نەتەوەیەکگرتووەکان: تائێستاش لە عەفرین تاوانی شەڕدەکرێت

کۆمسیۆنی ڵێکۆڵینی سوریای سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە عەفرینی داگیرکراودا تائێستاش تاوانی شەڕدەکات.

کۆمسیۆنی ڵێکۆلینی سوریای سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ ٤٢مین دانیشتنی مافی مرۆڤی کۆنسەی مافێ مڕۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد.

ڕاپۆرتەکە لە ٢١ لاپەڕە پێک دێت و پشت بە چاوپێکەوتن، دیمەن، وێنە و شیکردنەوەی دیمەنەکان بەستووە.

'دەستگیرکردن و ڕفاندنی هاوڵاتیان بەردەوامە'

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە پێشێلکردنی مافێ مرۆڤ لە عەفرین دەدات کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە و ڕادەگەیەنێت، لە عەفرین پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ زیادتر دەبێت.

هەروەها ئەوەی خستووەتەڕوو، دوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە، کێشەی ئاسایش و ئارامی سەریهەڵداوە و کێشەکان بەردەوامن. هەروەها ئەشکەنجە، دەستگیرکردن و دەرکردنی هاوڵاتیە کوردەکان لەسەر زەوی و زارەکانیان لەلایەن گروپە چەتەکانەوە بەردەوامە. چارەنووسی زۆر کەس کە لە خاڵەکانی کۆنتڕۆڵ و ماڵەکانیان ڕفێندراون نادیارە. چەتەکان بۆ ئازادکردنی هاوڵاتیان داوای بڕێکی زۆر پارە دەکەن. ئەوانەی گروپە چەتەکان ڕەخنە دەکەن یان پشتگیری لە ئیدارەی پێشووی عەفرین دەکەن، ئەشکەنجە دەدرێن. هەروەها دەستگیرکردنی و دەرکردنی هاوڵاتیان بەردەوامە.

'ماڵ و موڵکی ئەو کەسانەی دەگەڕینەوە، ڕادەستیان ناکرێتەوە'

لە ڕاپۆرتەکەدا دەگۆترێت، گروپە چەتەکان و بنەماڵەکانیان، دەستیان بە سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیە مەدەنیەکاندا گرتووە و ئەو کەسانەی دەگەڕینەوە، ماڵ و موڵکیان ڕادەست ناکرێتەوە. زۆربەی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، ناچارن بۆ بەدەستهێنانەوەی موڵ و موڵکیان، پارەیەکی زۆر بە چەتەکان بدەن. دەست بەسەر دارە زەیتونەکانیان و ماڵەکانیاندا دەگیرێت یان باجیان لێوەردەگیرێت.

'مێژوو و کلتور تاڵاندەکرێت'

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەکرێت، میراسی کلتوری و مێژوو لەلایەن گروپە چەتەکانەوە تاڵاندەکرێت. لەو بارەوەیە ڕاپۆرتی نوێ گەیشتوونەتە دەستی کۆمسیۆنەکە و دەڵێت، "چەتە توندڕەوەکان لەو ناوچانەی کە حوکم دەکەن، مافی ژنان پێشێلدەکەن. بە زۆر هەوڵی بەحجابکردنی ژنان و منداڵە کچەکان دەدەن. قسەی نەشیاو بەو ژن و کچانە دەڵێن کە لە خاڵەکانی کۆنتڕۆڵدا تێدەپەڕن.

'تاوانەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورکدا دەکرێن'

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەەوەدەکرێت، بەرپرسانی تورکیا لەبەرامبەر کردەوەکانی گروپە چەتەکان بێدەنگن و ئەو کەسانەی گلەییش دەکەن، فەرامووش دەکرێن. بەرپرسانی تورک هیچ هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵی چەتەکان نادەن و لەبەرامبەر تاوانەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێدەنگن. ناوەندە ئیداری، دادگا و بەڕێوەبردنەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورکدایە. دادوەرەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە دادەمەزرێنرێن. کارمەندە کوردەکان لەکارەکانیان دووردەخرێنەوە و عەرەب لە جێگەیان دادەنرێن.

'تائێستاش تاوانی شەڕ دەکرێت'

ڕاپۆرتەکە باس لەوەدەکات، ڕووداوەکانی عەفرین بەشێک لە تاوانی شەڕە و ڕفاندن، ئەشکەنجە و دەستگیرکردنی هاوڵاتیە مەدەنیەکانی عەفرین کە لەلایەن چەتەکانەوە دەکرێن، نیشانەی ئەوەیە، تاوانەکانی شەڕ بەردەوام دەبن.

کۆمسیۆنی ڵێکۆلینی سوریای سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هەروەها ئاماژەی بە کەمپەکانی هۆل، ڕۆژ و عەین عیسا کرد کە خێزانی چەتەکانی داعشیان تێدایە و ڕایگەیاند، حەفتا هەزار کەسی ناو کەمپەکان کێشەی خوارن، پاک و خاوێنی و نەخۆشیان هەیە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا کۆمسیۆن داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزە داگیرکەرەکان، ڕژێمی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کرد، کۆتایی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سوریا بهێنرێت.

ک-ش