هەپەگە: لە جۆلەمێرگ ۳ سەرباز و ۲ بەکرێگیراو تورکیا کوژران

هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ڕایگەیاند: "لە جۆلەمێرگ لە زنجیرە چالاکییەکی گەریلاکانیاندا ۳ سەرباز و ۲ بەکرێگیراو تورکیا کوژراون".

لەو بارەوە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە-HPG) ڕاگەیەندراوێکی لەشکری داوە و تێیدا ئاشکرای کردووە: "لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان لە زنجیرە چالاکییەکی گەریلاکانی هەپەگە و ژنە گەریلاکانی یەکینەکانی ژنی ئازاد (یەژەئاستار-YJA STAR)دا گوررزی قورس لە هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا دراوەتەوە و هێندەی زانراوە لە ئاکامیاندا ۳ سەرباز و ۲ بەکرێگیراو تورکیا کوژران".

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە بەم شێوەیە: 

"لە هەرێمەکانی پارستنی مەدیا و لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی شەهیدان باگەر و ڕووناهی دا، گەریلاکانمان لە دژی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر زنجیرە چالاکییان ئەنجام داوەتەوە و گورزی قورسیان لەو سوپایە داوەتەوە".

لە چەلێ ۳ سەربازی داگیرکەر کوژران

"لە کاتژمێر ۰٤:۰۳۰ی بەرەبەیانی ڕێککەوتی ۱٤ی حوزەیراندا، لە گردی دەڤێ ماسی سەر بەناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ، بارەگا و ئامێر و تفاقی سەربازی سوپای تورکیا بوونەتە ئامانجی چالاکیی گەریلا و خاپوور کران. دوای چالاکییەکە سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا لە هەمان شوێن ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە و بەو ئامانجەی بگاتە گردەکە و بەهانای سەربازەکانی ئەوێوە بچێت. بەڵام لە لایەن گەریلاوە بە قورسی لە ئۆپەرسیۆنکاران دراوە و لە ئاکامیدا هێندەی زانراوە ۳ سەربازی دوژمن کوژراون و ۲ سەربازی دیکەش بریندار بوون. دوابەدوای ئەوەش دوژمن بێسەروبەرانە بە هاوەن و ئوبوس تۆپبارانی ناوچەکەی کردووە. سەرەنجام گەریلاکانمان بە سەلامەتی لە ناوچەکە دوور کەوتوونەتەوە و گەڕڕاونەتەوە بارەگاکانی خۆیان".

لە چالاکی ژنە گەریلاکاندا ۲ کۆنترا (بەکرێگیراو) کوژراون

"لە ڕێککەوتی ۹ی حوزەیراندا، لە دژی کاروانێکی چەکدارانی کۆنترا (بەکرێگیراو) کە لە گردی پاراستنەوە بەرەو سەربازگەی وارگەنمی ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ دەچوو، ژنە گەریلاکانی یەکینەکانی ژنی ئازاد (یەژەئاستار-YJA STAR) چالاکییان ئەنجامداوە و لە ئاکامیدا ۲ کۆنترا کوژراون. کەچی سوپای تورکیا بانگەشەی کردووە لەو چالاکییەدا ۲ هاوڵاتی سڤیل کە پیشەیان کرێکاری بووە لە سەربازگەیەدا کوژراون. بەڵام ئەو بانگەشەیە دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە پێشتر چەندین جار ئەو دوو چەکدارە بەکرێگیراوە لە لایەن هێزەکانمانەوە وریا کرابوونەوە تا دەستبەرداری کۆنتراگەریی ببن، بەڵام ئەوان وریایەکەی ئێمەیان بەهەند وەرنەگرت و چالاکانە بەردەوام بوون لە دژایەتیکردنی گەلی کورد و تەڤگەرەکەی و بۆیە دەرەنجام بە سزا گەیەندران. دەبێت گەلەکەشمان وریا بێت و فریوی ئەو جۆرە هەواڵە چەواشەکارانەی دوژمن نەخۆن".

لە لجە ۲ گەریلا شەهید بوون

لە کاتژمێر ۲۳:۰۰ی ڕێککەوتی ۷ی حوزەیران، لە گوندی لیجۆکی سەر بە ناوچەی لجەی پارێزگای ئامەد، سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا بە پشتیوانی فڕۆکەی پشکنین و یەکینەی نهێنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەست پێکردبوو. لە کاتژمێر  ۰۱:۲٥ خولەکی بەرەبەیانیشدا دوژمن بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی ناوچەکەی کرد و لە ئەنجامی ئەوەشدا ۲ هاوڕێی گەریلامان شەهید بوون، کە دواتر ناسنامەکایان بۆ ڕایگشتی بڵاو دەکەینەوە.

فڕۆکە جەنگییەکانی قەندیلیان بۆردومان کرد

"لە کاتژمێر ۲۰:۰۰ تا ۲۳:۰۰ی شەوی ۱٥ی حوزەیران، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکیا گوندی ئەنزێی سەر بە هەرێمی قەندیل-یان بۆردومان کردووەتەوە. بۆردمانەکە زیانی گیانی و ماددی بۆ هێزەکانمان نەبووە، بەڵام زیانی زۆری ماددی بە ڕەز و باغی هاوڵاتیانی مەدەنی گوندەکە گەیاندووە".

 

هـ.هـ