لە خواکورک و دێرسیم سوپای تورکیا کوژراو و برینداری زۆری داوە

لە خواکورک و دێرسیم گەریلاکانی هەپەگە/یەژاستار لە دژی هێزە داگیرکەرەکەی تورکیا چالاکیان ئەنجام داوەتەوە؟و بەهۆیەوە دوژمن کوژراو و برینداری زۆر هەبووە و هاوکات ۳ گەریلایش شەهید بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پارستنی گەل (هەپەگە-HPG) لە بارەی چالاکیی و شەڕی گەریلاکانیان و گەریلاکانی یەکینەکانی ژنی ئازاد (یەژاستار-YJA STAR) لەگەڵ سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا و هێرشەکانی ئەو سوپایە لە کوردستان، بە ڕاگەیەندراوێک ئەم زانیاریانەی ئاشکرا کردووە:

خواکورک

لە هەرێمەکانی پارستنی میدیا هێزەکانمان بەردەوامن لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕی شەهیدان باگەر و ڕۆنیا و لە میانیدا گورز لە هێزەکانی سوپای کۆماری تورکیا دەدەن.
لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی ۱۰ی ئەیلول کاتژمێر ۰۹:٥۰ خولەکی بەیانی، لە ملەی شەهید بۆتان هێزەکانمان چالاکییان لە دژی سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا ئەنجام داوە و ڵە ئاکامیدا سەربازێک کوژراوە.

ڕۆژی ۱۱ی ئەیلول کاتژمێر ۰۹:۰۰ی بەیانی، هێزەکانی ڕژێمی تورکیا کە لە نزیک بەرزایی شەهید ساریا بارگەیان خستبوو، لە لایەن گەریلاکانمانەوە بە دژواری لێیان دراوە و بە هۆیەوە دوژمن کوژراو و برینداری داوە. بەڵام سەبارەت بە کوژراو و بریندارانی دوژمن زانیاریەکی ورد بەدەست نەخراوە. پاش چالاکییەکە دوژمن بە هەلیکۆپتەری سکۆرسکی جەنگی کوژراو و بریندارەکانی گواستووەتەوە. لە چالاکییەکەدا گەریلاکانمان بێزیان بوون و بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بارەگاکانیان.

دێرسیم 

ڕۆژی ۲٦ ئابی ڕابردوو، لە دەڤەری مارگەیکی سەر بە ناوەندی شاری دێرسیم سوپای کۆماری ڕژێمی تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە. ڕۆژی دواتر ۲۷ی ئاب لە کاتژمێر ۰۳:۰۰ بەرەبەیانیدا، لە نێوان یەکینەکانمان و ئۆپەراسیۆنکارانی دوژمن شەڕ ڕووی داوە. هاوکات دەڤەرەکە بەفڕۆکە بۆردومان کراوە. لە ئاکامی ئەوەشدا هەڤاڵێکی گەریلامان شەهید بووە کە پاشان ناسنامەکەی بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکەین.

ڕۆژی ۲۷ی ئاب، لە گوندی لەسکانی سەر بە ناوچەی پلوری پارێزگای دێرسیم هێزەکانی دوژمن ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە. لە ۲۸ی ئاب لە ساتەکانی بەیانیدا، لە نێوان هێزەکانمان و ئۆپەراسیۆنکاراندا شەڕێکی زۆر قورس قەوماوە و شەڕەکە تا نیوەڕۆ بەردەوام بووە. لە شەڕەکەدا دوژمن ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری داوە. هاوکات هاوڕێیانمان باوەڕ و زنار کە تا دوایین فیشەک شەڕێکی قارەمانەیان کردوەوە، شەهید بوون و گەیشتونەتە کاروانی نەمران

ناسنامەی تەواوی هەردوو شەهید بەم شێوەیە:

ناسراو بە: باوەڕ دێرسیم
ناو و پاشناو: ودەنیز کارکوش
شوێنی لەدایکبوون: دێرسیم
ناوی دایک و باوک: موونەوەر- ئەلیشان
ڕێککەوت و شوێنی شەهیدبوون: ۲۸ی ئابی ۲۰۱۹/ دێرسیم

ناسراو بە: زنار سومبول
ناو و پاشناو: خەیرەدین ئاکدۆغان
شوێنی لەدایکبوون:  جۆلەمێرگ
ناوی دایک و باوک: ئەمینە - سەلاحەدین
ڕێککەوت و شوێنی شەهیدبوون: ۲۸ی ئابی ۲۰۱۹/ دێرسیم

هـ.هـ