هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال لە سلێمانی ئیدانە کرا

لە شاری سلێمانی کۆمەڵکوژییەکەی شەنگال ئیدانە کراو. لە گردبوونەوەیەکدا داوای هەڵوێستیان لە حکومەتی عێراق کرا. هەروەها بانگەوازی ئەوەش کرا کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، پێویستە لایەنە کوردییەکان یەک بگرن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاریی چالاکییەکانی شاری سلێمانی و بە ئامادەبووانی هاوڵاتیانی شەنگال، ئەندامانی پادێ، کەمپەینی "ژن ژیانە مەیکوژە" و توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی بەمەبەستی ئیدانەکردنی کۆمەڵکوژییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شەنگال، گردبوونەوەیەک ساز کرا.

لە گردبوونەوەکەدا دروشمەکانی، "دەبێت تەواوی کوردی باوەڕ ئێزدی قەرەبوو بکرێنەوە"،"هەڵوێست لە دژی کۆمەڵکوژیی شەنگال هەڵوێستە لە دژی داعش و تورکیا" و "نابۆ کۆمەڵکوژیی ژنان و بژی بەرخۆدانی ژنان ئێزدێ"، وترانەوە و وێنەی شەهیدەکانی کۆمەڵکوژییەکە بەرزکرانەوە.

هەروەها لە گردبوونەوەکەدا لوقمان حەسەن ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار ڕاگەیەندراوی کۆمیتەکەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی، هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر شەنگال، دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی عێراق، هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە بە فەرمی بەشێکن لە هێزەکانی پاراستنی عێراق و پێویستە عێراق بێدەنگ نەبێت، حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە بەرامبەر کوردانی باوەڕ ئێزدی.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: پێویستە لایەنە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەمان و بۆ یەکێتی نەتەوەییدا بێنە لای یەک، چونکە ناوچەکە ئیدی بە سیاسەتی کۆن ناتوانێت ژیان بکات، مەترسیی لەسەر هەموومان هەیە و دەکرێت خۆمان لەو مەترسیانە بپارێزین.

دواتریش کەمپەینی ژن ژیانە مەیکوژە و لەدژی داگیرکاریی بێدەنگی بشکێنە، هەر سەبارەت بەو بابەتە وتاری پێشکەش کرد و پاشان بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێت" کۆتایی بە گردبوونەوەکە هات.

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک'دا، زەردەشت شەنگالی فەرماندەی گشتی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە' و سێ شەڕڤانی دیکە شەهیدبوون.

ز.ش