پارت ولایەنە کوردییەکانی کەرکووک ڕێککەوتن بەیەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن

لایەنە کوردییەکانی پارێزگای کەرکووک بێجگە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بە یەک لیست و بەناوی (کەرکووکی کوردستانی ) بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی بەرپرسانی یەکەمی حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک، بێجگە لە جوڵانەوەی نەوەێ، لە بارەگای حزبی شیوعی کوردستان لە شاری کەرکوک بەرێوە چوو. لە کۆبوونەوەکەدا پارتە کوردییەکانی کەرکووک لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە بەیەک لیست و بەناوی لیستی (کەرکووکی کوردستانی) بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن  و پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەو خاڵانەی خرانەڕوو، کە حزبەکان لەسەری ڕێککەوتوون.

ئەوخالانە بریتین لە:

١- سەرجەمی حزبە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە بریاریاندا، کە لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەیەک لیستی هاوبەش بەشداریی بکەن، بەناوی لیستی کەرکوکی کوردستانی.

٢- داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەین لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و کاندیدی لیستی برایەتی وەک پارێزگاری کەرکوک ناوزەد بکات.

٣- بەرەدومایی بە کۆبوونەوەکان دەدەین لەگەڵ یۆنامی، بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک.

٤- داوا لە هاونیشتیمانیانی کەرکوک دەکەین بەتایبەت کوردستانییان، کە سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەتریی بکەن و کارتی دەنگدان دەربکەن.

٥- داوا لە سەرکردایەتیی حزبە کوردستانییەکان دەکەین، کە کۆبوونەوەی لوتکە ئەنجام بدەن، بۆ پاڵپشتیی ئەم بڕیارە گرنگەی ئێمە.

٦- جارێکی تر جەختکرایەوە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

٧-لەسەروو هەموو ئەو خاڵانەوە حزبە کوردستانییەکان جەخت لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی سەرجەم پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکوک دەکەینەوە.

ک-ش