نەفرەتى دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە هاووڵاتییانى پارێزگای ئەردەخان

لە ئەردەخان یەک هەدەپەیی نییە کە دەستگیرنەکرابێت و نەچووبێتە بنکەی سەربازیی و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ نەکرابێت.

هەدەپە لە ئەردەخان ١٣ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٢ هەزار کەس لە هەدەپەییەکان دەستگیرکراون و سزاى زیندانیکردن بەسەر ٣٠٠ کەسیاندا سەپێنراوە.

ئەو ڕووداوانەی لەو شارە بچووکەدا ڕوودەدەن، ئاستی ئۆپەراسیۆنێکی پاکتاوکردنی سیاسی دەخەنە پێش چاو. ئەردەخان دەکەوێتە باکوری هەرێمی سەرحەدەوە. لە دوایین هەڵبژاردندا هەدەپە لەو شارەدا ڕێژەی دەنگەکانی زۆر زیادیکرد.

ئەردەخان ٩٧ هەزار دانیشتووی هەیە، کە ٦٠ هەزار کەسیان دەنگدەرن. پاش هەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیران و ١ی تشرینى دووەم، لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران / ٣ی پووشپەڕ، هەدەپە لەو ڕێژەیە ١٣ هەزار دەنگی بەدەستهێنا. لە ئەردەخان، تا دەنگەکانی هەدەپە رووی لە زیاتربوون بکات گوشار و زۆردارییەکانی سەریشیان زیاتر دەبێت.

تەنها لە ماوەی ٦ مانگى رابردوودى ئەمساڵدا لە ئەردەخان ١٥٠ کەس لە ئەندامان و لایەنگیرانی هەدەپە دەستگیر و زیندانیکراون. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ٢ هەزار کەس بەهۆکاری سیاسیی دۆسیەیان لەدژ کراوەتەوە. ئێستاش نزیکەى ٣٠٠ دۆسیە بە تۆمەتی 'ئەندامێتیی و پروپاگەندە بۆ ڕێکخستن' خراونەتە بەردەستی دادگاکان و لە چاوەڕوانیی بڕیاری دادگادان.

سیاسەتی تایبەت لە ئەردەخان بەڕێوەدەبرێت

پارێزەرانی نوسینگەی پارێزەرانی قەرس، جەختیان لەوە کردەوە، کە لە ئەردەخان دژ بە کوردان سیاسەتێکی تایبەت بە ڕێوەدەبرێت. پارێزەران بە بیریان هێنایەوە، کە ئەردەخان هەم شارێکی سەر سنوورە و هەم لەلایەنی پێکهاتەکانییەوە، شارێکى چەند پێکهاتەییە و تێکەڵە. لەبەر ئەوەش سیاسەتێکی تایبەتی تێدا بەڕێوەدەبرێت.

پارێزەران ڕاشیانگەیاند "ئەردەخان شاری گەلانە، لەبەر ئەوەی گەلان لە شارەکەدا بە شێوەیەکی یەکگرتوانە دەجوڵێنەوە، حکومەتی ئاکەپە زۆر لێیان قەڵسە. هەر بۆیە (دەسەڵات) یاسا و هەقیان لەناو برد. دەکرێت بڵێین هەر کەسێک لە ئەردەخان دەنگی بە هەدەپە دابێت، بە تاوانبار لە قەڵەم دراوە. پاش ئەوەی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکرێن کە دەنگیان بە هەدەپە داوە، بە بێ هۆکار دەستگیر دەکرێن. دادگاکانیش بەو فەرمانانە کار دەکەن، کە بۆیان نێردراوە. لەسەر ئەو بابەتە ئێمە هەموو ناڕەزایەتی و تانەدانەکانە یاساییەکانمان ئەنجامداوە، بەڵام هەرچى دەکەین ناتوانین خۆمان لە ئاستەنگییەکان دەرباز بکەین".

پاش ٢٤ی حوزەیران

پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە سەلامی ئۆزیاشار کە لە ئەردەخان ماوەیەک کاروخەباتی بۆ هەڵبژاردن کرد رایگەیاند، هەر کەسێک لە ئەردەخان سیاسەت بکات دەستگیردەکرێت و وتیشی "دۆسیە لەسەر هەموو بەڕێوەبەرانی هەدەپە و دەبەپە کراوەتەوە. پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران / ٣ی پووشپەڕ، گوشارەکان بەردەوامن".

ئەوەشی وت "گەل نەیدەتوانی کار و خەبات بۆ هەڵبژاردنەکان بکات. ئەوەی بۆ هەڵبژاردنەکان کاری کردبێت، دەستگیرکراوە. لە ژێر ناوی 'ئۆپەراسیۆنی میدیای کۆمەڵایەتی'دا هەموو کات و بە بەردەوامی هاووڵاتییان دەستگیر دەکرێن. لە ئەردەخان یەک هەدەپەییش نییە کە دەستگیرنەکرابێت و نەچووبێتە بنکەی سەربازی و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ نەکرابێت و وتەى لێوەرنەگیرابێت".

ر.م