لە ناو کوژراوانی هێرشە فاشیستەکەی هاناو دووانیان کوردن

دوو کەس لەوانەی لە ئەنجامی هێرشە فاشیستەکەی شاری هاناوی ئەلمانیا گیانیان لەدەستدا، کوردن، بە ناوەکانی  فەرهاد ئونڤەر و گوکهان گولتەکین.

ئەلمانیا ئەم بەیانییە بە هێرشێکی تیرۆرستانە رۆژی کردەوە. لە شاری هاناوی سەر بە ویلایەتی هیسینی ئەلمانیا دوێنی ئێوارە لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ لە ناو دوو کافتریای نێرگەلەدا هێرشێکی چەکداری ئەنجامدرا و هێزەکانی پۆلیس ٩ جەنازەیان لە شوێنی رووداوەکە دۆزییەوە. هێزەکانی پۆلیس دوای بەدواداچوون بۆ بکوژەکە بە ناوی تۆبیاس راسژین، لە ناوچەیەکی نزیک لە شوێنی رووداوەکە، تەرمی دوو کەسی دیکەیان دۆزییەوە.

رووداوەکەی هاناو دوای لێکۆلینەوە و بەدواداچوونی هیزە ئەمنییەکانی ئەلمانیا، ئەم بەیانییە ئاشکرا بوو. بکوژەکە لە ناو دوو کافتریا بە گشتی ٩ کۆچبەری کوشت و دوای ئەوەی چووەتەوە بۆ ماڵی خۆی، لە ماڵەوە دوای ئەوەی دایکی خۆشی کوشتووە، بە هەمان شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆشی هێناوە.

٢ گەنجی کوردیش کوژران

راگەیێندرا کە لەو ٩ کەسەی کوژران، دووانیان کوردن. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە هاناوە گەیشتووەنەوە دەستی ئاژانسی هەواڵی فورات، دوو گەنجی وڵاتپارێز بە ناوەکانی فەرهاد ئونڤەر و گۆکهان گولتەکین گیانیان لەدەست داوە.

هاوکات لە ناو بریندارانی رووداوەکەدا ٣ کەسی دیکەش کوردن. چاوەروان دەکرێت زانیاری ورد لەسەر رووداوەکە لە لایەن داواکاری گشتی فیدڕالی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە ئاشکرا بکرێن.

مانیفێستۆیەکی نیژادپەرەستی لە دوای خۆیدا بەجێ هێشت

تۆبیاس راسژین کە بکوژەکەیە، لە ساڵی ١٩٧٧ لە هاناو لە دایک بووە، وەکو هێرشکارە تیرۆرستییەکەی نەرویج ئاندەرس بریڤیک بە دوای خۆیدا مانیفێستۆیەکی رەگەزپەرەستی بەجێ هێشت. راسژین لە سەر ماڵپەڕێکی ئینتەرنێت سێ بابەتی جیاوازی لەسەر ژیان و بیروبۆچوونە رەگەزپەرستانەی خۆی بلاو کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە "پێویست ناکات کۆچبەران لە ئەلمانیا دەر بکرێن، بەڵکو دەبێت لەناو ببرێن".

"چالاکییەکی تیرۆرستی بوو'

بەرپرسانی دەوڵەتی ئەلمانیا و چەندین سیاسەتمەدار ناڕەزاییەکی توندیان لە بەرامبەر ئەو هێرشە فاشیستە دەربڕی. سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەڵیت، چالاکییەکی تیرۆرستییە و وتی، ئەوان پشتیوانی ئەو کەسانە دەکەن کە ئەقلیەتی رەگەزپەرەستی هەرەشەیان لێدەکات و ئەوان ژیانێکی هاوبەش و ئاشتیانە دەپارێزن.

مێرکل:ئەم ژەهرە لە ناو کۆمەڵگاکەماندا بوونی هەیە

ئانگەلا مێرکل سەرۆک وەزیرانی ئەلمانیاش لە لێدوانێکدا سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری کوژراوان کرد و وتی:"ئەم رۆژە یەکێکە لە رۆژە بە ئازەرکانی وڵاتی ئێمە. رەگەزپەرەستی ژەهرە و بە داخەوە ئەم ژەهرە لە ناو کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە."

"ئەم رووداوانە چاوەروان نەکراو نین"

کاتژا کیپینگ هاوسەرۆکی گشتی پارتی چەپی ئەلمانیاش ناڕەزایەتییەکی توندی بەرامبەر ئەو رووداوە دەبڕی و رایگەیاند، ئەم جۆرە هێرشانە چاوەروان نەکراو نین و تیشکی خستە سەر رەگەزپەرەستی کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا لەو وڵاتە زیادی کردووە.

جەماوەر دەڕژێتە سەر شەقام

بڕیارە وایە کوردستانیان و نوێنەر و پێشەنگانی کۆچبەران، ئەمڕۆ کاتژمیر ١٨:٠٠ بە کاتی ئەوروپا لە هاناو و چەندین شاری دیکەی ئەو وڵاتە، لە دژی ئەو هێرشە رەگەزپەرەستیە بڕژێنە سەر شەقامەکان و چالاکی ناڕەزایەتی ساز بکەن.

ز.ش