هاوسەرۆکی شارەوانی ڕێیا ئارمووش لە زیندانی تاکەکەسیدایە

ئاشکرابوو عەزیم یاجان هاوسەرۆکی شارەوانی ڕێیا ئارمووش کە لە زیندانی پیتی (H)ی ئەرزەڕۆمدایە، لە زیندانی تاکەکەسیدایە. بەرپرسانی زیندانەکە لەگەڵ هەموو هەوڵێکیش یاجان بۆ قاوشی گشتی ناگوازنەوە.

عەزیم یاجان هاوسەرۆکی شارەوانی ڕێیا ئارمووشی وان لە ٨ی تشرینی دووەم دەستگیرکرا و ١١ی هەمان مانگ بڕیاری گرتنی بۆدەرچوو. یاجان بۆ زیندانی وان نێردرا و دواتر بۆ زیندانی پیتی (H)ی ئەرزەڕۆم گواسترایەوە.

یاجان لە ئیستادا لە قاوشی گشتی هێنراوەتە دەرەوە و لە زیندانی تاکەکەسیدا بەند کراوە و مافی وەرگرتنی ڕۆژنامە و کتێبی لێزەوتکراوە و ڕێگە نادرێت سەیری تەلەڤزیۆن بکات.

'دەیانەوێت پەریشانمان بکەن'

هاتیجە یاجان لەبارەی دۆخی هاوسەرەکەی وتی، "دوو هەفتەیە ڕیگە نادرێت یاجان هیچ کەسێک ببینێت. بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت و بۆ قاوشی گشتی بگوازرێتەوە، سەردانی بەرپرسانمان کردووە، بەڵام وڵاممان نەدراوەتەوە. چەند ڕۆژە هاوسەرەکەم ناتوانێت خواردن بخوات. دوێنی پارێزەران هەوڵیاندا چاویان پێی بکەوێت. پێویستە کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت. دەیانەوێت بەم شێوەیە پەریشانمان بکەن. دەیانەوێت بەم کردەوانە خێزانی زیندانیان بخەنە دۆخێکی سەخت و قوڕسەوە. داوای پشتگیری ڕای گشتی دەکەم."

ف.ق