هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: بەرپرسیاری هێرشەکەی قامشلۆ رژێمی سوریایە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بارەی هێرشەکەی ئەم ئێوارەیەی هێزەکانی رژێمی سوریا کە ٣ ئۆتۆمبیلی ئاسایش و شارەوانی و فەرمانگەی تەندروستیان لە قامشلۆ کردە ئامانج، راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.

هێزەکانی ئاسایشی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایانگەیاند، بەرپرسیاری ئەو هێرشە کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی ئاسایش و برینداربوونی کارمەندێکی دیکەی ئاسایش، رژێمی سوریایە.

ئەم ئێوارەیە هیزەکانی سەر بە رژێمی سوریا لە قامشلۆ ٣ ئۆتۆمبیلی ئاسایش و شارەوانی و فەرمانگەی تەندروستیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا جوان ساڵح کارمەندی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو، هاوکات کارمەندێکی دیکەی ئاسایشیش بریندار بوو.

لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا هاتووە:"رژێمی سوریا ئەمڕۆ لە قامشلۆ ٣ ئۆتۆمبیلی سەر بە هێزەکانمان و کارمەندانی شارەوانی و کارمەندانی تەندروستیان کردە ئامانج. لە ناو ئۆتۆمبیلی هێزەکانماندا کارمەندێکمان شەهید بوو، کارمەندێکیشمان بریندار بوو.

ئێمە وەکو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هێزەکانی ئاسایش، خانەوادەی شەهیدان و گشت گەلەکەمان دەکەین و ئەم هێرشەی ئەندامانی رژێم شەرمەزار دەکەین. هاوکات جەخت دەکەینەوە کە ئەو هێرشانەی کە گەل و هێزەکانمان بە ئامانج دەگرن، ناگەن بە ئامانجیان و ناشتوانن ئیرادەمان بشکێنن. بەرپرسیاری ئەم هێرشە رژێمی سوریایە."

ز.ش