هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح دەستبەسەر کران و ٢ ئەندامی بزوتنەوەی ژنانیش زیندانی کران

هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح دوای ئەوەی لە پۆستەکانیان دوور خرانەوە و قەیوم لە پۆستەیان جێگیر کرا، دەستبەسەر کران، هاوکات سزای زیندانی بەسەر ٢ چالاکی بزوتنەوەی ژنانی ئازادیشدا سەپێندرا.

دوای جێگیرکردنی قەیوم لە پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانی ئێلح، هێزەکانی پۆلیس ٢٣ی ئەم مانگە هەڵیان کوتایە سەر چەندین ماڵدا و لە ئەنجامی ئۆپڕاسیۆنەکەدا، هەر یەک لە محمد دەمیر و سونگول کۆرکماز هاوسەرۆکانی شارەوانیەکە، شەهریبان ئایدن جێگری هاوسەرۆکانی شارەوانیەکە، هەر یەک لە محمد سالح چەتین کایا، شوکران چەلەبی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکە و عادل ئاراسلان، عبدولا تارهان نوێنەرانی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک-کەجەدە و سیاژن یڵدرم و ئەمینە ئەردەم چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و ئەڤین جان و سەمانور جان ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە و سەرحاد بایک دابەشکاری رۆژنامەی یەنی یاشام دەستگیر کران.

هەر ١٦ کەسەکە کە بە هۆی ئەنجامدانی چالاکی بۆ ئیدانەکردنی قەیومەکان دەستگیر کران، هەمان رۆژ لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش وتەیان لێ وەرگیرا.

هەر یەک لە ئەڤین جان و سەمانور جان ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە و سەرحاد بایک دابەشکاری رۆژنامەی یەنی یاشام رەوانەی دادگا کران و بە کەفالەت ئازاد کرابوون. بەڵام هەر یەک لە سیاژن یڵدرم و ئەمینە ئەردەم چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد بە بیانووی ئەوەی 'ئەندامی رێکخستنن' رەوانەی زیندان کران.

هاوکات هەر یەک لە محمد سالح چەتین کایا، شوکران چەلەبی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیەکە و عادل ئاراسلان، عبدولا تارهان نوێنەرانی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک-کەجەدەش رەوانەی دادگای شاری ئێلح کران.

هەر یەک لە محمد دەمیر و سونگول کۆرکماز هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلحیش تا ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەکە دەستبەسەرن و هێشتا وتەیان لێوەر نەگیراوە.

ز.ش