هونەرمەندانی کەرکوک: کۆچی دوایی مامۆستا میقداد محەمەد کەلێنێکی گەورەی کردە ناو هونەری کوردی

میقداد محەمەد عومەر ناسراو بە مامۆستا میقداد-ی مەقام لە تەمەنی ٧٨ ساڵی و دوای بەرەنگارییەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی دوێنێ لە ماڵەکەی خۆیی لە گەڕەکی ئیمام قاسمی  شاری کەرکووک کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا میقداد محەمەد عومەر ساڵی ١٩٤١ لە شاری کەرکووک لە خێزانیکی هونەری لە دایکبووە و هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە لە سەرەتای ساڵانی ٦٠ کان  ڕووی لە تەکییەی تاڵەبانی کردووە و سەرەتاکانی مەقام هەر لەوێ فێربووە و دواتر بۆ هونەری مەقام زۆر شوێنی کوردستان و عێراق گەڕاوە و لە تەواوی عێراق و لای مەقامبێژان وەک مامۆستایەکی ئەکادیمی مقام چاوی لێدەکرا.

سیروان عومەر هونەرمەندێکی شاری کەرکوکە و دەربارەی لەدەستدانی مامۆستای مەقام مامۆستا میقداد محەمەد بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "کۆچی مامۆستا میقداد لەداستدانێکی گەورە بوو بۆ هۆنەری کوردی بەتایبەتی لە بواری مەقامات. مامۆستا میقداد خەرمانێکی زۆر گەورە بوو لە بواری مەقامات و شارەزایەکی زۆری هەبوو لە مقاماتی کوردی و مەقاماتی عێراقی بەهۆی ئەوەی سەردەمانێک لە بەغداد ژیاوە لەگەڵ گەورە هونەرمەندانی مەقامبێژ ژیاوە و کاری کردووە لەگەڵیان وەکو هونەرمەندی کۆچ کردوو یوسف محەمەد و گوبانچی، بۆیە دەتوانین بڵێین شارەزایەکی زۆری هەبوو لە مەقاماتی گشت عیراق بە گشتی و شارەزایەکی زۆری هەبوو لە مقاماتی ناوچەی گەرمیان و کەرکوک."

سیروان عومەر راشیگەیاند: "بە کۆچی دوایی مامۆستا میقداد کەلێنێکی گەورە دەکەوێتە ناو هونەری کوردی بەتایبەتی هونەری مەقامبێژی، خۆش بەختانە مامۆستا مقداد کۆمەڵە کەسانێکی پێگەیاندووە لە دوای خۆی بۆ درێژدان بە هونەری مەقامبێژی.''

لە کۆتایدا سیروان عومەر وتی: "پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی هەموو میللەتی کورد و هونەرمەندان و بنەماڵەکەی دەکەین."

چالاک سدیق هونەرمەندێکی دیکەی شارەی کەرکوکە و دەربارەی کۆچی مامۆستا میقداد محەمەد ڕایگەیاند: "مامۆستا میقداد یەکێک بوو لە شارەزا گەورەکانی بواری مەقامبێژی چ لە رووی تیۆری مەقامی و شیکردنەوەی وەکو مەقامناس و مەقام خوێن ئەستێرەیەکی هونەری کوردی و هونەری عێراقی بوو، لەدەستدانی مامۆستا میقداد کەلێنێکی گەورەی کردە نێو هونەری کوردی بەتایبەتی لەشاری کەرکوک، دەتوانین بڵێین لەم سەردەمە مامۆستا میقداد یەکیک بوو لە کەڵە هونەرمەندەکانی بواری مەقامات."

چالاک سدیق وتیشی: "مامۆستا میقداد محەمەد لە تەکییەی تاڵەبانی شاری کەرکوک توانیبووی بەرگێکی هونەری جوان بکاتە بەر لایەنی ئاینی، یەکێک لەبەرهەمەکانی بەناوی ناچمە سەرایە لە لایەن هونەرمەندی شاری کەرکوک حەمە رئوف کەرکوکی زیندوو کرایەوە و چەندین بەرهەمی دیکە مامۆستا میقداد هەیە، کە بووەتە گەنجینەیەک بۆ ئێمەی هونەرمەندان."

سامان عەزیز هونەرمەندێکی دیکەی شاری کەرکوکە کە ئامێری سەنتور دەژەنێت و وتی: "مامۆستا میقداد کەسێکی نیمچە ئەکادیمی بوو لەرووی شیکردنەوەوی مەقامات و خوێندن و وتنەوەی مەقام، مامۆستا میقداد لە سەرەتاوە لە تەکیەی تاڵەبانی شاری کەرکوک دەستی بە مەقامبێژی کردووە، کە ئەم تەکیەیە هونەرمەندانێکی زۆری پێگەیاندووە کە زۆربەیان ئیستا مامۆستان."

سامان عەزیز وتیشی: "بەداخەوە بۆ لەدەستدانی مامۆستا میقداد، دروستبوونەوەی کەسێکی وەکو ئەو بە ئاسانی دروست ناکرێ و کاتێکی زۆری دەوێت، خۆشبەختانە لەداوی خۆی کۆمەڵی مەقامبێژی بەتوانای جێهشتووە و پەروپەروەردەیانی کردووە تا جێگای بگرنەوە.''

ناوبراو ئەوەشی وت: "پاش ئەوەی چووە بۆ شاری بەغداد رۆڵێکی باڵای هەبووە لە (ماڵی مەقامی عێراق) لە بەغداد و لەگەڵ گوبانچی و یوسف عومەر، بەداخەوە ئێستا کەلێنێکی گەورە کەوتە ناو هونەری کوردییەوە بەتایبەتی لە شاری کەرکوک، چونکە هونەرمەندێکی دیکەی وەکو ئەو دروست نابن، من وەکو هونەرمەدندێکی شاری کەرکوک زۆر بەداخم بۆ لەدەستدانی مامۆستایەکی گەورە وەکو مامۆستا میقداد محەمەد."

لە کۆتایدا سامان عەزیز وتی: "شاری کەرکوک کانگای هونەری کوردیی ڕەسەنە و لێرەوە هونەری ڕەسەن و هونەرمەندی زۆر بەتوانای تێادا هەڵکەوتووە، ئێمەش هەوڵدەدەین ئەم هونەرە ڕەسەنە بپارێزین، کەرکوک خاوەنی چەندین کەڵە هونەرمەندە وەکو مامۆستا عەلی مەردان، سەڵاح داودە و حوسێن عەلی ، مامۆستا میقداد محەمەد، شوکر خەیات و عومەر درێژ و چەندین هونەرمەندی دیکە."

ژ.ت