هەپەگە: لە گەڤەر ٧ داگیرکەر سزا دران

گەریلاکانی هەپەگە و یەژا-ستار لە گەڤەر لە دژی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورک کە ئۆپڕاسیۆنێکیان دەست پێکردبوو، چالاکیان ئەنجامدا. لە ئەنجامدا ٧ سەرباز سزا دران کە یەکێکیان ئەفسەرێکی پلە بەرزە. هاوکات لە شەمزینانیش ٣ بارەگای سەربازی لەناو بران.

ناوەندی راگەیاند و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە بارەی چالاکیی گەریلاکان و هێرشی داگیرکەران راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:

گەڤەر

"بەرەبەیانی ١٣ی ئەیلول سوپای داگیرکەری تورک لە دەوروبەری شارۆچکەی باژێرگانی سەر بە ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ لە دەوروبەری گوندەکانی کالێ، نەبار، خوراکانی خواروو و خوراکانی سەروو دەستی بە ئۆپڕاسیۆنێکی بەرفراوان کرد. لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکەدا لە نێوان هێزەکانی ئێمە و داگیرکەراندا شەڕ و پێکدادانێکی قوڕس روویدا. هێزەکانمان بە توندی وڵامی داگیرکەرانیان دایەوە کە دەیانویست لە ناوچەکە پێشڕەوی بکەن و لە دژی یەکەکانی ئۆپڕاسیۆنەکە چالاکیەکی بەهێزیان ئەنجامدا. لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ٧ سەربازی سوپای داگیرکەران سزا دران کە یەکێکیان ئەفسەرێکی پلە بەرزی سەربازی بوو، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی داگیرکەرانیش بریندار بوون.

دوو لە هاوڕێکانمان بە ناوەکانی وەڵات و نیدال کە لە کاتی ئۆپڕاسیۆنەکەدا گورزی کوشتندەیان لە داگیرکەراندا، تا دوا گولەیان بە قارەمانانە شەڕیان کرد و دواجار شەهید بوون. زانیارییەکان لە بارەی ناسنامەی ئەو هەڤاڵە شەهیدەمان دواتر بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین.

شەمزینان

هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری شەهید باگەر و شەهید رۆنیادا، لە بەرواری ١٢ی ئەیلول کاتژمێر ٠٥:١٠ خولەکدا لە ناحیەی روبارۆکی سەر بە قەزای شەمزینانی جۆلەمێرگ لە دژی سوپای داگیرکەر تورک، چالاکیەکیان ئەنجامدا. لە دوو قۆڵەوە هێرش کرایە سەر سەنگەر و بارەگاکانی دوژمن. لە ئەنجامی ئەو چالاکیەدا ٣ بارەگای سەربازی دوژمن لەناو بران، ژمارەی سەربازە سزا دراوەکان و بریندارەکانیان پشتڕاست نەکرایەوە. سوپای داگیرکەری تورک دوای چالاکیەکە، بە تۆپ و هاوەن ناوچەکەیان تۆپباران کرد.

قلابان

لە بەرواری ٩ی ئەیلولدا سوپای داگیرکەری تورک لە گۆڕەپانی قەڵای مەمێ لە ناوچەی قلابانی شاری شرنەخ لە دەوروبەری ناوچەکانی دەربەندی قاچێ، چەمی خەچکێ، گوندی شیران، گوندی مەهرێ و گوندی هۆزێ دەستیان بە ئۆپڕاسیۆنێکی بەرفراوان کرد. ئۆپڕاسیۆنەکەی سوپای داگیرکەری تورک تا بەرواری ١٢ی ئەیلول بەردەوام بوو، بەڵام بێئەنجام کۆتایی پێهاتن.

هێرشە ئاسمانیەکان

زانیاریەکان لە بارەی هێرشە ئاسمانیەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەم شێوەیەیە:

لە بەرواری ١٢ی ئەیلول کاتژمێر ١٠:٠٠ فڕۆکە جەنگیەکان ناوچەی بەنێی سەر بە هەرێمی ئاڤاشینیان بوردومان کرد.

لە بەرواری ١٤ی ئەیلولیشدا لە کاتژمێر ١٥:٢٠ خولەک فڕۆکە جەنگیەکان ناوچەی چەمجوی سەر بە هەرێمی زاپیان بوردومان کرد. ئەو ئاگرەی بە هۆی بوردومانەکەوە لە ناوچەکە کەوتووەتەوە، تا ئێستاش بەردەوامە.

بە هۆی بوردومانەکانەوە هێزەکانمان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوت."

ز.ش