ماوەی ١١ رۆژە پێشمەرگەیەکی دێرین دەستگیرکراوە و هیچ هەواڵێکی نییە

پێشمەرگەی دێرین فەقێ هۆشیار و هاوڕێکەی دڵشاد جەبار ١١ ڕۆژ پێش ئێستا دەستگیرکراون و هیچ سۆراغێکیان نییە.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕێکی نزیک لە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) پێشمەرگەی دێرین بورهان حەسەن عەبدولڕەحمان (فەقێ هۆشیار) و هاوڕێکەی دڵشاد جەبار لە ٢٦ی تەمموزەوە لە دهۆک لەلایەن ئاسایش-ەوە دەسگیرکران و هیچ زانیاریەکیان لە بارەیانەوە نییە.

بەرپرسی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی بادینان مەلا سدیق رایگەیاند، هۆشیار و جەبار چوون بۆ دهۆک و لە داوی ئەوەی لە ماڵی جەبار نانی بەیانیان خواردووە چوونەتە دەرەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێکیان نییە.

سدیق باسی لەوەشکرد، ئەوان لە دهۆک و سلێمانی سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیاریەکیان نەداوە بە خێزانەکانیان.

کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و کۆمەڵەی بریندارانی سەنگەر داوای ئازادکردنی فەقێ هۆشیار و هاوڕێکەی دەکەن.

ر.م