شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو شارانەی ئەو بەشەی کوردستانە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تێیایدا بڵاودەبێتەوە.
بە گوێرەی ئاماری میدیا نافەرمیەکان لە بانە دۆخەکە خرابە و زانکۆی زانستە پزیشکیەکانی شاری سنە ڕۆژی شەممە ٢٠ی ئازار ڕایگەیاندبوو، لە بانە ٥٩ حاڵەتی کۆرۆنا تۆمارکراون.
هەروەها بە پێی ئامارە فەرمیەکان تا ئەمڕۆ ٦ کەس لەو شارە گیانیان لەدەستداوە و باسی ئەوەش دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و گیانیان لەدەستداوە زیاترن.
هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت نەخۆشخانەی بانە تووشی قەیرانی کەمی پێداویستی پزیشکی بووەتەوە.
دیمەنێکی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بلاوبووەتەوە کە دەلالەت لە کەمبوونی دەرفەت و پێداویستی پزیشکی دەکات و تا ئەو رادەیەی دەستکێش، دەمامک، جلەبەرگی نەخۆشخانە و کیسی جەنازەش کەمبوونەتەوە و داوای هاوکاری لە خەڵکی بانە دەکرێت.
کەسێک لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت و دەڵێت، برایەکی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و پەرستارەکانی نەخۆشخانە جلوبەرگی تایبەت و دەستکێشیان نییە و داوای لە رێکخراو و دەزگا خێرخوازیەکان کرد، لە دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکاندا هاوکاری نەخۆشخانەی بانە بکەن.
ف.ق