڕیوبەری باکور و ڕۆژ‌هەڵاتی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكراتیک - قەسەدە گوفتوگۆ دانوستان بكات، هەروەها قبوڵی بکات کە چارەسەری سیاسیی لە سوریا لە سەر بنەمای دانپێدانان بە خۆبەڕیوبەری دیموكراتی و مافی ڕەوای گەلی كورد بەدی دێت".

لە كۆتایی قسەكانیشیدا عەبدی سەرنجی ڕاكێشایەسەر سەرلەنوێی نۆژەنکردنەوەی هێزەکانیان و ئاشکرای کرد: "دەستمان بە سەرلەنوێ دامەزراندن و ڕێكخستن و نۆژەنکردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكراتیک - قسەدە كردووە، لەم بوارەشدا سەركەوتنێكی زۆرمان بەدەستهێناوە، لە هەموو هەرێمەكان دەستمان بە دامەزراندنی ئەنجومەنی سەربازی كردووە و هێزی پسپۆڕ و شارەزامان ئامادە كردووە، ئەمڕۆش لەم كۆبوونەوەیەدا پرۆسەی سەرلەنوێ دامەزراندن و ڕێكخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی هێزەكانی قەسەدە، دامەزراندنی ئەنجومەنی سەربازی گشتیی كە بۆ هەموو ئەنجومەنەكان ببێتە چەتر، بۆ ڕای گشتیی ڕادەگەیەنێنین.

لە پاش فەرماندە مەزڵوم عەبدی، نەورۆز ئەحمەد ئەندامی فەرماندەیی قەسەدە لەسەر ناوی یەپەژە ئاخاوت و وتی: "تێكۆشانی هەشت ساڵەمان لە بەرامبەر داعش و هەموو هێز و تاقمە چەتەكان دەربازی قۆناغێكی نوێ بووە و دەستكەوتێكی زۆری بەدواد هاتووە. لە قۆناغێكی زۆر مەترسیداردا شەڕڤانانی یەپەژە تێكۆشانێكی بێوێنەیان بەڕێوەبرد و لەم قۆناغەشدا یەپەژە زیاتر لە جاران ئەركەكانی خۆی ڕادەپەڕێنێت".

نەورۆز هەروەها وتویەتی: "بە یەكێتی هەموو هێزی ژنان دەستكەوتی مێژوویی بەدەستهاتووە و تا كۆتایی ئەو دەستکەوتانە دەپارێزرێن، بەو ئامانجەش لەمەوداو هێزەكانمان زیاتر لە جاران خۆیان پەروەردە دەكەن و پسپۆڕانە دەجوڵێنەوە تا لەو ڕێگایەوە مەترسییەکانی سەر گەل و وڵاتمان بڕەوێنینەوە و لە سوریایەكی دیموكراتیک بژین، ئازادی ئێمەی ژنان ئازادی كۆمەڵگایە".

 

هـ.هـ