لە شاری ئێلحی باکوری کوردستان ١٠ ژن دەستگیر کران

لە چوراچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی رۆژی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژناندا، ئەنجومەنی ژنانی سەر بە هەدەپەی شاری ئێلح و بزوتنەوەی ژنانی ئازاد کە بەنیاز بوون بەیاننامەیەک بڵاو بکەنەوە لە لایەن پۆلیسی تورکەوە رێگریان لێ کراو ١٠ ژن دەستگیر کران.

ئەندامانی ئەنجومەنی ژنانی سەر بە پارتی گەلانی دیمۆکراتیک لە شاری ئێلحی باکوری کوردستان و چەندین چالاکی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد بە نیازبوون لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووهەم رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، گردبوونەوەیەک ساز بکەن و لەسەر ئەم بابەتە بەیاننامەیەک بڵاو بکەنەوە، بەڵام لە لایەن پۆلیس وهێزە ئەمنیەکانەوە ئابلوقە دران و رێگرییان لێ کرا.

هێزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە بڕیاری قەدەغەی چالاکییەکان کە گوایە لە لایەن پارێزگارەوە دراوە، رێگرییان لێ کردن.

ژنان کە پانکارت و وێنەی وەسفی توندوتیژی دژی ژنانیان بەرز کردبووە، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە بە زۆر لییان سەندران و کۆ کرانەوە.

دوای رێگریی هێزەکانی پۆلیسی تورک، ژنان بە وتنەوەی درووشمی 'فشارەکان ناتوانن لاواز و بێهێزمان بکەن' بەرەو باڵەخانەی هەدەپە بەڕێکەوتن و هەڵوێستی هێزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد.

لە رێگای چوون بۆ باڵەخانەی هەدەپە دا، هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەر ژنە چالاکوانەکان و هەر یەک لە (گوڵجەمال ئەردینج پارێزەری هاوسەرۆکانی هەدەپەی شاری ئێلیح و هەر یەک لە دەریا ئارسلان و سیدار ئۆنات و گولەر ئۆران-ی چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازادیش) لە ناویاندا، بە گشتی ١٠ ژن دەستگیر کران.

ز.ش