لە سلێمانی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ-ەوە، ئەمڕۆ، بە دەستپێشخەریی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، لەبەردەم تەلاری هونەرەوە بۆ بەردەم نووسینگەی مافی مرۆڤ، ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو.

لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی'نابێت هیچ کەسێک بە نۆکەر و کۆیلە بگیرێت'، ' کارکردنی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە' و چەندین دروشمی دیکە بەرزکرانەوە.

لەبەردەم نووسینگەی مافی مرۆڤ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدرا و تیایدا سابیر عەبدوڵا بەڕێوبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی لە سلێمانی، ڕاگەیەندراوی نووسینگەکەی خوێندەوە، کە تیایدا چەند داواکارییەک ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرابوو:

-یاسا سەروەربێت و دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆبێت، هەموومان لەبەردەم یاسادا یەکسان بین.

-پێویستە بە هەوڵی هەموو لایەک دیارەی هەڵگرتنی چەکی بێ موڵەت چارەسەربکرێت، دەبێت چەک بەتەنها لە دەستی جێبەجێکارانی یاسا و ئەو هێزانەدابێت کە ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیانە، ئەمە لەکاتێکدایە  کە ئامارەکانی تاوانکاری و کوشتن و خۆکوشتن بە چەکی بێ مۆڵەت ڕوو لە هەڵکشانە.

-کارکردن بەپێی بنەما و پرەنسیبە جیهانییەکان و ڕێکەوتننامە نێودەڵەتییەکان، کە عێراق واژۆی لەسەریان کردووە، بەتایبەت ڕێکەوتننامەکانی تایبەت بە پارێزگاریکردن لە مافی ژنان و مناڵان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بێسەرپەرشتان و ڕۆژنامەنووسان و خویندکاران و فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و ئاوارە و پەنابەران و کرێکارانی ناوخۆیی و بیانی و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە..

- جێبەجێکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ژمارە ١١ ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن وەزارەت و دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەتەوە، چونکە هەنگاوێکە بۆ بەدەستهێنانی شەفافیەت و هاوکاریکردنی میدیاکاران و ڕاگەیاندنەکان و تاکو زانیاری ڕاست و دروست بگەیەننە هاوڵاتیان.

ف.ق